ئێن ئاڕ تی: هێزێکی ئاسایش بەرنامەیەکی ریکۆردکراوی لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید راگرت

02-11-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کەناڵی ئێن ئاڕ تی بڵاویکردەوە، هێزێکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان گەیشتنە باڵەخانەی کەناڵەکەیان و بەرنامەیەکی ریکۆردکراویان لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ راگرت.
 
سەرچاوەیەک لە کەناڵی ئێن ئار تی بە رووداوی راگەیاند، سەرۆکی جووڵانەوەکە لە زیندان لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی لەگەڵ کەناڵی ئێن ئار تی تۆمار کرد بوو. بڕیاربوو کاژێر حەوتی ئێوارە پەخش بکرێت، بەڵام هێزێکی ئاسایش گەشتنە باڵەخانەی کەناڵەکە و رێگرییان لە پەخشکردنی کرد. 
 
ئەم سەرچاوەیە دەڵێت، هێشتا دیار نییە، کەی رێگەیان پێدەدەرێت پەخشی کەناڵەکەیان دەستپێبکەنەوە.
 
بەگوێرەی نووسراوێک، کە رووداو دەستیکەوتووە و واژۆی بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری لەسەرە و لە رۆژی 28ـی تشرینی یەکەمی 2025 ئاراستەی میدیاکانی کوردستان کراوە، ئاگاداریان دەکاتەوە خۆیان بەدوور بگرن لە گفتوگۆکردن و وەرگرتنی گوتە لە کەسانی بەندکراو.

 

 
هەر لەو بارەوە، جوڵانەوەی نەوەی نوێ راگەیێندراوێکی دەرکرد و رایگەیاند، "ترسنۆکانە و لەرزۆکانە رێگای پەخشکردنی بەرنامە و پەیامەکانی کاک شاسواریان نەدا کە سەرۆکی بە ناحەق زیندانییکراوی گەورەتریین هێزی ئۆپۆزسیۆنە".
 
هەروەها جوڵانەوەکە دەڵێت، "وەک جوڵانەوەی نەوەی نوێ و هاوڕێیانی کاک شاسوار دووپاتی دەکەینەوە، کە ئەم کارە ترسنۆکانە، هەزار هێندەیتر رووی ئەم دەسەڵاتە ناشیرین و لەرزۆک و دۆڕاوە بۆ خەڵکی ستەملێکراو دەردەخات، هەروەک چۆن ئێمەش وەک نەوەی نوێ هەزار هێندە سوورتر دەکات لەسەر رێگای حەق و بەرگرییکردن لە خەڵک".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە