بەهۆی وەرگەڕانی تراکتۆرێکەوە لە دیلۆک سێ کەس گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ 

لە ئەنجامی وەرگەڕانی تراکتۆرێک لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان، سێ کەس گیانیان لەدەستدا. 
 
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی 2ـی حوزەیرانی 2023، روویداوە کاتێک تراکتۆرێک کرێکارەکانی کێڵگەیەکی نزیک لە گوندێکی ئیسلاحییە لە پارێزگای دیلۆک دەگەڕاندەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام بەهۆی تیژڕۆییەوە وەگەڕا و کەوتە دۆڵێک. 
 
لە ئەنجامدا، ئەمین ئوزەری تەمەن 53 ساڵ کە شۆفێری تراکتۆرەکە بوو، لەگەڵ دوو کرێکاری ژن بە ناوەکانی ئایشە یڵدزی تەمەن 67 ساڵ و هاجەر کاراجای تەمەن 45 ساڵ، گیانیان لەدەستدا. 
 
دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمە پەیوەندیدارەکان لە تەندروستیی، ئافاد، هاتووچۆ و جەندرمە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە. تەرمی هەرسێکیان رەوانەی دادپزیشکی شارەکە کران. 
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیادا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و بەهۆیەوە دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە 86 کەسیان دەسبەجێ لە شوێنی رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
ساڵی 2021 لە سەرتاسەری باکووری کوردستان و تورکیادا 1 ملیۆن و 186 هەزار و 353 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە. بەهۆیەوە 5 هەزار و 362 کەس گیانیان لەدەستدا و 274 هەزار و 615 کەس برینداربوون.