کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بۆ نێچیرڤان بارزانی: سوپاس بۆ پشتیوانیکردنت لە ئێزدییەکان
رووداو دیجیتاڵ
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ پاڵپشتیکردنی لە کوردانی ئێزدی و دەڵێت، "ئێزدییەکان بەشێکی گرنگی پێکهاتەی فرەڕەنگی هەرێمی کوردستانی عێراقن."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 08-03-2023، کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە تویتێکدا سوپاسی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد "بۆ پشتیوانیکردنی لە گەلی ئێزدی و سەرکردایەتیکردنی لە داکۆکیکردن لە دادپەروەری و لێپرسینەوە لە تاوانکاران لەپێناو رزگاربووانی کورانی ئێزدی."
دوای کۆمەڵکوژیی شنگال، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئۆکتۆبەری 2014 بڕیاریدا بە دروستکردنی نووسینگەیەکی تایبەت بە رفێندراوانی کوردانی ئێزدی کە دوای کۆمەڵکوژییەکە کەوتنە دەستی داعش.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی لە دەستی داعش بە رووداوی گوت، تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 570 ئێزدی لە دەستی داعش رزگارکراون کە ژن، پیاو و منداڵ لەخۆدەگرن. گوتیشی، لەم ژمارەیە، 339 کەسیان پیاون، نزیکەی هەزار و 214 کەس ژنن و ئەوەی دیکەش منداڵن لە هەر دوو رەگەز کە نزیکەی دوو هەزار کەس دەبن.
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر دەڵێت، "ئێزدییەکان بەشێکی گرنگی پێکهاتەی فرەڕەنگی هەرێمی کوردستانی عێراقن و یەکترقبووڵکردن و لێکگەیشتنی هاوبەش دەبێتە هۆی هەرێمێکی ئارامتر، گشتگیرتر و خۆشگوزەرانتری کوردستانی عێراق."
دەقی تویتی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر:
"سوپاس نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ پشتیوانیکردنت لە خەڵکی ئێزدی و سەرکردایەتیکردنت لە داکۆکیکردن لە دادپەروەری و لێپرسینەوە [لە تاوانکاران] لەپێناو رزگاربووانی ئێزدی. ئێزدییەکان بەشێکی گرنگی پێکهاتەی فرەڕەنگی هەرێمی کوردستانی عێراقن و یەکترقبووڵکردن و لێکگەیشتنی هاوبەش دەبێتە هۆی هەرێمێکی ئارامتر، گشتگیرتر و خۆشگوزەرانتری کوردستانی عێراق."