کەشناسی: پلەی گەرما دادەبەزێت
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلە دادەبەزێت. کەشناسێکێش دەڵێت، لە 10ی ئەیلوولەوە دابەزینی پلەی گەرما دەستپێدەکات و ئیدی لەم وەرزەدا بەرز نابێتەوە.
ئەمڕۆ 2ی ئەیلوولی 2023 کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە نزمترین پلەی گەرما لە حاجی ئۆمەران تۆمارکراوە کە 19 پلەی سیلیزی بووە. لەبارەی پێشبینی بۆ کەشوهەوای سبەی یەکشەممە 3ی ئەیلوولیش رایگەیاند، سبەی پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلە بەراورد بە ئەمڕۆ نزم دەبێتەوە.
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سبەی و دوو سبەی کەشوهەوا بە جێگیری دەمێنێتەوە و رۆژانی دواتریشی بە پلەیەکی کەم گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا روودەدات."
ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاماژەی بەوەش کرد، لە 10ی ئەم مانگەوە پلەی گەرما بە قۆناخ دادەبەزێت و "جارێکی دیکە بەرەو بەرزبوونەوە ناڕواتەوە." گوتیشی، بەهۆی کورتبوونەوەی مەودای رۆژەوە پلەی گەرما شەوان زیاتر دادەبەزێت و لە رۆژانی داهاتوودا زیاتر لەم رۆژانەدا هەستی پێدەکرێت.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی بەرزترین پلەی گەرما لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
هەولێر: 40 پلەی سیلزی
سلێمانی: 38 پلەی سیلزی
دهۆک: 38 پلەی سیلزی
کەرکووک: 41 پلەی سیلزی
هەڵەبجە: 40 پلەی سیلزی
زاخۆ: 39 پلەی سیلزی
سۆران: 39 پلەی سیلزی
حاجی ئۆمەران: 28 پلەی سیلزی
گەرمیان: 44 پلەی سیلزی