هیوا ئەفەندی: بەغدا لیستی مووچەی مانگی یەکی پەسند کردووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئەحمەد حەمید
ئەحمەد حەمید
هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان
هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لیستی مووچەی مانگی یەک لەلایەن بەغداوە وردبینی بۆ کراوە و هیچ کێشەیەکی تێدا نەبووە، ئاشکراشی کرد، لەم مانگەدا داتای 320 هەزار خانەنشین خراوەتە نێو سیستەمی پەیڕۆڵی دیجیتاڵییەوە.
 
هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دووبەی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لیستی مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانەی بەغدا کراوە، وردبینی تێدا کراوە و پەسند کراوە و هیچ کێشەیەکی تێدا نەبووە، تەنیا ئەوە ماوە کە پارەکە بنێرن و هیچ بیانوییەکیان نەماوە."
 
سەبارەت بە پڕۆسەی بەدیجیتاڵکردنی مووچە، هیوا ئەفەندی رایگەیاند، ژمارەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی نەگۆڕاوە، بەڵام هەنگاوێکی گەورە لەم مانگەدا نراوە و 320 هەزار خانەنشین هاتنە نێو سیستمی پەیڕۆڵی مووچە، ئێستا سیستمی پەیڕۆڵ مووچەی ملیۆنێک کەس بەشێوەی ئۆتۆماتیکی و دیجیتاڵی ئامادە دەکات.
 
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە بڕینی 3%ـی مووچەی مانگەکانی 11 و 12 دەکەن، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری ئەو هەواڵەی رەتکردەوە و بە رووداوی گوت: "هەر مانگێک حیسابی خۆی هەیە، کاتێک بەغدا پارەی مانگەکانی 11 و 12ی نەناردووە، ناکرێت ئێستا پارە لە خەڵک ببڕین بۆ ئەوەی بیدەین بە ئەوان، ئەمە راست نییە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هیوا ئەفەندی باسی لە خزمەتگوزارییە نوێیەکانی (KRD Pass) کرد و رایگەیاند، لەم هەفتەیەدا کۆپیی دیجیتاڵیی مۆڵەتی شۆفێری و ساڵیانەی ئوتۆمبێل (سەنەوی) دەچێتە نێو ئەپڵیکەیشنەکە و وەک بەڵگەنامەی یاسایی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
 
سەبارەت بە پارەدانی ئەلیکترۆنی، هیوا ئەفەندی ئاشکرای کرد کە لە 10ـی مانگەوە سیستەمێک بەناوی ئیپسوولە - e-Psula) رادەگەیێنرێت، کە تێیدا هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی مۆبایلەکانیانەوە و بەبێ هیچ تێچوویەکی زیادە، پارەی کارەبا، سزاکانی هاتووچۆ و رسووماتەکان بدەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە