قایمقامی ماوەت: بەهۆی بۆردوومانی چیای ئاسۆس کەسێک گیانی لەدەستدا

02-12-2022
هێمن بابان رەحیم
بۆردوومانی چیای ئاسۆس
بۆردوومانی چیای ئاسۆس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی قەزای ماوەت لە پارێزگای سلێمانی دەڵێت، نزیک گوندی گەڵاڵە و سەفرە لە چیای ئاسۆس بۆردوومانکرا و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا. تەندروستیی سلێمانیش دەڵێت، پێنج کەسی دیکە بریندارن.
 
رۆژی هەینی، 2-12-2022، کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت لە پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، بۆردوومانی ناوچەیەک لە نزیک گوندی گەڵاڵە لە چیای ئاسۆس کرا و لەو کاتەشدا ژمارەیەک کەس لەوێ بوون. هێشتا دیارنییە بۆردوومانەکە لەلایەن فڕۆکەی جەنگییەوە بووە یان درۆن."  
 
سامان لەتیف، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە بۆردوومانەکەدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و پێنج کەسی دیکەیش برینداربوون."
 
بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی سلێمانی دەشڵێت، "سێ لە بریندارەکان برینیان سووک بووە، دوای ئەوەی لە شوێنی بۆردوومانەکە دوورخراونەتەوە چارەسەرییان بۆ کراوە و پێویست نەبووە بنێردرێنە نەخۆشخانە، دوو بریندارەکەی دیکەیش یەکێکیان رەوانەی سلێمانی و ئەوەی دیکەیش رەوانەی قەڵادزێ کراوە."
 
کامەران حەسەن، قایمقامی ماوەت گوتیشی، راستە چیای ئاسۆس "بارەگای پەکەکە"ی لێیە، بەڵام بەگوتەی خۆی، ئەو شوێنەی کە بۆردوومان کراوە شوێنێکی سەلامەتە و خەڵکی سنوورەکە بە تایبەت لە پاییزان زۆرجار رووی تێدەکەن.
 
ئەمساڵ چەند جارێک ناوچەکانی ماوەت و شارباژێر بۆردوومانکراون؛ دوایینیان رۆژی دووشەممە، 26-9-2022، بوو کە ئەو رۆژە کامەران حەسەن، قایمقامی ماوەت بە رووداوی گوت، "فڕۆکەکانی تورکیا گوندی گەڵاڵەی سنوورەکەیان بۆردوومانکرد."
 
ئەو شوێنەی کە ئەمڕۆ بۆردوومان کراوە سەختە و ئۆتۆمبێل ناتوانێت بگاتە شوێنەکە. قایمقامی ماوەت دەڵێت، تەرمی هاونیشتمانییەکە و بریندارەکانیش هێندراونەتەخوارەوە و کەمێکی دیکە بەرەو ماوەت بەڕێدەکرێن. دەشڵێت، هێنانەخوارەوەی تەرمی هاونیشتمانییەکە و بریندارەکان نزیکەی سێ کاژێری پێچوو.
 
بەگوتەی قایمقامی ماوەت، "ئەو کەسانەی بەر بۆردوومانەکە کەوتوون خەڵکی گوندی قامیشن و ئەو هاونیشتمانییانە لەگەڵ مەڕدارەکان بوونە و هیچ چەکێکیان پێ نەبووە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە، خنکان و هەڵدێران لە هەرێمی کوردستان.

ئەم ساڵ 61 کەس بەهۆی ئاگر، خنکان و هەڵدێران گیانیان لەدەستداوە

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ زیاتر لە هەزار و 292 رووداوی ئاگرکەوتنەوە و خنکان و هەڵدێران روویانداوە، زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێر بووە، بەهۆی ئەو رووداوانە 61 کەس گیانیان لەدەستداوە.