رووداو- کەرکووک
لەپاش ساڵی 1970 كۆمەڵەی ماركسیزم لینینزمی كوردستان لەناو شاری كەركووك بە نهێنی دەستیان بە رێكخستن كرد ناویان لێنا(رێكخراوی رێكخستنەكانی كۆمەڵە) كاروچالاكیەكانیان بەنهێنی بەردەوام بوو تاوەكو پاش دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان بەدوو ساڵ ناوی ئەو رێكخستنە گۆڕدرا بە كۆمیتەی ئاگر.
عومەر قادر یەكیك بوو لە كەسە دیارەكانی ئەو كۆمیتەیە ئەو باس لەوە دەكات، زۆربەی كۆبونەوەكانیان لە ماڵان ئەنجام دەدا بەڵام هەندێ جار ناچار بوون كە كۆبونەوە بە پەلەكانیان ببەنە باخچە و چایخانە و هەندێ جاریش قەبرسانەكان .
بۆ زیاتر فراوانبوونی كارو چالاكیەكانیان ئەوكات یەكێتی لە كەركووك رێكخستنی شار و شاخی تێكەڵكرد و بیر لە دروستكردنی شانەیەكی چەكداری كرایەوە .
ئەحمەد كرێكار بەوتەی خۆی بۆ ماوەی 4 ساڵ بەرپرسی ئاگر بووە، لەگەڵ چەند كەسێكی دیكە دەستنیشان كران بۆ دروستكردنی ئەو شانە چەكداریانە، پاش دروستكردنی ئەو شانانەش چەند گورزێكی كوشندە لە حكومەتی ئەو كاتەی بەعس درا، كۆمیتەی ئاگر بەجۆرێك ترسی خستبوە دڵی رژێمی بەعس.
ئەو دەڵێت"هاتومەتە ماڵی كەسێكی دیكە لە ئەندامانی ئەوكاتەی كۆمیتەی ئاگر ئەم پیاوە بەدەر لەوەی ئەندامی كۆمیتەی ئاگر بووە گرێدانی پەیوەندیەكانی سلێمانی و كەركوكیش لە ئەستۆی ئەمدا بوە و ئەركی ڕێكخستنەوەی كۆمەڵەی خوێندكارانیشی پێ سپێردرا بوو".
بەعس هەموو هەوڵێكی خۆی چڕ كردبوو تاوەكو شانە نهێنیەكانی ئەو كۆمیتەیە ئاشكرا بكات، سەرباری تۆكمەیی رێكخستنەكانی یەكێتی بە تایبەتی كۆمیتەی ئاگر لە كەركووك، بەڵام حكومەتی بەعس توانی شانەی نهێنی خۆی لەنێو كۆمیتەی ئاگر دروستبكات، ئەوەش بوە هۆكاری ئاشكرا بوونی چەند شانەیەكی ئەو كۆمیتەیە.
پاش ئاشكرا بوونی ئەو شانانەش حكومەتی بەعس نزیكەی 55 كەسی لە ئەندام و لایەنگرانی کۆمیتەکە دەستگیر كرد و فەرمانی لە سێداردانی بۆ 10 كەسیان دەركرد و لە موسڵ لەسێدارەدران، 15 ی دیكەیشیان بێسەر و شوێن كران هەندێكیشیان بە كەفالەت و ئەوانی دیكەشیان بە پارە ئازاد كران.
حكومەتی بەعس تەنیا بەوەوە نەوەستا بەڵكو هەستا بە دەستگیر كردنی ئەو كەسانەش كوڕِەكانیان ئەندامی كۆمیتەی ئاگر بووە .
ژنێکی بە تەمەن کە کەسایەتیەکی دیاری شۆڕشی ئەکێتی بووە باس لەوە دەکات کە حكومەتی بەعس ئازارێكی زۆری داوە تاوەكو ئەو نهێنیانە كە هەیبوە ئاشكرای بكات، چونكە بە وتەی خۆی، ئەوەندە نهێنی لابوە ئەگەر ئاشكرای بكردایە ئەوە یەكێتی نیشتیمانی لەو كاتەدا توشی شكستی گەورە دەبوو، بەڵام سەرباری ئەو ئەشكەنجە زۆرەی كە دراوە ئامادە نەبووە هیچ نهێنیەك ئاشكرا بكات.
سانیە نەجم كەسایەتی دیاری شۆرشی یەكێتی دەڵێت" هەندێ بەنزینیان هێنا كردیان بە پرچما چەرخێك بەدەستیانەوە بوو دایان لەسەرم هەرچی قژ هەبوو لەسەرم هەمووی هەڵوەری چاوم بەسترابوەوە شتێكی ڕەشیان هێنا كردیانە چاوم لەپشت سەرم توندیان كرد بەس زۆریان لێم دا زۆر زۆر زۆر، خەڵكم دەناسی ئەگەر بموتایە، ئەوە كەركوك ئاشبەتاڵی دەكرد".
لەپاش دەستگیر كردنی شانەیەكی گەروەی كۆمیتەی ئاگر لەمانگی 10ی ساڵی 1981 ئیتر شتێك نەما بەناوی كۆمیتەی ئاگرەوە بەڵام لە بەهاری هەمان ساڵدا تەشكیلەیەكی نوێ پێكهێنرا كە درێژە پێدەری رێكخستنی كۆمیتەی ئاگر بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ