تەرمی ئافرەتێک لە زێی گەورە دۆزرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
تەرمی ئافرەتێک لە زێی گەورە لە قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر دۆزرایەوە. بەرگری شارستانی هەولێر دەڵێ، گومان دەکرێ کوژرابێت.
رۆژی پێنجشەممە 2ـی نیسانی 2026، بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر رایگەیاند، تەرمەکە دەرهێندراوە و رەوانەی دادپزیشکیی کراوە.
موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە رووداوی گوت: "گومان دەکرێ رووداوەکە تاوانکاری بووبێ، بۆیە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت".
گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر گوتیشی، تەرمەکە نوێیە و "پێدەچێ ئەمڕۆ یان دوێنێ خنکابێت".
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، ناسنامەی ئافرەتەکە ئاشکرا نەبووە و تەرمەکەی لە دادپزیشکییە.