لە سلێمانی دووەم مزگەوت بەهۆی بێئاوییەوە داخرا
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بێ ئاوییەوە، مزگەوتێکی دیکە بە ناوی مزگەوتی رەسووڵ لە شاری سلێمانی داخرا.
هاوژین رەئووف، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کەمئاوی نەک تەنیا مزگەوت، هەموو کوردستانی گرتووەتەوە، لەکاتێکدا ناکرێت مزگەوت ئاوی تێدا نەبێت".
بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاویی مزگەوتەکان لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵن.
هەفتەی رابردووش بەهۆی بێ ئاوییەوە مزگەوتی کانێسکانی سلێمانی داخرا و تاوەکو ئەمڕۆ نەکراوەتەوە.
سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاوی ماڵانی سلێمانی، بەنداوی دووکان و سەرچنار و کانیاو و بیرەکانی شارن، بەڵام بەهۆی وشکەساڵییەوە هەندێک لەو سەرچاوانە وشک بوون.