رووداو - سلێمانی
شاندێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح کۆبووەوە، شاندەکەی ئێران بە ئامانجی چارەسەری کێشەکانی نێوخۆی یەکێتی هاتووەتە سلێمانی، داوای لە هەردوو جێگرانی سکرتێری گشتی کردووە کۆنسەیەکی سەرۆکایەتی بۆ بەڕێوەبردنی یەکێتی دروستبکرێت.
پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، شاندەکە لە ئاستێکی سەربازیدایە، بۆ چارەسەری کێشەکان داوایان لە کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح کردووە لە هیچ بڕیارێکدا پەلە نەکەن. شاندی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشتریش لە گەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆببووەوە.
هێشتا ئاسمانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، تەمومژی ناتەبایی بەسەریەوە نەڕەویوەتەوە، ئێستا ترسێك لەدەرەوەی ئەو حیزبە دروستبووە كە كێشەكان سەر بۆ دژواری بكێشن، هەر بۆیە شاندێكی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوەندگیریكردن بەردەوامە، ئێرانییەكان پێیانباشە هەرسێ سەركردە پێكنەهاتووەكە كۆمیتەیەكی هاوبەشی سەركردایەتی پێكبێنن تاوەكو كاتی بەستنی كۆنگرە، بەڵام سەركردەیەكی یەكێتی دەڵێت ئێرانییەكانیش بێلایەن نەبوون.
محەممەد حەمەسەعید، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی گوت "من بیستوومە ئێرانییەكان لەبەرژەوەندی لایەك نێوەندگیری دەكەن، ئێستا ئەمریكاش خەریكی نێوەندگیرییە و بەشێك لە حیزبەكانیش گوتوویانە ئەوە كێشەی نێوخۆیی یەكێتییە و ئەگەر هەرچیشمان پێبگوترێت لەخزمەتیانداین".
یەكەمجار نییە ئێرانییەكان بۆكاروباری پارتەكانی باشووری كوردستان بێتە سەرهێڵ، لەدوای دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان و گرژییەكانیان لەگەڵ یەكێتی، ئێرانییەكان زۆرجار لە سلێمانی بارەگا بە بارەگا گەڕاون، بەڵام بۆ ئەمجارەی یەكێتییەكان جەمیل هەورامی ئەوەندە رەشبینە، دەڵێت وابڕوات نەك ئێران ئەمریكاش كۆمان ناكاتەوە
جەمیل هەورامی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە رووداوی گوت "ئێران وەك ودۆست و دراوسێ هاتووە و قسەی خۆی هەیە، بەڵام من دووپاتی دەكەمەوە كە ئەگەر ئیرادە هەبێت ئێرانمان ناوێت، ئەگرە نەشبێت نەك ئێران، ئەمریكاش كۆمان ناكاتەوە".
پێش ئێرانییەكان، نەوشیروان مستەفا هەوڵی زۆری لەگەڵ دوو باڵەكەی یەكێتی دا، ئەوەندەی پێكرا كە نەیهێشت هیچ لایەكیان پەنا بۆ بەریەككەوتن ببەن، ئێستا دەگوترێت ئەو كاروبارانەی بۆ كەسێك بەجێهێشتووە كە كەمجار ناوی دەهێنرێت، عوسمان حاجی مەحموود كە لە یەكەم شەوی ئەو دۆخەی یەكێتییەوە وەك دۆستی هەردوولا نێوبژیوانییان دەكات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ