رووداو - سلێمانی
بەرهەم ساڵح، ئەو پیاوەی لەلای خەڵك وا ناسراوە دەیەوێت چاكسازی لە نێو حیزبەكەی بكات، دوای ساڵێك كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە ئومێدێكی زۆرەوە و لە سەر كورسییەكەی بەرز دەردەكەوێت، لە ریزەكەی ئەودا زۆربەی ئەو كەسانەی دانیشتوون بە باڵی ناڕازی نێو یەكێتی هەژماردەكرێن، ئەو كۆبوونەوەی كە ماوەی ساڵێكە یەكێتییەكان چاوەرێی دەكەن دوو كاژێری خایاند.
جگە لە دیاریكردنی عیماد ئەحمەد، وەك گوتەبێژی یەكێتی و جارێكی دیكە دەستبەكاربوونی 5 لیژنەكە ئەم پرسانەی دیكەش لە کۆبوونەوەکەدا باسکران.
عیماد ئەحمەد، گوتەبێژی یەكیتی دەڵێ :"لە کۆبوونەوەکە بڕیاری لیژنەیەك درا بە سەرۆكایەتی مەلا بەختیار بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی دیكە، بە تایبەت پارتی و یەكێتی، ئەو پێشنیار و تێبینیانە لە سەر راپۆرتی لیژنەكان بۆ ئەوەیە وردتر ئامادەبكرێت و كێشەكان بگەیەنێتە بنبەست".
ئەو 5 لیژنەیە، کە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێو یەكێتی دروستکران، راپۆرتەكانیان لەم كۆبوونەوەیەدا خرانە بەردەست ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بەڵام دوای سەرنج و تێبینی لە سەر راپۆرتەكان جارێكی دیكە درانەوە بە لیژنەكان بۆ ئەوەی وردبینی زیاتر بكرێت و بە دڵی هەردوو باڵەكە بێت، چونكە لیژنەكان لەسەر بڕیاری هەردوو جێگرانی سكرتێری گشتی تاڵەبانی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و مەلا بەختیار پێش 5 مانگ دروستكرابوون.
فارووق عەزیز، سەرۆكی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتی باسی ئەوە دەکات :"مانگرتنەكەی ئێمە بۆ ئەوەبوو كە كێشەكانی نێو یەكێتی چارەسەربكرێن و هەموو ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەسەر مێزی گفتووگۆ هەوڵی چارەسەركردنی بدەن".
پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتی كۆڵیان نەدا و تاوەکو هەموو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەكێتی كۆنەكەنەوە مانگرتنەكانیان ناشكێنن، بۆیە دوای كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی گوتەبێژی نوێی یەكێتی بەڵێنی پێدان كە یەكێتی نێو یەكێتی دەپارێزن .
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ