مەسرور بارزانی: بەهۆی جێبەجێنەکردنی رێککەوتننامەی شنگال نەتواندراوە شارەکە ئاوەدان بکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی داگیرکردنی شنگال و جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدی لەلایەن داعشەوە داوا دەکات، حکومەتی فیدراڵ ئەرک و بەرپرسیاریەتیی خۆی جێبەجێ بکات و کوردانی ئێزدی قەرەبوو بکاتەوە.
لە پەیامێکدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، حکومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە هەوڵ و کارکردنی بۆ ئازادکردن و گەڕاندنەوەی هەموو ئەو رفێندراوانەی کە تاوەکو ئێستا ئازاد نەکراون و دۆزینەوە و دیاریکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان.
هەروەها دەڵێت، درێژە دەدەن بە "پاڵپشتیی دارایی رزگاربووان و هاوکاریکردن و یارمەتیدانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان ئەوانەی بەهۆی ئاسایینەبوونەوەی دۆخی شنگال و دەوروبەری، هێشتا هەر لە کەمپەکاندا دەژین و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ ئەرک و بەرپرسیاریەتیی خۆی جێبەجێ بکات و خوشک و برا ئێزدییەکانمان قەرەبوو بکاتەوە و یارمەتی ئاوارەکان بدات و زەمینە خۆش بکات بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان، ئەویش لە رێگەی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال، دەرچوونی هێزە چەکدار و ملیشیاکان لە دەڤەرەکە و گەڕانەوەی ئاشتی و ئاسایش بۆ ناوچەکە.
لە پەیامەکەی مەسرور بارزانیدا هاتووە، "بە داخەوە بەهۆی جێبەجێ نەکردنی رێککەوتننامەی شنگال و بەهۆی ئەو دۆخە نەخوازراوەی لە دوای ئازادکردنیەوە بەسەر شنگالدا سەپێنراوە، نەتوانراوە ئاوەدان بکرێتەوە و خزمەتگوزاریی پێویست پێشکەشی خەڵکی ئەو دەڤەرە بکرێت."
دەقی پەیامی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
لە ساڵیادی داگیرکردنی شنگال و جینۆسایدکردنی خوشک و برایانی ئێزدی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، بە ڕێزەوە یادی شەهیدانی ئەو کۆمەڵکوژییەی تیرۆریستانی داعش دەکەینەوە کە زام و برینێکی قووڵ و ساڕێژ نەبووە لە مێژووی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی بە گشتی.
لە یادی ئەم کارەساتەدا ، پێویستە بەڕێزەوە یادی گیانفیدایی و قوربانیدانەکانی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان بکەینەوە کە بە سەرکردایەتیی جەنابی سەرۆک بارزانی، شنگال و دەوروبەریان ئازاد کرد، هەروەها سوپاسی هەڵوێستی جوامێرانەی خەڵکی کوردستان بە گشتی و پارێزگەی دهۆک و دەڤەری بادینان بەتایبەتی دەکەین لە بەهاناوەچوون و یارمەتیدانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان.
حکومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە هەوڵ و کارکردنی بۆ ئازادکردن و گەڕاندنەوەی هەموو ئەو ڕفێندراوانەی کە تا ئێستا ئازاد نەکراون و دۆزینەوە و دیاریکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان. هەروەها درێژەدان بە پاڵپشتیی داراییی ڕزگاربووان و هاوکاریکردن و یارمەتیدانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان ئەوانەی بەهۆی ئاسایینەبوونەوەی دۆخی شنگال و دەوروبەری، هێشتا هەر لە کەمپەکاندا دەژین و نەیانتوانیوە بگەڕینەوە ناوچەکانیان.
لەم یادە خەمگینەدا، دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ ئەرک و بەرپرسیاریەتیی خۆی جێبەجێ بکات و خوشک و برا ئێزدییەکانمان قەرەبوو بکاتەوە و یارمەتی ئاوارەکان بدات و زەمینە خۆش بکات بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان، ئەویش لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی هێزە چەکدار و ملیشیاکان لە دەڤەرەکە و گەڕانەوەی ئاشتی و ئاسایش بۆ ناوچەکە. کە بە داخەوە بەهۆی جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و بەهۆی ئەو دۆخە نەخوازراوەی لە دوای ئازادکردنیەوە بەسەر شنگالدا سەپێنراوە، نەتوانراوە ئاوەدان بکرێتەوە و خزمەتگوزاریی پێویست پێشکەشی خەڵکی ئەو دەڤەرە بکرێت.
لە ساڵیادی جێنۆسایدی شنگالدا، سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی شنگال و گشت شەهیدانی کوردستان.