رووداو - بۆترۆپ
شاهین ئایدن، خەڵكی شاری مەلاتیەی باكووری كوردستان، كە 9 ساڵە لە ئەڵمانیا هەنگ بەخێودەكات، دەڵێت هەنگوینی كوردستان زۆر بە تامترە لە هەنگوینی ئەڵمانیا، چونكە ئەو گوڵ و گیایەی لە كوردستان هەیە لە ئەڵمانیا نییە.
ئایدن لەساڵی 1974ەوە لە ئەڵمانیا دەژی، وێنەكێشە و ئەندامی ئەنجوومەنی شاری بۆترۆپە لەسەر لیستی پارتی چەپ. هەروەها ئارەزووی بەخێوكردنی هەنگی لە باپیرییەوە بۆ ماوەتەوە.
شاهین ئایدن ئێستا 14 سندووق هەنگی هەیە و ساڵانە بەڕێوەبەرانی قوتابخانە و باخچەی ساوایانی هەرێمەكەی، قوتابیەكانیان دەبەن بۆ سەردانی هەنگەكانی ئایدن، لەوێ قوتابیان ئاشنا دەكرێن بە چۆنیەتی دروستبوونی هەنگوین.
بەبێ هەنگی (ماك) سیستەم تێكدەچێت
شاهین ئایدن، هەندێك زانیاری سەرەتایی لەبارەی بەخێوكردنی هەنگەوە بۆ (رووداو) باسكرد و گوتی "بۆ دروستكردنی هەنگوین گرنگترین شت هەنگی ماكە، ئەگەر ئەو نەبێت ئەوا هەموو هەنگەكانی دیكە دەمرن و هەموو سیستەمەكە پەكیدەكەوێت. ئەو بەڕێوەبەری 30-40 هەزار هەنگە و هەر ماكێك چوار ساڵ دەژی و لە ژیانی خۆیدا چەند ملیۆنێك هێلكە دەرژێنێت. جیاوازی ماك لە هەنگەكانی دیكە ئەوەیە كە ئەوانەی دیكە هەموویان كرێكارن و 4 تا 8 مانگ دەژین". درێژە بە قسەكانی دەدات و دەڵێت "كاتێك هەنگی ماك دەبێتە یەك ساڵ، ژمارەیەك لەسەر پشتی دادەنێین، بەمشێوەیە ئاشكرا دەبێت كە ئەوە چەند ساڵییە، كە دەبێتە سێ ساڵ دەریدێنم و دەیكوژم، دواتر هەنگە ماكێكی دیكەی گەنج دەخەینە نێو هەنگەكان، چونكە ئەگەر ماك گەنج بێ، باشتر كاردەكات و زیاتر هەنگوین دروست دەكات".
شاهین ئایدن دەڵێت هاووڵاتیانی كورد دەزانن كە ئەو لە ئەڵمانیا هەنگ بەخێو دەكات "ساڵی رابردوو دوو پەرلەمانتاری باشووری كوردستان بوونە میوانی من. منیش شووشەیەكی هەنگوینم بە دیاری دانێ. كە پێمگوتن ئەوە هەنگوینی منە، سەریان سوڕما".
هەنگوینی كوردستان لە هەنگوینی ئەڵمانیا بەتامترە
لەبارەی جیاوازی تامی هەنگوینی كوردستان و هەنگوینی ئەڵمانیا، شاهین دەڵێ، لە كوردستان گیا و گوڵی جۆراوجۆر هەیە. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە تامی هەنگوینی كوردستان خۆشتربێ. هەروەها كەشوهەوای كوردستانیش لەوەی ئەڵمانیا جیاوازە و ئەمەش كاریگەری هەیە.
ئایدن خۆشەویستییەكی لە راددەبەدەری بۆ هەنگ هەیە و دەڵێت "من حەزم لە سروشتە و هەنگیش سوودی گەورەی هەیە بۆ سروشت.
بۆ نموونە 70%ی تۆوی سەوزە و میوە و گوڵ و گیا بەهۆی هەنگەوە بڵاودەكرێتەوە. ئەمە ئەوە دەگەیێنێ كە ئەگەر هەنگ نەبێت، ئەوە خواردنی مرۆڤیش كەمدەبێتەوە، بۆیە پێشنیازدەكەم ئەوانەی دەرفەتیان هەبێت، با هەنگ بەخێوبكەن، لەبەر ئەوەی هەنگوینی دەخورێ و كاریگەری ئەرێنیشی لەسەر سروشت هەیە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ