رووداو- خازر
فەرهاد دۆڵەمەری، نێردراوی رووداو لە میحوەری خازر رایگەیاند، کاژێر 4 ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 3-6-2016، چەکدارانی داعش لە گوندی گەزەکان لە باشووری خازر، هێرشیانکردووەتە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە بەڵام هێرشەکەیان تێکشکاوە.
لیوا سەید هەژار، جێگری فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی زێرەڤانی بە رووداوی راگەیاند: "کاژێر 12ی شەوی رابردوو چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە زاراخاتوون و بەرزاییەکانی گەزەکان، دواتر لە کاژێر 4-ی بەرەبەیان شەڕ لە وەردەک دەستیپێکرد، شەڕەکان قورس بوون بەڵام تێکشکان".
جێگری فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی زێرەڤانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە شەڕەکەدا هێزی پشتیوانی پێشمەرگە و فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان بەشداربوون ، داعش زیانی گیانی و ماددی زۆری بەرکەوتم هاوکات لە هەموو سەنگەرەکانی شەڕدا شکا و زیاتر لە 10 تەرمی چەکدارەکانیان لە سەنگەرەکانی شەڕدا بەجێماوە.
لەبارەی ژمارەی کوژراونی چەکدارانی داعش، سەیدا هەژار گوتیشی" بێجگە لە بە جێهێشتنی 10 تەرمی چەکدارانی داعش، ژمارەیەک تەرمی دیکەش کە هەمەر بەسەریاندا کەوتبوون و شێوابوون بە جێمابوون و لە گوندی وەردەکیش زیاتر لە 22 چەکداریان کوژراون و هەروها، دەتوانم بڵێم لە هێرشەکەی ئەمشەودا زیاتر لە 100 چەکداری داعش کوژراون".
نێردراوی رووداو ئاماژەی بەوەکرد، هێرشەکەی داعش بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە کاتێکدایە کە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، هێزەکانی پێشمەرگە هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر داعش و ژمارەیەک گوندیان کۆنترۆڵکردەوە، داعش دەیەوێت ئەو گوندانەی لە دەستیداون کۆنترۆڵیان بکاتەوە و پێشمەرگەش وەڵامی هێرشەکانیان دەدەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ