نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوا لە کەرکووک: دەستبەرداری زەوییەکانمان نابین

02-06-2023
پەیمان محەممەد
کۆنفڕانسی رۆژنامەڤانیی نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوا.
کۆنفڕانسی رۆژنامەڤانیی نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ماوەیەکی زۆرە کار بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەند زەوییەکی گوندی تۆپزاوا دەکرێ، بۆ ئەوەی بکرێنە سەربازگە، جووتیاران دژی دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانیان لە خۆپێشاندان بەردەوامن. نوێنەری جووتیارانیش دەڵێت: ''ئێمە واز ناهێنین و دەستبەرداری مافەکانمان نابین؛ دەستوور و یاسا لەگەڵ ئێمەیە، بەڵام کەسی جێبەجێکار نییە.''
 
سوپای عێراق بەنیازە لە تۆپزاوای کەرکووک دەست بەسەر چەندین هەزار دۆنم زەویدا بگرێت بەبیانووی ئەوەی موڵکی وەزارەتی بەرگرییە، لەکاتێکدا سەرجەم زەوییەکان لە چوارچێوەی مادەی 140ـدان و نابێ حکومەت دەستیان بەسەردا بگرێت.
 
رۆژی هەینی، 02-06-2023، لە تۆپزاوا جووتیارانی کورد و تورکمان، جارێکی دیکە گردبوونەوە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
 
سەباح غەفوور، نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوا لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند، تەنیا لە تۆپزاوا نزیکەی 135 هەزار دۆنم زەوی، لە ساڵی 1975وە بە بڕیاری رژێمی بەعس داگیرکراون و ئێستاش دەیانەوێت کار بەو بڕیارە بکەن.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ماوەیەکی زۆرە کار بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو زەوییانەی تۆپزاوا دەکرێ، بۆ ئەوەی بکرێتە سەربازگە و بەشێکی دیکەشی خانووی لێ دروست بکرێت بۆ سەرباز و ئەفسەرانی سوپای عێراق. ئەمەش لەکاتێکدایە لەسەردەمی بەعسیشدا سەربازگە لەو ناوچەیەدا دروستکرا و ئێستاش پاشماوەکەی هەر ماوە.
 
نوێنەری جووتیاران داوا لە هەموو لایەنێک دەکات بۆ تێپەڕاندنی ئەو بابەتە هاوکاریان بن، بۆ ئەوەی رێگە بە داگیرکردنی زەوییەکانیان نەدرێت.
 
ئەو جووتیارە گوتیشی، لەبارەی مافی خاوەندارێتیی زەوییەکانیان، دەستوور و یاسایان لەگەڵە، ''بەڵام کەسی جێبەجێکار نییە، ئەوان بە کاخەزێکی کۆن زەوییەکان داگیر دەکەن، ئێمەش لە ژێر دیموکراسییەوە، بەو هەموو پەرلەمانتار، حکومەت و سەرکردەوە، لە پێش چاویان ئەمەمان پێ دەکرێت.''
 
جووتیارانی کورد و تورکمانی تۆپزاوا جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەستبەرداری مافەکانیان نابن و ئەگەر تاوەکو یەکشەممەی داهاتوو داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت و واز لە ''داگیرکردن''ی زەوییەکانیان نەهێنرێت، دووبارە گرددەبنەوە و رێگەکان دادەخەن و دەست بە خۆپێشاندان دەکەنەوە.
 
تۆپزاوا دەکەوێتە باشووری کەرکووک و دانیشتووانەکەی کوردن و خاوەنی رەسەنی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکەن. سوپای عێراق گوشاری بۆ هێناون و داوای لێکردوون نەک تەنیا واز لە زەوییەکانیان بهێنن، بەڵکو گوندەکەش چۆڵ بکەن.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وردی چاودێریی پرسی جووتیارانی کورد و تورکمانی سنووری کەرکووک دەکات و هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و ئیدارەی کەرکووک بە مەترسییەکی گەورەی تەعریب دەزانێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بانکی عێراقی بۆ بازرگانیی (TBI)

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ناو و زانیاریی 386 فەرمانبەری بۆ بانکی (TBI) نارد

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمیی کوردستان یەکەم لیست رەوانەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانیی (TBI) دەکات، تاوەکو هەژماری بانکییان بۆ بکرێتەوە؛ لیستەکە لە 368 فەرمانبەر پێکهاتووە