کارەبای سلێمانی خەزنەدارێکی خۆی دەداتە دادگە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، خەزنەدارێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکە بڕێک پارەی کارەبای هاونیشتمانیانی بردووە و رێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتەبەر. بەپێی زانیارییەکان ئەو کەسە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە و لەسەر سکاڵای فەرمانگەکە دۆسیەی بۆ کراوەتەوە.
رۆژی دووشەممە، 3-7-2023، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای پارێزگای سلێمانی لەبارەی هەواڵی دیارنەمانی پارەی هاوبەشانی کارەبا لە بەڕێوەبەرایەتییەکە لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: "ئەو بابەتە پەیوەندی بەو ژمێرکارانەوە نییە، کە لەبەردەم ماڵان پارەی کارەبا کۆدەکەنەوە و ئەوان کارمەندی متمانە پێکراون."
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای پارێزگای سلێمانی روونیکردووەتەوە، ئەو بابەتە پەیوەندی بە خەزنەدارێکەوە هەیە کە لە ناو فەرمانگە کاردەکات و رێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتەبەر و دەستپێلەکارکێشانەوەی بۆ کراوە و ئێستا فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە و دۆسیەکەی لە دادگایە.
رووداو بەدواداچوونی بۆ بابەتەکە کرد و بەپێی زانیارییەکان ئەو پارەیەی دیارنەماوە پارەی هاوبەشانی کارەبایە، هەرچەندە تۆمەتبارەکە دەستگیرنەکراوە، بابەتەکەش بریتییە لەوەی هاووڵاتیان پارەی کارەبایان داوە، بەڵام ئەو پارەیەی لەسەریانە کەم نەبووەتەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکەش دەڵێت مافی هیچ هاووڵاتییەک نافەوتێت و قەرزەکەیان بۆ دەسڕدرێتەوە.