ئیمانوێل ماکرۆن لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی قسە دەکات؛ باسی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت، ئیمانوێل ماکرۆن لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی و نێچیرڤان بارزانی قسەی کردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، پشتگیری لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەکەن بۆئەوەی وڵاتەکەیان پەلکێشی ئەو شەڕە نەکرێت کە ناوچەکەی گرتووەتەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 02-03-2026 ژان نۆیل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە پاریس لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست قسەی کرد و گوتی، "ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆمار لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستان قسەی کردووە. خۆیشم دوو جار لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەم قسەم کردووە."
 
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتیشی، حکومەتی وڵاتەکەی نایەوێت عێراق بچێتە نێو ئەو جەنگەی لە ناوچەکەدا هەڵگیرساوە و لەو بارەیەوە رایگەیاند، "پشتگیریی خۆمان بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق لە هەوڵەکانیان بۆ رێگریکردن لە راکێشانی عێراق بۆ لایەک یان لایەکی دیکەی ئەم ئاڵۆزییە دەربڕی."
 
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کرد، پاریس دەیەوێ سەقامگیریی عێراق پارێزراو بێت، "مەبەستمانە بەردەوام بین لە پێشکێشکردنی هەموو پشتگیری و هاوسۆزییەکی پێویست بۆ عێراق بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەرییەکەی."
 
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، دوو رۆژە جەنگ لەنێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران هەڵگیرساوە، چەند جارێکیش بارەگای چەند گرووپێکی چەکداریی عێراق بۆردوومان کراون و ئەو ترسە هەیە عێراق پەلکێشی نێو شەڕەکە بکرێت.
 
دەقی قسەکانی ژان نۆیل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا:
 
سەرۆککۆمار لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستان قسەی کردووە. خۆیشم دوو جار لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەم قسەم کردووە. پشتگیریی خۆمان بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق لە هەوڵەکانیاندا دەربڕی بۆ رێگریکردن لە راکێشانی عێراق بۆ لایەک یان لایەکی دیکەی ئەم ئاڵۆزییە. مەبەستمانە بەردەوام بین لە پێشکێشکردنی هەموو پشتگیری و هاوسۆزییەکی پێویست بۆ عێراق بۆ پاراستنی سەقامگیری و سەروەرییەکەی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە