ئەنجوومەنی ئاسایش: دەیان کەس بە تۆمەتی فرۆشتنی مادە هۆشبەرەکان دەستگیر کراون

03-05-2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە 16ـی تەممووزی 2024 تاوەکو 30ـی نیسانی 2025، دەیان کەسیان بە تۆمەتی فرۆشتنی مادەی هۆشبەر دەستگیر کردووە کە ژمارەیەکیان بازرگانی بیانی و نێودەوڵەتی بوون.
 
ئەمڕۆ شەممە، 03-05-2025، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، جگە لە دەستگیرکردنی ژمارەیەک بازرگانی مادەی هۆشبەر، دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر لە هۆشبەری جۆراوجۆردا گرتووە.
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان روونی دەکاتەوە، لەو ماوەیەدا "595 کیلۆ مادەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە کە پێکهاتوون لە کریستاڵ، تلیاک، کۆکایین، ماریجوانا، هیرۆیین و حەشیش". باس لەوەش دەکات، چەندین جۆر حەپی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە.
 
وەکو ئەنجوومەنی ئاسایش باسی دەکات: ئەو هەڵمەتانە لەپێناو سەقامگیری و لەنێوبردنی مادەی هۆشبەرە.
 
جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بەشێک لە چالاکییەکان بە هاوئاهەنگیی مادە هۆشبەرەکانی حکومەتی فیدراڵ بووە.
 
ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێت، لە زنجیرەیەک چالاکیی هاوبەشدا لە بەغدا، موسڵ و کەرکووک زیاتر لە 1470 حەپی هۆشبەر لە جۆری کپتاگۆن دەستی بەسەردا بگرن و ژمارەیەک بازرگانیان دەستگیرکردووە.
 
 
ئەنجوومەنەکە ئاماژە بەوە دەکات: تۆمەتباران پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و رەوانەی دادگە کراون.
 
بۆ وردەکاری و زانیاریی زیاتر، سەیری ئەم ڤیدیۆیەی سەرەوە بکە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە