سەرۆککۆماری عێراق داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات "ئارامیی کەرکووک" بپارێزن

03-09-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە پەیامێکدا داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات، "ئارامیی کەرکووک" بپارێزن. 
 
دوای دروستبوونی گرژی لە خۆپێشاندانەکەی رۆژی شەممەی کەرکووک، کە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم سێ هاونیشتمانی، سەرۆککۆماری عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "بەو پەڕی نیگەرانییەوە چاودێریی پیشهاتەکانی دۆخی پارێزگەی کەرکووک دەکەین."
 
ئەمڕۆ گرژی لە نێوان خۆپێشاندەرانی کورد و بەشێک لە خۆپێشاندەرانی عەرەب و تورکمان لە شارە فرەنەتەوەییەکەدا دروستبوو، ئەوەش دوای ئەوەی کە هاونیشتمانیان ناڕەزایەتییان دژی داخستنی رێگەی سەرەکیی نێوان شارەکە و هەولێر دەربڕی. 
 
تەقە لە خۆپێشاندەرانی کورد کرا و لە ئەنجامدا سێ هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون، کە ئەوەش کاردانەوەی تووندی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستانی لێ کەوتەوە. 
 
سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، "لە کاتێکدا کە ئێمە هەمیشە جەخت لە پێداگریی بەهێزی خۆمان لەسەر بەرقەرابوونی ئاشتی لە تەواوی وڵات دەکەینەوە، لە هەمان کاتدا، داوا لە هەموو ئەو لایەنانەی کە پەیوەندییان بەم پێشهاتە خەمبارکەرانەوە هەیە دەکەین، خۆیان لە هەر هەڕەشەیەک یان بەکارهێنانی هێز بەدوور بگرن؛ هەروەها داوا لە هەموو لایەک دەکەین، بەرژەوەندیی گەل و سەقامگیریی وڵات بخەنە سەرووی هەر بەرژەوەندییەکی دیکە."
 
لەتیف رەشید جەخت لەسەر "گرنگیی پەنابردن بۆ گفتوگۆی بونیادنەرانە وەک ئامرازێکی پێویست بۆ ئارامکردنەوەی گرژییەکان "دەکاتەوە، لەپێناو "پاراستنی دەستکەوتەکانی خەڵکی عێراق بە هەموو چین و توێژەکانییەوە، هەروەها بۆ ئەوەی بوار بە تیرۆریستان نەدرێت پرسەکان تێکەڵ بکەن و سەقامگیریی تێکبدەن و خوێنی عێراقییەکان حەڵال بکەن."
 
سەرۆککۆماری عێراق دەشڵێت، "کەرکووک لە رابردوو و ئێستاش هێمای برایەتیی عێراقی و کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەکان بووە و رێگە بە شێواندنی ئەو وێنەیە نادەین".
 
سەرۆککۆماری عێراق داوا لە حکومەتی فیدراڵی و هێزە ئەمنییەکان دەکات کە "دەستوەردانی جیدی بکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی شارەکە، پاراستنی ئاسایش و سەروەریی یاسا بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی دادپەروەرانە."
 
رێگەی کەرکووک - هەولێر ماوەی هەفتەیەکە لە لایەن بەشێک لە عەرەب و تورکمانەکانەوە وەک ناڕازیبوونێک دژی دەنگۆی پێدانەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک داخراوە. 
 
دوای ئەوەی کە هێزە ئەمنیەکانی عیراق و حەشدی شەعبی لە تشرینی یەکەمی 2017 کەرکووکیان کۆنترۆڵکرد، پارتی بارەگەکانی لە شارەکە داخست. 
 
سێ بارەگەی پارتەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە کۆنترۆڵکران، لە نێویشیاندا بارەگەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کە دەکەوێتە سەر رێگەی هەولێر و کەرکووک. 
 
ئەم دواییانە، چەند دەنگۆیەک بڵاوبوونەوە گوایە سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بە هێزە ئەمنییەکان کردووە بارەگاکانی پارتی چۆڵ بکەن و رادەستیان بکەنەوە بۆ ئەوەی پارتەکە دەست بە چالاکییە سیاسییەکانی بکاتەوە. ئەوەش کاردانەوەی هاوپەیمانیی عەرەبی، بەشێک لە حەشدی شەعبی و تورکمانەکانی لێکەوتەوە، بەو هۆیەش، رێگاکەیان داخست.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئاهەنگەکە.

لە ئاهەنگی خانەوادەیەکی کوردی ئیستەنبووڵدا خشڵ و زێڕ جووڵەی لە بووک بڕی

حەیدەر قەرە کە بازرگانێکی وانی باکووری کوردستانە، لەگەڵ چاغڵا ئۆز، ڤڵۆگەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ژیانی هاوژینیی پێکهێنا، بڵاوبوونەوەی دیمەنی ساتی پێشکێشکردنی زێڕ بە بووک، بووە جێی سەرنجی خەڵک و میدیاکان، چونکە هێندە زێڕ بە دیاری لە مل و دەستی چاغڵا ئۆز ئاڵێندران، نەیدەتوانی بە ئاسانی جووڵە بکات.