رووداو - هەولێر
بەپێی خشتەیەکی نوێ لەمڕۆ بەدواوە لە رۆژێکدا نزیکەی 24 کاژێر کارەبا لەڕێگەی کارەبای نیشتمانی و مۆلیدە ئەهلییەکانەوە بە هاونیشتمانیان دەدرێت، تەنها لە سێ کات نەبێت ئەگەر کارەبای نیشتمانی نەبێت ئەو مۆلیدە ئەهلییەکان کارناکەن.
رۆژی دووشەممە 3-7-2017، لەسەر راسپاردەی پارێزگاری هەولێر، قائیمقامی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی کارەبای هەولێر و بەڕێوەبەری مۆلیدە ئەهلییەکان لە بینای قائیمقامیەتی هەولێر لەبارەی دۆخی کارەبای هەولێر و دەوروبەری کۆبوونەوە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا، نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی هەولێر رایگەیاند: بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەما و خواستی زۆر لەسەر کارەبا، لۆدێکی زۆر لەسەر کارەبا دروستبووە، ئەمەش وایکردووە ئەو بڕە کارەبایەی دەدرێتە هاونیشتمانیان کەمبکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستە لە سەرەتای ئەم مانگەوە خشتەیەکی نوێمان بۆ پێدانی کارەبا داناوە، هەوڵمانداوە 24 کاژێر کارەبا هەم لەڕێگەی کارەبای نیشتمانی و هەم لەڕێگەی مۆلیدەکانەوە بدەینە هاونیشتمانیان، لە ئەگەری دروسبوونی هەر گرفتێکیش بەلایەنی کەمەوە 23 کاژێر کارەبا دەدرێتە هاونیشتمانیان".
لەمڕۆوە کار بەو خشتەیە دەکرێت و سەرجەم مۆلیدە ئەهلییەکانیش لەو خشتەیە نوێیە ئاگاداردەکرێنەوە. نەبەز عەبدولحەمید گوتی: "ئەگەرچی شەوی رابردوو گرفتێک هاتەپێشەوە، چونکە خشتەکە تەواو نەکرابوو بۆئەوەی هاوئاهەنگی لەنێوان کۆنترۆڵی کارەبای هەولێر و مۆلیدە ئەهلییەکان بکرێت، بەڵام ئەو کێشەیە چارەسەرکرا، داوامان لە خەڵکیش ئەوەیە دەست بە کارەباوە بگرن و بەپێی پێویستی خۆیان کارەبا بەکاربێنن، بۆ ئەوەی ئەو خشتەیەی دانراوە لە ماوەی 24 کاژێر کارەبایان هەبێت".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا حوسێن حەمەد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەولێر رایگەیاند: "ئەگەر ئەو بڕە کارەبایەی لە تۆڕی نیشتمانی هەرێمەوە پێمان دەدرێت وەکو خۆی بگات و گرفتی تەکنیکیمان بۆ نەیەتە پێش، ئەوا دەتوانین بە تێکڕا رۆژانە نزیکەی 10 کاژێر کارەبا بە هاونیشتمانیان بدەین، مەبەستمان لە تێکڕاکە ئەوەیە رەنگە رۆژێک 7 بۆ 8 کاژێر کارەبا بدەین، رەنگە رۆژێکی دیکە 12 بۆ 13 کاژێر کارەبا بدەین، لەو کاتەشی کارەبای نیشتمانی نابێت، هاوئاهەنگی لەگەڵ مۆلیدە ئەهلییەکان کراوە، تەنها لە 3 کاتدا مۆلیدە ئەهلییەکان کارناکەن ئەگەر بێت و لەنێوان کاژێر 6 بۆ 7 ی بەیانی، 11 بۆ 12 ی پێشنیوەڕۆ و 6 بۆ 7ی ئێوارە کارەبای نیشتمانی نەبێت".
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ