حکومەتی هەرێمی کوردستان: سبەی پشووە و دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبێت

رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سبەی بەبۆنەی رۆژی نیشتمانیی عێراقەوە پشووی فەرمییە، بەڵام دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووز بەردەوام دەبێت.
 
رۆژی دووشەممە، 2ـی ئۆکتۆبەری 2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "سبەی سێشەممە پشووە، بەڵام وەزارەتی دارایی دەڵێت دەوامی ئەو بانکانە ئاسایی دەبن، کە مووچە دابەش دەکەن."
 
بەگوێرەی رۆژژمێری پشووەکان لە هەرێمی کوردستان، سبەی رۆژی نیشتمانیی عێراقە و لە عێراق و هەرێمی کوردستان پشووە.
 
دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووز بەردەوامە و بەگوێرەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، دابەشکردن تاوەکو 8ـی ئۆکتۆبەر بەردەوام دەبێت.
 
کۆمەڵەی گشتیی گەلان لە 03-10-1932 رەزامەندی دەربڕی کە عێراق ببێتە ئەندام لە کۆمەڵەکە، دوای ئەوەی لە 12-07-1932 لەلایەن نووری سەعید، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراقەوە داواکاریی بۆ ئەندامبوونی پێشکێش کردبوو. 
 
عێراق بووە ئەندامی کۆمەڵەی گەلان و سەربەخۆیی بەدەستهێنا، بۆیە ئەو رۆژە وەک جەژنی نیشتمانیی عێراق دیاریکراوە.
 
ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی سێشەممە، 26-09-2023، بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە بۆنەی "جەژنی نیشتمانیی کۆماریی عێراق"، بڕیاریدا رۆژی سێشەممە، 03-10-2023، لە سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکانی دەوڵەت پشووی فەرمی بێت.