جەبار یاوەر: دەبێت ئەم مانگە ئەرکی لیوا هاوبەشەکان دەستپێبکات

03-01-2022
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو هەولێر

بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان، بڕیاری جێگیرکردنی دوو لیوای هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان دراوە؛ ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، دەبوو پێش ئێستا ئەرکیان دەستی پێکردبا.
 
رۆژی دووشەممە 03-01-2022 جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیاربوو ئەو دوو لیوا هاوبەشەی بڕیاریان لەسەر دراوە لە مانگی 7ی ساڵی 2021دا بچنە ئەرکەوە، بەڵام زۆرجار بڕیارەکان لە کاتی خۆیاندا ناچنە واری جێبەجێکردنەوە".
 
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە باسی لەوەش کرد، بەگوێرەی گفتوگۆکانیان بێت، بڕیارە ئەم مانگە هەردوو لیواکە بچنە مەشقی هاوبەشی سوپای عێراقەوە، بەڵام "زۆرجار بڕیارەکان لە کاتی خۆیاندا ناچنە واری جێبەجێکردنەوە".
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکاندا 560 کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی هەیە؛ ئەو دوو لیوایە بۆ بەشێک لەو شوێنانە بڕیاریان لەسەر دراوە و هەر لیوایەکیان ژمارەیان نزیکەی سێ هەزار و 500 کەس دەبێت.
 
جەبار یاوەر ئاماژە بەوە دەکات، "لیوایەکیان لە پێشمەرگەیە کە ئامادەیە؛ لیواکەی دیکەشیان لە سوپای عێراقە؛ لەم ماوەیەدا لیواکەی پێشمەرگە لە بنکەکانی مەشقی وەزارەتی پێشمەرگە مەشقیان کردووە؛ لیوا عێراقییەکەش لە بنکەکانی عێراق مەشقی کردووە. ئەو دوو لیوایە تێکەڵ دەکرێن و دەچنە بنکەکانی حکومەتی عێراق و دواتر رێککەوتن دەکرێت لەسەر ئەو شوێنانەی تێیاندا جێگیر دەکرێن".
 
جگە لەو دوو لیوایەی بڕیارە لە بۆشاییە ئەمنییەکان جێگیر بکرێن، بە گوتەی تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، شەش ناوەندی هاوئاهەنگیی هاوبەش لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەن، لەنێویاندا ناوەندەکانی نەینەوا، مەخموور، کەرکووک و خانەقین.
 
هێرشەکانی داعش بۆسەر هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەگەڕێندرێتەوە بۆ هەبوونی بۆشاییە ئەمنییەکان؛ بەگوێرەی ئەو ئامارەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رۆژی 26-12-2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی داوە، لە سەرەتای ساڵی 2021ـەوە تاوەکو 31-11-2021، چەکدارانی داعش 229 هێرشیان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا 356 کەس گیانیان لەدەستداوە، 480 کەس برینداربوون و 33 کەس رفێندراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی ئەو پاسەی لە رێگەی کەلار - کفری وەرگەڕا و بەهۆیەوە چوار قوتابی گیانیان لەدەستدا

شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەی بە هۆکاری رووداوەکەی کەلار دادەنرێت، دەستگیرکرا

دوێنێ پاسێک لە نێوان کفری - کەلار وەرگەڕا و بەهۆیەوە چوار قوتابی کچ گیانیان لەدەستدا. گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان دەڵێت: شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلە دەستگیرکراوە کە "دەستی شکاندووەتەوە سەر پاسەکە."