کۆمیسیۆن کارمەند بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان وەردەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق دەست بە وەرگرتنى داواکارى بۆ کارمەندی سەر سندووقەکانى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکات، بەرپرسێکى کۆمیسیۆنیش دەڵێت، "بڕى پاداشتەکانیان لە نێوان 200 بۆ 250 هەزار دینار دەبێت".
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لە 4ى نیسانەوە دەرگاى پێشکێشکردنى داواکارییەکان بۆ فەرمانبەرانى سەر سندووقى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکرێتەوە کە هەر وێستگەیەک پێنج فەرمانبەر و هەر ناوەندێکى دەنگدانیش چوار فەرمانبەرى سەر سندووقى پێویستە و ژمارەى کۆتایی لە هەفتەى داهاتوو رادەگەیێندرێت".
پێشکێشکردنى داواکارى بۆ فەرمابەرانى سندووقەکانى دەنگدان تاوەکو 20ى نیسان بەردەوام دەبێت، لەرێگەى بەستەرێکى تۆڕى ئینتەرنێت بە ناونیشانى (pcemp.ihec.iq).
عیماد جەمیل گوتی، "بڕى ئەو پارەیەى کە ئەو فەرمانبەرانە وەریدەگرن لەنێوان 200 بۆ 250 هەزار دینار دەبێت".
ئەوانەى ئەو ئەرکە دەیانگرێتەوە بریتین لە قوتابیان و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان. ئەوە جگە لە فەرمانبەرانى حکومەت بەو مەرجەى سەر بە هێزە ئەمنییەکان نەبن.
رۆژی 10ى حوزەیرانى 2024 دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.