رووداو - وان
هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان رایدەگەیێنێت، شەوی 15ی تەمموز کە هەوڵی کودەتا درا لە تورکیا، هەلیکۆپتەرێک هەوڵیداوە لە ئیمرالی بنیشێتەوە و ئەو سەربازانەی لە هێلیکۆپتەرەکەدا بوون، ئەوانەن کە هەڵاتوون بۆ یۆنان، داواشیکرد هەرچی زووە رێگەبدرێت بە ئەنجامدانی دیدارێک لەگەڵ ئۆجەلاندا بۆ ئەوەی لە تەندروستی ئاگادارببنەوە.
لە گوتارێکدا لە مەراسیمێکی شارەوانی واندا لە باکووری کوردستان، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان HDP رۆژی هەینی 2-9-2016 رایگەیاند "شەوی 15ی تەمموز ئۆپەراسیۆنێک بۆ سەر دورگەی ئیمراڵی ئەنجامدراوە، بەڵام هیچ زانیارییەکیان لەبارە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەوە نییە".
دەمیرتاش گوتیشی "زانیاریمان بەدەست گەیشت شەوی 15ی تەموز هێلیکۆپتەرێک هەوڵیداوە لە ئیمراڵی بنیشێتەوە و پێکدادانی چەکداری روویداوە. ئەنجامی پێکدادانەکە نازانین، ئەو کودەتاچییانەی هەڵاتوون بۆ یۆنان ئەوانەن کە هەڵیانکوتاوەتە سەر ئیمراڵی."دوای شكستخواردنی هەوڵی كودەتاكە 8 سەربازی توركیا بە هەلیكۆپتەرێك بەرەو یۆنان هەڵاتن و تاوەكو ئێستاش لەوێن.
دەمیرتاش زیاتر گوتی "دەمانەوێت پارێزەرەکانی یاخود کەسوکاری چاویان بە ئۆجەلان بکەوێت بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی، نامانەوێت دانوستاندن بکەین تەنیا دەمانەوێت بارودۆخی تەندروستی بزانین، 515 رۆژە هیچ زانیارییەکمان لەبارەی ئۆجەلانەوە وەرنەگرتووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ