رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش دەڵێت، تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 570 ئێزدی لە دەستی داعش رزگار کراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، حکومەتی عێراق بۆ رزگارکردن و گەڕاندنەوەی رفێندراوان هیچ هاوکارییەکی نووسینگەکەی نەکردووە.
شەهیان تەحسین، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش ئەنجام دا کە تێیدا باس لە ژمارەی رزگارکراوانی دەستی داعش، ژمارەی ونبووان و هەندێک چالاکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نووسینگەکە کرا کە سەبارەت بەو دۆسیەیە .
حوسێن قائیدی ئاماژەی بوە کرد، تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 570 ئێزدی لە دەستی داعش رزگارکراون کە ژن، پیاو و منداڵ لەخۆدەگرن. گوتیشی، لەم ژمارەیە، 339 کەسیان پیاون، نزیکەی هەزار و 214 کەس ژنن و ئەوەی دیکەش منداڵن لە هەر دوو رەگەز کە نزیکەی دوو هەزار کەس دەبن.
زیاتر لە 30 هەزار هاووڵاتیى عێراقى لە کەمپى هۆلن، کە بەشێکی زۆریان ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن. کەمپەکە دەکەوێتە شارى حەسەکەى رۆژئاواى کوردستان و لەژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات - هەسەدە دایە.
زۆرینەی دانیشتووانی کەمپەکە ژن و منداڵن، بەشێکی زۆری ژنانیش کە هێشتا بە جلە رەشەکانیانەوە بە کەمپەکەدا بڵاوبوونەتەوە، منداڵی زۆریان هەیە و کەمیان هەیە هاوژینەکانیان لە ژیاندا مابێت یان لە عێراق بێت.
بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش گوتی، لە کەمپی هۆلیشدا ژمارەیەکی زۆر رفێندراوانی ئێزدی ماون و دەبێ بەدواداچوونی قووڵیان بۆ بکرێت کە ''بێگومان دەتوانین بڵێین زیاتر لە دوو هەزار و 600 کەس دەبن.''
وەک حوسێن قائیدی ئاماژەیدا، ئێستا کە ماوەیەکی زۆرە شنگال لە دەستی چەکدارانی داعش رزگارکراوە، بەڵام تەنیا 15٪ بۆ 20٪ـیان گەڕاونەتەوە ماڵی خۆیان و دەڵێن، ''تاو ئەو کاتەی بەو بێسەروبەرییەوە بەڕێوەبچێت، خەڵک لەژێر ئەم خێوەتانەدا دەمێننەوە و ناگەڕێنەوە شنگال.''
بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش جەختی لەوە کردەوە، تاوەکو ئێستا بۆ بابەتی رزگارکردن یان گەڕاندنەوەی ئێزدییان، حکومەتی عێراقی خۆی بە بەرپرسیار نەزانیوە، ''ئەوە لە کاتێکدایە ئەوان سەر بە موسڵن و وەکو ناسنامەش موسڵ سەر بە عێراقە و هاووڵاتیی عێراقین، ئەرکی بەدواداگەڕان و رزگارکردن، پاراستن و قەرەبووکردنەوە لە دەرەجەی یەکەمدا لەسەر حکومەتی عێراقە.''
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ حوسێن قائیدی:
رووداو: ئێوە 9 ساڵە کار دەکەن، تاوەکو ئێستا چەند کەستان رزگار کردووە؟
حوسێن قائیدی: ئەمڕۆ 9 ساڵ بەسەر جینۆسایدی کوردانی ئێزدیدا تێدەپەڕێت کە لە سێی ئەم مانگەی ساڵی 2014 ئەنجام درا لە لایەن تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامیی ناسراو بە داعش، بەم بۆنەیەوە هەزار سڵاو لە گیانی هەموو شەهیدی کورد و کوردستان، تەندروستیی بۆ برینداران ئاواتەخوازین و ئازادیش بۆ کەسانی دەستەبەرکراو. هەر لە دەستپێکی ئەم جینۆسایدەی کە بەسەر کوردانی ئێزدیدا هات، لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2014، ئێمە دەستمان بە کاری خۆمان کرد، لەم کاتەوە تاوەکو ئێستا، سێ هەزار و 570 کەس رزگار کراون کە ژن، پیاو و منداڵ لەخۆدەگرن.
رووداو: ئێوە ئامارتان هەیە کە رزگارکراوان چەند پیاو، چەند ژن و چەند منداڵن؟
حوسێن قائیدی: بێگومان، لەم سێ هەزار و 570 کەسەی کە رزگارکراون، 339 پیاون، نزیکەی هەزار و 214 کەس ژنن و ئەوەی دیکەش منداڵن لە هەر دوو رەگەز کە نزیکەی دوو هەزار کەس دەبن.
رووداو: پڕۆسەکە 9 ساڵ لەمەوپێش چۆن بوو کە دەستیپێکرد؟
حوسێن قائیدی: لە دەستپێکی ئەم جینۆسایدە کە بەسەر کوردی ئێزدیدا هات، ئێمە بەر لەوەی ئەم دامەزراوەیە وەگەڕ بخرێت، هەوڵی دروستکردنی ئامارێکمان دا، بۆ ئەوەی بزانین چەند کەس رفێندراوان، چەند کەس کوژراون و هەروەها چەندین خانەی دیکەشی لەخۆدەگرت. یەکێک لە خانەکان ئەوە بوو کە بۆ ئێمە دیار بوو لە ئەنجامی ئەم ئامارەی ئێمە کۆمان کردووەتەوە، شەش هەزار و 417 کەس لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بە دیل گیرابوون و ئەم ژمارەیە یەکسەر گەیشتە دەستی بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی و هەر دەمودەست بڕیاریدا نووسینگەیەک بکرێتەوە، ئەوە بوو کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2014 لەسەر بڕیاری بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی کرایەوە و یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەوە بوو کە بەدواداچوون بۆ بابەتی دەستبەسەرکراوان بکات و لە قۆناخی دووەمیشدا هەوڵی رزگارکردنیان بدرێت، سوپاس بۆ خودا لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆر رزگارکراون و ئێمە بەردەوامیشین لە بەدواداچوونی ئەم بابەتە.
رووداو: ئێوە زانیاریتان هەیە کە ئەوانەی هێشتا رزگار نەکراوان ساخن، مردوون یان لە کوێنە؟
حوسێن قائیدی: بێگومان ئێمە دوای نەمانی تیرۆریستانی داعش، لە عێراق و زۆر شوێن لە سووریا هەڵساین بە قۆناخی کردنەوەی دۆسیەیەکی جیا بۆ هەر شوێنێک، دۆسیەی وڵاتی عێراق، دۆسیەی وڵاتی سووریا و دۆسیەیەکی تایبەت بە کەمپی هۆلیشمان کردووەتەوە و هەروەها هەندێک دۆسیەی دیکە لە هەندێک شوێن بە دەست ئێمەوەیە کە رەنگە نەتوانم ئاماژەی پێ بدەم.
رووداو: ناوی ئەم جێگەیانەی دیکە مەڵێن کە کوێیە، بەڵام لە دەرەوەی سووریا و عێراقن؟
حوسێن قائیدی: بێگومان. لەم دۆسیانەی کە ئێمە کردووماننەتەوە بۆ ئێمە دیار بوو رەنگە هەندێکیان لە وڵاتی عێراقدا مابن و دوای ئەوەی ماوەیەکە وڵاتی عێراق لە دەست چەکدارانی تیرۆریستی داعش رزگارکراوە، تاوەکو ئێستاش گومان دەکرێت لە هەندێک شوێن یان لە نێو ئەو خێزانانەی پێشتر سەر بە تیرۆریستانی داعش بوون، هەندێک منداڵ و ژن لە نێو ئەواندا مابن. دیسان دۆسیەیەکمان کردووەتەوە بۆ وڵاتی سووریا کە بۆ ئێمە دیار بوو ژمارەیەکی زۆر لەوێش ماون، بەتایبەتیش هەندێک ناوچەی دیاریکراون و هەروەها لە کەمپی هۆلیشدا ژمارەیەکی زۆر ماون و بێگومان ئەو ژمارەیە زۆرە کە دەتوانین بڵێین زیاتر لە دوو هەزار و 600 کەسە، دەبێ ئەوەش لەبیر نەکەین کە ژمارەیەکی زۆر و زیاتر لە 80 گۆڕی بەکۆمەڵیش بینراونەتەوە کە تەنیا نزیکەی 10 گۆڕێک هەڵدراونەتەوە و ئەوی دیکە ماون.
رووداو: نازانن کە چەند کەسیان تێدایە؟
حوسێن قائیدی: ئێمە هیوادارین کە کەسیان تێدا نەبێت، بەڵام بێگومان ئەو گۆڕانە بۆ ئەوە دروستکراون خەڵکیان تێدا بێت، لەملاشەوە بۆ ئێمە روون نییە کە چەند کەس ساخن، تاوەکو ئەم گۆڕانە هەڵنەدرێنەوە و یەکلایی نەکرێنەوە، نازانین کە چەند کەس ماون. بە هەرحاڵ ئێمە دەزانین کە ژمارەیەکی زۆریان تاوەکو ئێستاش لە زۆر شوێنی جیاجیا لە ژیاندا ماون و زۆر بە وردی بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکرێت، چ لە عێراق، چ لە سووریا و چ لە شوێنی دیکە. چەند رۆژ لەمەوپێشیش کە میدیای ئێوەش ئامادە بوو، شەش کەسی دیکە لە شوێنێکی دیاریکراو هێنرانەوە و پێش ئەوانیش دوو کەسی دیکە رزگارکران و کار لەسەر هەندێک بابەتی دیکەش دەکرێت ئینشائەڵڵا.
رووداو: ئێستا لە پڕۆسەدان؟
حوسێن قائیدی: ئینشائەڵڵا، هەندێک قۆناخیان تێپەڕ کردووە و هەندێک قۆناخیش ماون کە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت.
رووداو: ئەم خەڵکە تا کەی دەبێ لە خێوەتدا بژین؟
حوسێن قائیدی: بێگومان ئەوە 9 ساڵ تەواو بوو، کە خەڵکی ئێمە و ئەو جوامێرانە لەژێر خێوەت و گەرمای هاویندا دەژین، لەکاتێکدا خەڵکی دیکە لەبەر فێنککەرەوە تاقەت ناهێنن، ئەمانە لەژێر ئەم گەرمایە، سەرمای زستان، دۆخێکی نائاسایی، نەبوونی کەلوپەلی تەندروستی، مەعیشەتی و هەر شتێکی دیکە قەناعەت دەکەن کە لەژێر ئەم خێوەتانەدا بمێننەوە و بەم شێوەیە نەگەڕێنەوە شنگال؛ بێگومان ئەوەش هەندێک هۆکاری هەن و زۆر جار پرسیار لە خەڵک کراوە بۆچی تاوەکو ئیستا کە ماوەیەکی زۆرە شنگال لە چەکدارانی تیرۆریست رزگارکراوە، خەڵک ناگەڕێنەوە و تەنیا 15٪ بۆ 20٪ـیان گەڕاونەتەوە، وەڵامی ئەو کەسانە ئەوە بووە کە تا ئەو کاتەی شنگال بەو بێسەروبەرییەوە بەڕێوەبچێت، خەڵک لەژێر ئەم خێوەتانەدا دەمێنێت و ناگەڕێنەوە. ئەگەر تەرکیز بکەیتە سەر ئەم خێوەتە، 9 ساڵە نەگۆڕدراوە و ئەگەر لە زستان یان هاویندا شتێکی گەرمی بچێتەسەر، رەنگە ئاگری لێبکەوێتەوە.
رووداو: حکومەتی عێراق لە رزگارکردنی ئەو ژمارەیە لە ئێزدییان چ رۆڵێکی هەبووە؟
حوسێن قائیدی: تاوەکو ئێستا، من دڵنیاتان دەکەمەوە بۆ بابەتی رزگارکردن یان گەڕاندنەوەیان، حکومەتی عێراقی خۆی بە بەرپرسیار نەزانیوە ئەوە لە کاتێکدایە هاووڵاتییانی ئێمە بە شێوەیەکی فەرمی تاوەکو ئێستاش سەر بە موسڵن و وەکو ناسنامەش موسڵ سەر بە عێراقە و ئەوان هاووڵاتیی عێراقین، ئەرکی بەدواداگەڕان و رزگارکردن، پاراستن و قەرەبووکردنەوە لە دەرەجەی یەکەمدا لەسەر حکومەتی عێراقە و زۆر جاریش ئێمە داوامان کردووە کە حکومەتی عێراق وەک دامەزراوەیەکی دەوڵەتی بۆ هەندێک لەو هاووڵاتییانەی کە پێناسەی عێراقییان هەیە بێتە سەر هێڵ و یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەوەیە بەدوایاندا بگەڕێت و رزگاریان بکات، ئەگەر ئەمەش ناکات، هاوکاریی ئێمە بکات.
رووداو: ئایا هیچ ئاستەنگییەک لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق وەکو سەلاحەدین، ئەنبار، مووسڵ بۆ گەڕان بەدوای ئێزدییەکاندا هەیە؟
حوسێن قائیدی: کاتێک دەوڵەتێک، دەوڵەت بێت، هاووڵاتییەکەی لە هەر شوێنێک ون بێت یان تەحەدای لێبکرێت، پێویستە بێتە سەر هێڵ، ئەگەر بیرتان بێت، کچێکی تەمەن 14 ساڵانەی وڵاتێکی ئەوروپی کوژرا، چەندین میدیای ئەوروپی هاتنە سەر هێڵ بۆ ئەوەی ئەم کچە تەمەن 14 ساڵانەیە ببینرێت و دەنگی ببیسرێت و پۆلیسی ئینتەرپۆلیش هاتە سەر هێڵ تا ئەو کاتەی لە وڵاتێکی عەرەبی ئەو کەسەی دەستدرێژی کردبووەسەر، دەستبەسەر کرا؛ ئەوەیە دەوڵەت، دەبێ هەست بەوە بکرێت مافی من بەرز دەکرێتەوە و دەوڵەت مافەکەم وەردەگرێت؛ بەڵام شەش هەزار و 417 کەسی ئێزدی دەستبەسەرکران و تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق سەری خۆی پێوە نەهێشاندووە.
رووداو: ئەو کەسانەی کە ماون دەبێ لە شوێنێکی تایبەت لێیان بگەڕێن؟ ئەوان لە عێراق لە کوێ ماون؟
حوسێن قائیدی: دوای ئەو دۆسیەیەی کە من ئاماژەم پێدا، بۆ ئـێمە دیار بوو کە ئەو کەسانەی پێشتر خێزانەکانیان سەر بە تیرۆریستانی داعش بوون لەو شارانەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندا بوون، هەندێک منداڵ و کچ لەنێویاندا مابوون کە ئەوکات تەمەنیان کەمبوو و نەیاندەتوانی قسە بکەن و نەیاندەزانی کێن، بۆچی تاوەکو ئێستا دیار نەبووە، چونکە رێکاری تووندی یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە یان ئەو خێزانانە نەگیراوەتەبەر و بووەتە هۆی ئەوەی نەترسن و لە نێو خۆیاندا رایانگرن، نازنارێت ئەو کەسانە (رفێندراوان) کێن، چونکە ئەو کاتەی گیراون منداڵێک یان کچێکی بچووک بوون، بۆیە پێویست بوو بڕیارێکی گشتی لە عێراق و بەتایبەتی لە شاری موسڵ دەربچێت کە هەر کەسێک منداڵ، کچ یان ژنێکی ئێزدی لە نێو ماڵکەیدا بێت، ئەگەر لەماوەی 10 رۆژ یان 15 رۆژدا رادەستی دەزگای ئەمنیی شارەکە نەکات، رێکاری تووندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر، بەڵام تاوەکو ئێستا شتێکی لەم شێوەیە نەکردراوە.
رووداو: بۆچی شتێکی وا نەکردراوە؟
حوسێن قائیدی: من ئاماژەم پێدا حیسابی هاووڵاتیی عێراقی بۆ ئەم کەسانە نەکراوە و بەپێی پیویست کاریان بۆ نەکراوە کە تاوەکو ئێستا نزیکەی دوو هەزار و 600 کەسی ونن، بەڵام [حکومەتی عێراق] سەری خۆی پێوە نەهێشاندووە، ئەگەر عێراق هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و نووسینگەی تایبەتی بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی بووایە ئەم ژمارەیەی کە ئاماژەمان پێدا، زۆر لەوە کەمتر دەبوو و یان رەنگە هەر نەبووایە، ئێمە دەمانەویست نەک هەر حکومەتی عێراقی، بەڵکو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هاوکاریمان بکات و ئەوە بابەتێکی گرێدراوە بە رێکخرواێکی تیرۆریستی کە مرۆڤ تێیدا ون بووە و پێویستە بدۆزرێتەوە.
رووداو: لە عێراق و سووریا چ وڵاتێک رۆڵی لە رزگارکردنی ئێزدییاندا هەبووە؟
حوسێن قائیدی: وەکو رزگارکردن کەس رۆڵی تێدا نەبووە و ئێمە لە زۆر شوێن رزگارمان کردوون، یەکیش لەوان وڵاتی عێراق و وڵاتی سووریا و هەندێک وڵاتی دیکەش هەبوون کە نابێت ئاماژەی پێ بدەم، بەڵام ئێستا زۆر شوێنی دیکە هەن کە زانیاریی باشمان لەسەر ئەم بابەتە هەیە و پەیوەندیشمان لەگەڵ گەلێک کەسایەتی هەیە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکرێت، هەندێک شت هەن کە نابێت من لە میدیادا ئاماژەی پێ بدەم، بەڵام زۆر کاری دیکە بە نهێنی ئەنجام دەدرێت.
رووداو: هاوئاهەنگیی ئێوە لەگەڵ بەڕێوەبەریی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا چۆنە؟
حوسێن قائیدی: لە دەسپێکی کارەکەمان ئێمە زۆرمان هەوڵ دا کە هاوئاهەنگیمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان هەبێت، چونکە ئەم بابەتە بابەتێکی مرۆییە و دەبێ بەدوور لە هەر بابەتێکی سیاسی و غەیری سیاسیی دیکە، هەموومان دەستمان لە دەستی یەکدا بێت کە منداڵێک، کچێک یان ژنێک بگەڕێنینەوە و خێزانەکانیان شاد بکەینەوە؛ بەڵێ جێگەی داخە و دەتوانم بڵێم هیچ هاوئاهنەگییەک لە نێو ئێمەدا نییە سەبارەت بۆ ئەم بابەتە.
رووداو: پێشتریش نەبوو یان هەر ئێستا نەماوە؟
حوسێن قائیدی: نەخێر، هەر لە دەسپێکیشەوە هاوئاهەنگیمان نەبووە و زۆر جاریش ئێمە شاندمان بەڕێکردووە بۆ ئەو دەڤەرە کە هاوکاریمان بکرێت، بۆ هەندێک شوێن وەکو کەمپی هۆل و شوێنی دیکە تەنانەت یەکێک لە شاندەکانی ئێمە دوو روحانی ئێزدیشیان لەگەڵدا بوو و ئێمە هەوڵمان دا کە بچنە نێو کەمپەکە بۆ ئەوەی خەڵک ببینن کە ئەوە شاندێکی ئێزدین و ئەوانەی کە لەوێن خۆیان ئاشکرا بکەن، بەڵام جێگەی داخە کە دووبارە هاوکاری نەکراین بۆ ئەوەی هەندێک هاوئاهەنگی لە نێوان ئێمە دروست بکرێت.
رووداو: پلانێک هەیە بۆ ئەوەی هاوئاهەنگییەک هەبێت؟
حوسێن قائیدی: نەخێر.
رووداو: ئەی لەوێ چ رێگەیەکی دیکە هەیە ئەگەر هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەریی خۆسەر نەبێت؟
حوسێن قائیدی: هەندێک رێگەی تایبەت هەن لەگەڵ هەندێک کەسی تایبەت.
رووداو: یانی رێگە هەن؟
حوسێن قائیدی: بێگومان، پێویستە هەندێک مەنفەز هەبن بۆ ئەوەی بتوانین ئەوان کەسوکاری خۆیان بهێننە دەرەوە، زۆر کەسیش تاوەکو ئیستا لە کەمپ هێندراونەتەدەر و تاوەکو کۆتاییش هەوڵ دەدەین. ئێستاش داواکارم لە هەر لایەنێکی پەیوەندیدار بە بابەتی کچ، ژن و منداڵان کە هاوکاری ئێمە بکەن، بۆ ئەوەی منداڵانی هەتیو کە دایک، باوک و کەسوکاریان نەماوە، لە نێو ئەو زوڵم و زۆردارییە بهێندرێنە دەرەوە و بیانهێنینە نێو ئەم کەمپانە.
رووداو: ئایا نەبوونی هاوئاهەنگی و هاوکارینەکردن بووەتە هۆی سستبوونی پڕۆسەی رزگارکردنی رفێندراوان؟
حوسێن قائیدی: کاتێک بەو شێوە ئەکتیڤە رزگارکردنی رفێندراوان هاتە ئاراوە، کەسێکی یەکجار زۆر دەستبەسەرکرابوون، ناوچەکەش بەرفراوانتر بوو، لە وڵاتی عێراقەوە بگرە تاوەکو دەگاتە وڵاتی سووریا و زۆر دەڤەری دیکەشی لەخۆ گرتبوو، ئێمە زۆر کارمان لە سەرجەم ناوچەکاندا کرد و هەر کەسێک کە دەستی ئێمەی پێڕاگەیشتووە، رزگارمان کردوون، لەو ناوچانەش دوای نەمانی تیرۆریستانی داعش تەنیا لە وڵاتی سووریا هەندێک شوێنی سنووری ماون، ئەگەرنا هەمووی لە چەکدارانی تیرۆریستی پاککراونەتەوە و ئەو کەسانەش هەموو لە کەمپی هۆلدا کۆکراونەتەوە، بۆیە ئەو کەسوکارەی کە ماونەتەوە [رفێندراوان] گومان دەکەین لەو کەمپەدا بن، هەرچەند رەنگە لە شوێنی دیکەش هەبن.
رووداو: داعش ئەو کەسانەی بردووەتە کوێی دیکە؟
حوسێن قائیدی: هەر شوێنێکی داعش چووبن، ئێمە گومان دەکەین هەندێک کچ و ژنیان لەگەڵ خۆیان بردبووبێت، بەڵام جەخت لەوەش دەکەمەوە ژمارەیەکی زۆریش لە نێو کەمپی هۆلدا ماون کە پێویستە ئەم بابەتە لە زووترین کاتدا چارەسەر بکرێت. پڕۆسەی رزگارکردن لەکاتێکدا کە کەسانێکی زۆر دەستبەسەرکرابوون و رفێندرابوون، لە ناوچەیەکی بەرفراواندا بوو و ئێمە زۆرمان لە زۆر ناوچەی جیاجا وەکو عێراق، سووریا و هەندێک شوێنی دیکە رزگارکردن، بەڵام ئەو سستییەی ئێستا، سستی کاری نییە، بەڵکو ئەو ناوچانەی دیاری کرابوون، ناوچەی تایبەت بوون، بەڵام ئێستا بەربڵاوتر بووە.
رووداو: ئایا بردراونەتە دەرەوەی سووریا و عێراق؟
حوسێن قائیدی: بێگومان، لە سووریا و عێراقیش دەرباز بوونە و چوونەتە هەندێک دەوڵەتی دیکە، بەڵام ناتوانم ئاماژە بە شوێنەکە بدەم، چوونەتە هەندێک دەوڵەت کە لە خەیاڵی مرۆڤیشدا نییە.
رووداو: بۆ شوێنێکی دوور بردراون؟
حوسێن قائیدی: زۆر دوور و هەندێک دەوڵەت کە جێگەی سەرسوڕمانە.
رووداو: چەند سنووریان دەرباز کردوون؟
حوسێن قائیدی: زۆر سنووریان دەرباز کردوون تا گەیشتوونەتە ئەم شوێنە و واتا سنووری زیاتر لە دوو دەوڵەت.
رووداو: چۆن ئەم سنوورانەیان دەرباز کردووە؟
حوسێن قائیدی: پرسیاری ئێمەش ئەمەیە کە چۆن توانیویانە سنووری دوو یان سێ دەوڵەت دەرباز بکەن و بچنە دەوڵەتێکی دیکە، ئەوە بۆ ئێمەش جێگەی پرسیارە.
رووداو: پاشی 9 ساڵان کاری ئێوە بۆ گەڕاندنەوەی رفێندراوان ئەستەمتر نەبووە؟
حوسێن قائیدی: بێگومان، ئەگەر نۆ ساڵ لەمەوپێش منداڵێک تەمەنی مانگێک یان ساڵێک بووبێت، ئێستا تەمەنی 9 ساڵە، ناوی نییە، ئایینی گۆڕدراوە، شێوەی گۆڕدراوە و تەنیا دەمێنێتەوە سەر ویژدانی کەسی، کە بێگومان ئەوەی منداڵێکی بردووە ویژدانی نییە، یان دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کە ئەگەر ئێمە گومانمان لەسەر کەسێک هەبێت، هەندێک رێگەی تایبەت بگرینەبەر و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەشی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان، پشکنینی DNAـی لە بەغدا یان لە شوێنێکی دیکە بۆ بکرێت، تاوەکو ئەنجامی ئەو پشکنینەش دەرنەکەوێت، ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئەم کەسەدا ناکەین، کە ئەمەش پڕۆسەیەکی ئەستەمە، یانی منداڵێک ک تەمەنی چوار رۆژ یان 10 رۆژ بووە و ئێستا تەمەنی 9 ساڵە تۆ چۆنی دەناسیتەوە؟ جگە لەوەی کە گومانێک هەبێت ئەم منداڵە ئێزدییە یان ئەو کەسەی لەوێیە هەندێک [دەوروبەرییەکانی] بڵێن ئێزدییە، ئەوکات پشکنینی DNAـی بۆ دەکرێت و ئەو بابەتە یەکلایی دەکرێتەوە.
رووداو: رێگەکانی دەستنیشانکردنی منداڵێکی ئێزدی بۆ دۆزینەوەی چین؟
حوسێن قائیدی: بۆ دەستنیشانکردنی دەبێ کەسوکاری بڵێن کە منداڵەکەیان نیشانەیەکی لەسەر دەموچاوی یان جەستەی هەیە کە لەو حاڵەتەدا پشکنینی DNAـی پێویستە کە ئەم بابەتە یەکلایی بکاتەوە.
رووداو: ئێوە چ رێگەیەکی دیکەتان بۆ دەستنیشانکردنی شوێنەکان هەیە؟
حوسێن قائیدی: رێگەیەکی تایبەتمان هەیە، خەڵکیش هەیە، وڵاتانیش هەن و هاوئاهەنگی و پلانیشمان هەیە.
رووداو: دوو پرسیارم ماوە کە هەردووکیان دەپرسم، یەکەم شت مەسەلەی یاسای رزگاربووانە و دووەم شت ئەوەیە کە ئەم کچ و ژنانەی رزگار دەکرێن لەم کەمپانەدا دادەندرێن؟
حوسێن قائیدی: پرسیاری یەکەمت، سوپاس بۆ ئەم پرسیارە، هەنگاوی یەکەم کە وڵاتی عێراق ناوێتی بۆ ئەم بابەتە، دوای ئەوەی گوشارێکی نێودەوڵەتی کەوتە سەر عێراق، یاسای رزگاربووانی دەرکرد، ئەم یاسایەش لە چەندین خاڵ و بڕگە پێکدێت کە لە بەرژەوەندیی کەسی دەستەبسەرکراو و ئازادکراودایە، ئەو یاسایە لە ساڵی 2001 (2021) لەلایەن سەرۆککۆماری عێراق واژۆ کرا و لە وەقائیعی عێراقیدا بڵاوکرایەوە، واتا پێویست بوو لە ماوەی سێ مانگدا جێبەجێ بکرێت، ئەوە دوو ساڵ دەرباز بوو، بەڵام تاوەکو ئیستا تەنیا 400 یان 450 کەس وەرگیراون، لیژنەیەک پێکهێنراوە کە 11 کەسە و 10 کەسیان عەرەبن و من تەنیا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانم لەم لیژنەیەدا؛ هەر لە دەسپێکەوە ئێمە لێکدانەوەی خۆمان دیاری کرد و گوتمان، ئێمە وەکو ئێزدی، وەکو داتا هیچ کێشەیەکمان نییە و داتای ئێمە ئامادەن، نەتەوە یەکگرتووەکانیش دانی پێداناوە و کاتێک ئاماژەی پێدەدات دەڵێت، بەپێی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوان، بەڵام دیار بوو ئەوان ئاستەنگیان بۆ ئەم بابەتە دروست کرد، ئاستەنگ بۆ ئەم کەسانە دروستکرا کە تاوەکو ئێستا دوو ساڵ دەرباز بووە، بەڵام تەنیا 400 بۆ 450 کەس کارەکەی جێبەجێکراوە؛ ئەگەر تۆ سێ هەزار و 570 کەس بەسەر ئەم دووساڵەدا دابەش بکەیت و هەرساڵەی 450 کەس، بە مانای ئەوە بوو چەند ساڵی دیکە ئامانجە یاساییەکان جێبەجێ دەکران.
رووداو: ئاستەنگەکانی جێبەجێکردنی یاسای رزگارکراوان چین؟
حوسێن قائیدی: یەکێک لە ئاستەنگەکان ئەوەیە کە متمانە بە بەڵگەکانی ئێمە ناکرێت و دەڵێن دەبێت دوو دێکیۆمێنت هەبێت، بەڵام ئەو کەسە ئەو دوو دێکیۆمێنتە لە کوێ بهێنێت؟ دووەم دبێ ئەو کەسە بچێتە بەرامبەر دادوەر و ئەم رووداوەی بەسەری هاتووە جارێکی دیکە بگێرێتەوە و ئەگەر دادوەر قەناعەتی لا دروست بوو، قبووڵ دەکات و بەپێچەوانەشەوە قبووڵی ناکات. ئەو بەڵگانە هەمووی بۆ پەنجەرەیەکی ئەلیکترۆنی بەڕێدەکرێت و [تۆمار دەکرێن]، بەپێی یاساکە پێویستە لە سێ مانگدا ئەم بابەتە یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام ئەو سی کەسەی یەکەم جار وەرگیران، شەش مانگی زیاتر بەسەردا تێپەڕی و تاوەکو ئێستا ئەوە دووساڵە تەنیا 400 بۆ 450 کەس وەرگیراون، ئەوە بەو مانایەیە کە سستییەک لە کارەکەدا هەیە و پێویستە دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق خەم لە بابەتی ژن و منداڵان بخۆن و گوشارێک دروست ببێت بۆ ئەوەی ئەم بابەتە یەکسەر یەکلایی بکرێتەوە، چونکە ئەو فەقیر و هەژارەی لەم خێوەتانە دان، هەمووی پێویستی بەو هاوکارییانە هەیە.
رووداو: تەنیا رزگارکردن نییە، ئایا نابێت نووسیگەیەکی دیکەش هەبێت کە کاری ئێوە تەواو بکات؟
حوسێن قائیدی: بێگومان ئەوەش داخوازیی ئێمەیە، نووسینگەی ئێمە نووسینگەی رزگارکردنە، واتا کاری ئێمە تەنیا رزگارکردنە، کارەکانی دیکە وەکو مەعیشەتی ئەوان، گەڕاندنەوەیان هەموو دەکەوێتە سەر دامەزراوەی دیکە، بەڵام تاوەکو ئیستا بۆ ئەم بابەتە دامەوزراوەیەک وەگەڕ نەخراوە، تەنیا سەنتەرێک لە پارێزگای دهۆک بە سەرۆکایەتیی تەندروستیی پارێزگاکە کراوەتەوە، رەنگ بوو ئەم سەنتەرە گەلێک کاری کردبووایە، بەڵام بەهۆی بچووکبوونی سەنتەرەکە و نەبوونی کەلوپەلی پێویست و ژمارەیەکی زۆری رزگاربووان، پێویستە گەورەتر بێت، پێویستە دامەزراوەیەک بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دروست بکرێت.
بێگومان هەندێک کار لەئارادا بووە کە وەکو پێویست جێبەجێ نەکراون، ئەو کەسانە لەژێر زوڵم و زۆرداری و نەخۆشی رزگارکراون، بەڵام ژیانیان خۆش نەکراوە و لە ژێر خێوتێکدان کە ئەوە 9 ساڵە نەگۆڕدراوە، لەم گەرمایەدا، لە سەرمادا، لە نەبوونی کەلوپەلی تەندروستی و کەلوپەلی مەعیشەتیدان؛ خەڵکی ئێمە هەمووی هەژارە، هەمووی زەرەرمەندە، هەمووی زووڵمی لێکراوە و زەرەرمەندی هەرە سەرەکی ئەوە؛ ئەو کەسوکارەی ئێمە دوو جار زووڵمیان لێکراوە، لە وڵاتی خۆی دەرکراوە، گیراوە، تەحەدای لێکراوە، ئەشکەنجەدان، داگیرکردن و هەر شتێکی خراپ کە لە جیهاندا هەیە بەسەریان هێناون و ئێستاش لە نێو خێوەتێکی گەرمدا لێرە دەژین، پێویست بوو هەموو خەڵکی ئێمە ژیانیان لەلایەن دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق یان رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە خۆش بکرێت و تایبەتمەندییەک بۆ ئەم کەسانە هەبووایە، ئێوە خۆتان دەبینن بە چی چارەسەر بکرێن؟ لەوێ کە لەژێر سەببەیەکدا بوون، هێناوماننەتە ئێرە و لێرەش لەژێر خێوەتێک لە گەرما، سەرما و نەخۆشی و زۆر شتی دیکەدا دەژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ