هاوڕەگەزخوازەکانی رۆژهەڵاتی كوردستان ناوێرن خۆیان ئاشكرا بكەن

02-09-2015
ئارینا مورادی
نیشانەکردن ئێران هاوڕەگەزخوازی
A+ A-

رووداو - هەولێر

مینا، سزای دارایی دەدرێت یان زیندانی دەكرێت ئەگەر بە تەنیا لەگەڵ پیاوێك ببینرێت كە هاوژین یان خزمی نەبێت، بەڵام ئەو حەز ناكات لەگەڵ پیاوێك بچێتە دەرەوە، بەڵكو لەگەڵ ژنێك، چونكە ئەو حەزی لە رەگەزی بەرامبەر نییە و حەزی لە رەگەزی خۆیەتی.

مینا ناوی خوازراوی كچە كوردێكی تەمەن 33 ساڵە كە لە گەڕەكێكی كۆنی شاری سەقز لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەژی. 

مینا هاوڕەگەزخوازە، بەڵام دەبێت ئەو حەزەی بە نهێنی بهێڵێتەوە، هەم لە ترسی پۆلیس و هەمیش لە ترسی دابونەریتی ناوچەكە كە لەوێ‌ هاوڕەگەزخوازی نەك قەدەغەكراوە، بەڵكو نەفرەتلێكراویشە.
مینا دەستی نووسینی شیعری هەیە و چەندین شیعری لەبارەی خۆشەویستی و سروشت و وڵاتەكەیەوە نووسیوە، بەڵام لە ترسی ئاشكرابوونی نهێنیەكەی لە خۆشەویستیی بۆ كچان، هەرگیز هەندێك لە شیعرەكانی پێشانی كەس نەداوە.

مینا لەڕێگەی سكایپەوە لە ماڵەكەی خۆیدا بە چرپەوە قسەی بۆ (رووداو) كرد و گوتی ''هەندێك لە هۆنراوەكانم كە دەربارەی خۆشەویستییە، لە سندوقێكدا شاردووەتەوە. خێزانەكەم هیچ شتێك دەربارەی بارودۆخی من نازانن و ناشبێت بیزانن، چونكە لە خێزانێكی زۆر ئاینیم".

مینا ئێستا لە جاران زیاتر بە وریاییەوە مامەڵە دەكات، چونكە چەند مانگێك لەمەوبەر خەریكبوو نهێنییەكەی ئاشكرا ببێت، ئەوكاتەی لە شوێنی وەرزشكردن كچێك دەناسێ كە حەزی لێدەكات.

"خەریك بوو دەكەوتمە خۆشەویستی لەگەڵ ئەو كچە. رۆژێك هەندێك چوكلێتم پێدا. بۆ هەفتەی دواتر گوڵێك. پاشان هەموو شتێك گۆڕا، هەموو كەسێك لە پشتەوە قسەیان لەسەر دەكردین. خەڵك بۆ نیشانەیەك دەگەڕان كە بیسەلمێنن هاوڕەگەزخوازم".

لە ئێران هاوڕەگەزخوازی نەك تەنیا لەلایەن كۆمەڵگاوە بەنەشیاو تەماشا دەكرێت، بەڵكو بەپێی یاساش قەدەغەیە.

ساڵی 2007 لە وەڵامی پرسیارێكدا لە زانكۆی كۆڵۆمبسی نیویۆرك، مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران، نكۆڵی كرد لەوەی دیاردەی هاوڕەگەزخوازی لە ئێراندا هەبێت. ئەحمەدی نەژاد گوتی ''ئێمە ئەم دیاردەیەمان نییە. نازانم كێ پێیگوتوون شتێكی لەو جۆرەمان هەیە!".

بەپێی یاساكانی ئێران، هاوڕەگەزخوازەکان یان ئەو كەسانەی رەگەزی خۆیان دەگۆڕن لە مافە سەرەتاییەكانی وەك ژیان و ئازادیی رادەربڕین بێبەش دەبن و رووبەڕووی ئەشكەنجە و تەنانەت لەسێدارەدانیش دەبنەوە.

بەگوتەی چالاكڤانانی مەدەنی و مافەكانی مرۆڤ، لەدوای شۆڕشی ئیسلامی لەساڵی 1979، نزیكەی 6 هەزار ئێرانی بەهۆی هاوڕەگەزخوازییەوە لەسێدارەدراون.

عەلی پەناهی كە دەروونناسێكی كوردە، دەڵێت بەراورد بە شارە گەورەكانی وەك تاران، ژیان لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ هاوڕەگەزخوازەكان زۆر قورسترە.

پەناهی كە خۆی كوردەو لەڕێگەی تەلەفۆنەوە لە شاری سنەوە قسەی بۆ (رووداو) كرد، گوتی "دروستكردنی گرووپی كۆمەڵایەتی بۆ كەمینە هاوڕەگەزخواز لە ئێران قورسە "لەكۆمەڵگەیەكی موحافیزكاری وەكو كوردستاندا، بەتایبەت لە شارە بچووكەكاندا زۆر زۆر قورسە بۆ ئەم كەسانە گرووپی كۆمەڵایەتی تایبەت بەخۆیان هەبێت".

بە گوتەی پیاوێكی هاوڕەگەزخواز كە بۆ (رووداو) قسەی كرد، هەرچەندە لە شارێكی گەورەی وەك تاران هێشتا مەترسی لەسەر هاوڕەگەزخوازكان هەیە، بەڵام ئەوان لەوێ گرووپی نهێنیی تایبەت بە خۆیان هەیە.

عەلی رەزا، تەمەن 24 ساڵ، كە لە تاران دەژی، گوتی ''لە تاران بەردەوام كۆبوونەوە و ئاهەنگ بۆ هاوڕەگەزخوازەکان هەیە. لەم ساڵانەی دواییدا تەنانەت لەو كافتریایانە كۆدەبینەوە كە هاوڕەگەزخوازەکان روویان تێدەكەن. خاوەنەكانیان دەزانن هاوڕەگەزخوازین، بەڵام تەنیا ئەوان دەزانن".

سروشت، تەمەن 22 ساڵ كە كوردێكی هاوڕەگەزخوازی شاری بۆكانە، گوتی لە قوتابخانە بوو كاتێك بۆی دەركەوت لە كوڕەكانی دیكە جیاوازە. 

 "وێنەی ئەو كوڕە نمایشكارانەم كۆدەكردەوە كە ریكلامیان بۆ جلی ژێرەوە دەكرد. جارێكیان یەكێك لە هاوڕێكانم یەكێك لەو وێنانەی بینی. زۆر هەستم بە شەرمەزاری كرد، بەڵام لەوكاتەدا نەمدەزانی ‌كە هاوڕەگەزخوازم.'' 
سروشت تەمەنی 18 ساڵ بوو كاتێك برا گەورەكەی بە نهێنییەكەی زانی. بۆ چارەسەركردنی كێشەكەی، لە تەمەنی 20 ساڵیدا بەزۆر ژنی بۆ دەهێنن.

 "كچێكیان بۆ دۆزیمەوەو بەزۆر لێیان مارەكردم. هێشتا هەست بە تاوان دەكەم بەهۆی ئەزموونەكانم لەگەڵی، چونكە كچێكی زۆر باش بوو، بەڵام نەمدەتوانی بەهیچ جۆرێك لێی نزیك ببمەوە. لەیەك جیابووینەوە، بەڵام كارەساتەكە لەوەدایە هەرگیز نەیزانی كە هاوڕەگەزخوازمم".

لەوكاتەوە، سروشت ئەوەندەی لە توانایدا بێت خۆی لە خەڵك بەدوور دەگرێت بە خێزانەكەی خۆشیەوە. ئەو گوتی ''هیچ جێگەیەكم لە كۆبوونەوە خێزانییەكاندا نییە. كاتێك دەچمە كۆبوونەوەكانیان. خۆم لێ بەدوور دەگرن، وەك ئەوەی نەخۆشییەكی كوشندەم هەبێت".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە