رووداو دیجیتاڵ
مام حەسەنی تەمەن 86 ساڵ منداڵی و گەورەیی خۆی لە گەڕەکی کانێسکانی سلێمانی بەسەر بردووە، بەڵام دوو رۆژە لەگەڵ دانیشتووانی دیکەی گەڕەکەکەدا نەیانتوانیوە نوێژی بەکۆمەڵ لە مزگەوتە دێرینەکەی ئەنجام بدەن، چونکە لە ماڵ و مزگەوتیشدا بێ ئاون.
مام حەسەن تۆفیق بە رووداوی گوت، "ئەم ناوە کارێز بوو، پڕ بوو لە ئاو، بەڵام ئێستا بەداخەوە هیچ ئاوی تێدا نەماوە."
کرانەوەی دەرگەی مزگەوتەکە بەندە بە دەستکەوتنەوەی ئاو، کە ئێستا دابینکردنی بە تانکەریش کارێکی ئاسان نییە. سەرچاوەی ئاوی مزگەوتی کانێسکان بیر و کارێزە، بەڵام هەردووکیان وشکیان کردووە و ناتوانرێت ئاویان لێوە دابین بکرێت.
لە ماوەی نۆ ساڵدا، هەشت مەتر بیری مزگەوتەکەیان قوڵ کردووەتەوە بۆ دەستکەوتنی ئاو، بەڵام بێسوود بووە.
مامۆستا ئیدریس حامید، پێشنوێژی مزگەوتی کانێسکان گوتی، "پار ئەم وەختە هەشت مەتر ئاوی تێدابوو، بەڵام ئێستا یەک مەتر و نیوێکی تێدا ماوە و نزیکەی چارەکە سەعاتێکی پێدەچێت تاوەکو ئاو کۆبکاتەوە."
پێشتر لە کارێز و بیرەکەی مزگەوتەکەوە ئاو بۆ پارکی ئازادی و باخی گشتیی سلێمانیش دابین دەکرا، بەڵام بەهۆی وشکبوونیانەوە زیان بە سەوزایی ئەو شوێنانەش گەیشتووە.
نەوارۆ شەریف، موجەوری مزگەوتەکەیە و هەموو دوو رۆژ جارێک مزگەتەکەی پاکدەکردەوە، ئێستا تەنانەت قەترە ئاوێکی بۆ خواردنەوەش دەستناکەوێت. دەڵێت، "ئەم ناوە پڕ ئاو بوو، بەڵام بەداخەوە ئەم بێئاوییە ئێمەی کوشتووە."
دووکان و بازاڕی کانێسکانیش هەموویان بێئاون و خاوەنکارەکان ناچارن رێگەیەکی دوور بۆ هێنانی ئاو ببڕن. ماوەی یەک هەفتەیە ئاوی نیشتمانییان پێنەگەیشتووە.
سۆران عەزیز، کارمەندی چێشتخانەیە لە بازاڕەکە، دەڵێت: "خەڵک نان دەخوات و پێویستە دەستی بشوات، ئێ چی بکەین، ئاو نییە."
سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاوی نیشتمانی بۆ ماڵان لە سلێمانی، بریتین لە بەنداوی دووکان و سەرچنار و بیرەکانی شار، بەڵام وشکەساڵی وایکردووە هەموو ئەو سەرچاوانە نزیک ببنەوە لە وشکبوون و شارەکەیان دووچاری قەیرانێکی سەختی ئاو کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ