رووداو دیجیتاڵ
لێپرسراوی ئامێرەکان و کارگەی قیری شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، 500 هەزار مەتر دووجا شەقام لەنێو شارەکەدا پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە و پلان هەیە لە 20ـی ئەم مانگەوە دەست بە نۆژەنکردنەوەیان بکرێت.
توانا بەهادین، لێپرسراوی ئامێرەکان و کارگەی قیری شارەوانیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، دوای ماوەیەکی زۆر لە رووپێوکردن و دیاریکردنی ئەو شوێنانەی زیانیان بەرکەوتووە، وەک قۆناخی یەکەم 500 هەزار مەتر دووجایان بۆ نۆژەنکردنەوە دیاریکردووە و گوتیشی: "ئەگەر گرفتی بودجەمان نەبێت، ئەم ساڵ هەموو ئەو رووبەرەی دیاریکراوە تەواو دەکەین."
سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان، لێپرسراوەکەی شارەوانی روونیکردەوە کە بەهۆی باران و ناجێگیریی کەشوهەواوە تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە دەستبەکار بن، بەڵام گوتی: "پلانمان هەیە لە 20ـی ئەم مانگەوە دەست بەکارەکان بکەین."
توانا بەهادین باسی لەوەش کرد، لە سێ مانگی رابردوودا سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی کارگەی قیرەکەیان بوون و ئێستا کارگەکە بە تەواوی بۆ کارکردن ئامادەیە. راشیگەیاند: "ئێستاش لە کار نەوەستاوین، ئەو شوێنانەی زۆر پێویست بن و چاڵیان تێدا بێت، بە شێوەیەکی کاتی بە 'قیری سارد' چاکیان دەکەینەوە تاوەکو کاتی نۆژەنکردنەوەی بنەڕەتی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ