پرۆژەیاسایەک دژی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەدرێتە کۆنگرێسی ئەمریکا

03-02-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
    
پێنج ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا پرۆژەیاسایەکیان داوەتە کۆنگرێس کە تێیدا هەموو "بژاردەیەک بەرامبەر بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران" بە کراوەیی دەهێڵنەوە. لەو پرۆژەیاسایەدا داوا لە حکومەت کراوە کە هۆشداری بە تاران بدات بەهیچ شێوەیەک زیان بە بەرژەوەندییەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەگەیێنێت. 
 
هەریەک لە لینزی گرام، سیناتۆری کۆمارییەکان، جۆن فیتەرمان، سیناتۆری دیموکراتەکان، کاتی برێت، سیناتۆری کۆمارییەکان، ماسکاوتس، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران- دیموکرات و مایک لاولێر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران- کۆماری رۆژی هەینی، 31ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ پرۆژەیاسایەکەیان پێشکێشی کۆنگرێس کرد. 
 
"هەموو بژاردەیەک" بەرامبەر ئێران بە کراوەیی بهێڵنەوە
 
لە پرۆژەیاسایەکەدا داوا لە هەریەک لە ئەمریکا، ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیان کراوە کە "هەموو بژاردەیەک" بە کراوەیی بهێڵنەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران.
 
لە راگەیێندراوێکدا گرام گوتی، ئامانجی لە پێشینەیان لەم پرۆژەیاسایە پێشاندانی "ویست و توانا ئەتۆمییەکانی ئێرانە". 
 
لەو پرۆژەیاسایەدا ئاماژە بەوە کراوە، پلانی ئێران بۆ زیادکردنی توانا ئەتۆمییەکانی "مەترسییەکی جیدییە" لەسەر ئەمریکا و مەترسیشە لەسەر مانەوەی ئیسرائیل، هاوپەیمان و هاوبەشەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. هەروەها، جەخت لەوەش کراوەتەوە، پێویستە هۆشداری بە تاران بدرێت کە لە "هەموو چالاکییەک" دوورکەوێتەوە کە مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دروست بکات. 
 
ئیدارەی ترەمپ و سیاسەتی بەرامبەر ئێران
 
رۆژی 20ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ترەمپ سوێندی یاسایی خوارد و بووە سەرۆکی ئەمریکا. ئەو بەردەوام لە گوتەکانیدا دژایەتیی خۆی بۆ ئێران دەبڕیوە و ئەو وڵاتەی بە مەترسی لەسەر وڵاتەکەی و ئیسرائیل داناوە. 
 
رۆژی 5ی تشرینی یەکەمی پار ترەمپ لەبارەی ئێران گوتی: "پێویستە ئیسرائیل بۆردوومانی ناوەندە ئەتۆمییەکانی بکات". 
 
برێت، سیناتۆری کۆمارییەکان لەبارەی پرۆژەیاسایەکەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، "ئاشتی بە بەکارهێنانی هێز بەدەست دێت، ئەمەش یەکانگیرە لەگەڵ ئەجێندای ترەمپ بۆ سیاسەتی دەرەوە". فیتەرمانیش دەڵێت، پرۆژەیاسایەکە پەیامێکی بەهێز دەنێرێت کە "هەموو بژاردەکان" بەرامبەر بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بە کراوەیی دێڵێتەوە. 
 
ئێران بابەتێکی دیاری گفتوگۆی نەتەنیاهوو و ترەمپ دەبێت 
 
رۆژی 4ی شوبات، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەچێتە ئەمریکا و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە. عومەر دۆستری، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، باسی ئاگربەستی غەززە و چاودێریکردنی ئێران دەکەن. 
 
دۆستری دەڵێت، نەتەنیاهوو و ترەمپ چاویان لەسەر ئێران دەبێت و "سەرۆکوەزیران پێیوایە ئەو سیاسەتە تووندەی ترەمپ لە ئیدارەی رابردوو پەیڕەویکرد (سەبارەت بە ئێران) پێویستە دووبارە ببێتەوە." 
 
دۆستری دەڵێت: "جەنگ یەکێکە لەو رێگەیانەی ئامانجەکانمانی پێ بەدەست دەهێنین. ئەگەر ئێران بەبێ هێرشی ئیسرائیل دەستبەرداری ویستی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بێت، ئەوە زۆر باشە، بەڵام پێشبینی ناکەین ئەمە رووبدات. تەنانەت ئەگەر ئێران ئەو قسەیەش بکات، پێویستە وریابین". 
 
سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، گوتەبێژەکەی نەتەنیاهوو گوتی: "ئەگەر رێککەوتن هەبێت، (ئیسرائیل) هەوڵدەدات رێککەوتن بکات. بەڵام لە کۆتاییدا، ئەوە سنووردارە کە تاوەکو چەند دەتوانین پشت بە دیپلۆماسی بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانمان ببەستین. دەرفەتێکیان دەدەینێ، بەڵام کات خێرا دەڕوات. ئەگەر پێویست بوو، وەڵاممان دەبێت. لەگەڵ یان بەبێ ویستی ئەمریکا". 
 
پێش سوێندخواردنی ترەمپ، دوو بەرپرسی رۆژئاوا ئێرانیان بە پلاندانان بۆ زیادکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم تۆمەتبارکرد. دۆستەریش دەڵێت: "بەردەوام چاومان لەسەر ئەم پرسەیە. ئەگەر پێویست بکات، دەزانین چۆن وەڵام بدەینەوە." 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە