پۆستەکانی پردێ یەکلانەکراونەتەوە؛ تورکمانەکان داوای پۆستی بەڕێوەبەری ناحیە دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

ئەو وادەیە کۆتایی دێت لایەنگرانی حەشدی شەعبی و بەرەی تورکمانی بۆ بەرپرسانی کورد لە کەرکووک دیارییان کردبوو، بەرامبەر دانانی سەرۆکی شارەوانی پردێ، بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو ئاستی داواکارییان بەرزتر کردووەتەوە.
 
پێشتر بەرەی تورکمانی و هەندێک لایەنگری حەشدی شەعبی داوایان دەکرد بەڕێوەبەری ناحیە، بەڕێوەبەری پۆلیس، بەڕێوەبەری شارەوانی بدرێتە ئەوان، بەڵام ئێستا تەنیا داوای بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ دەکەن کە پۆستەکە پشکی کوردە.
 
رووداو زانیویەتی پێشنیازی بەڕێوەبەری پۆلیسی پردێ دراوەتە تورکمان، بەڵام رەتیانکردووەتەوە، هۆکارەکەی ئەوەبووە کە ئەو پۆستە لە دەستی بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسە هەرکات بیەوێت دەتوانێ بیگۆڕێت، بەڵام بەڕێوەبەری ناحیە بڕیاری کارگێڕی پێویستە.
 
پەیامنێری رووداو لە پردێ رایگەیاند: "زیاتر لە 300  کەس لە ئەندام و لایەنگرانی بەرەی تورکمانی و حەشدی شەعبی لە پردێ و تازە و ناوچەی دیکە کۆبوونەتەوە، چاوەڕێی بڕیار دەکەن پێیان بگات، کە ئایا بەرپرسانی کورد لە کەرکووک بە داواکارییەکەیان رازی دەبن یان نا؟."
 
پەیامنێری رووداو دەڵێت، ئەوان خێوەتیان هەڵداوە و بە لایەنی ئەمنی شارۆچکەکەیان گوتووە کە خێوەتەکان بۆ چلەی ئیمام حوسێنە نەک خۆپێشاندان.