مام جەلال کۆچی دوایی کرد

03-10-2017
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
مام جەلال لە تەمەنی 84 ساڵیدا لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد
مام جەلال لە تەمەنی 84 ساڵیدا لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد
نیشانەکردن مام جەلال
A+ A-

رووداو - ئەڵمانیا

پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا رایگەیاند، مام جەلال، سکرتێری گشتیی یەکێتی و سەرۆککۆماری پێشووی عێراق لە تەمەنی 84 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

پەیامنێری رووداو رایگەیاند، ئەمڕۆ (سێشەممە 3-10-2017) کاژێر 2:00ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی ئەڵمانیا و کاژێر 3:00 بە کاتی کوردستان مام جەلال تاڵەبانی لە نەخۆشخانەیەکی بەرلین کۆچی دوایی کرد.

جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رۆژی 17-12-2012 لە بەغدا بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە باری تەندروستی تێکچوو، دواتر رەوانەی نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا کرا و دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، رۆژی 19-7-2014 گەڕایەوە سلێمانی. 

پاشان جارێکی دیکە بۆ هەمان مەبەست برایەوە ئەڵمانیا، دواتر برایە نەمسا، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2016ەش گەڕایەوە کوردستان و باری تەندروستی باشتر بوو، لەوکاتیشەوە تاوەکو ئێستا ناوەناوە سەرکردە و کەسایەتییەکان سەردانیان دەکرد. مانگی تەمموزی ئەمساڵیش له‌سه‌ر بانگهێشتی لێپرسراوانی كۆماری ئیسلامیی ئێران سەردانێکی دۆستانەی بۆ تاران ئەنجامدا.

ژیاننامەی مام جەلال:

- جەلال حیسامەددین نوورەڵڵا تاڵەبانی، کوڕی خەدیجە و ناسراو بە مام جەلال، لە ساڵی 1933 لە گوندی کەلکان لە بناری چیای کۆسرەت لەدایکبووە. 

- ساڵی 1959 کۆلێژی یاسای لە زانکۆی بەغدا تەواوکردووە و لە کاری سیاسیش بەردەوام بووە. 

- مام جەلال لە ناوەڕاستی ساڵی 1970 لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ژیانی هاوژینی پێکدەهێنێت.

- لە دەستپێکی شۆڕشی کوردستاندا لە ساڵی 1961، کە دواتر بە شۆڕشی ئەیلوول ناسرا، رۆڵی سەرەکیی گێڕاوە. 

- لە ساڵانی دواتریشدا رۆژنامەنووس و سیاسەتمەدار و پێشمەرگە بووە. هەروەها کەسێکی نزیکی مەلا مستەفا بارزانی بووە. 


- لە نیوەی دووەمی ساڵانی شەستی سەدەی رابردوودا ناکۆکیی لەگەڵ سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوولدا هەبووە، ئەوانەی لەگەڵ ئەودا هاوبیر بوون لە مێژووی کوردستاندا بە باڵی جەلالی دەناسرێن. 

- دوای رێککەوتننامەی یازدەی ئاداری 1971، مام جەلال بۆ نوێنەرایەتیکردنی شۆڕشی کوردستان بۆ ماوەیەک چووەتە بەیرووت. 

- ساڵی 1976 لەگەڵ چەند هەڤاڵێکی لە شاری دیمەشقی پایتەختی سووریا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دامەزراند و بووە سکرتێری گشتیی ئەو حیزبە. 

- بە درێژایی کۆتاییەکانی ساڵانی حەفتا و هەشتای سەدەی رابردوو رۆڵێکی سەرەکی لە شۆڕشی کوردستاندا گێڕاوە. 

- لە نیوەی یەکەمی ساڵانی هەشتادا لە چوارچێوەی دانوستاندندا لەگەڵ حکومەتی ئەوکاتەی عێراق، چاوی بە سەددام حوسێن، سەرۆککۆماری ئەوکاتی عێراق کەوتووە. بەڵام دانوستاندنەکان ئەنجامیان نەبووە. 

- ساڵی 1986 لەگەڵ ئیدریس بارزانی رۆڵی سەرەکییان لە دامەزراندنی بەرەی کوردستانی گێڕاوە و لە شاری تاران رێککەوتنێکیان بۆ ئەو مەبەستە واژۆکردووە. 

- لەدوای راپەڕینی ساڵی 1991ی باشووری کوردستان جارێکی دیکە لە چوارچێوەی شاندی بەرەی کوردستانیدا لە بەغدا چاوی بە سەددام حوسێن دەکەوێتەوە و ئەوجارەش دانوستاندنەکان لەگەڵ حکومەتی ئەوکاتی عێراق بێئاکام دەبن.

- تاوەکو ئێستا یەکێتی سێ کۆنگرەی بەستوون، لە هەرسێ کۆنگرەکەشدا بە سکرتێری گشتی هەڵبژێردراوەتەوە. 

- لە یەکەمین هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستاندا لە ساڵی 1992 کاندید بووە بۆ رێبەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان. 

- لە نیوەی دووەمی ساڵانی نەوەتدا بووەتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئیدارەی سلێمانی. 

- ساڵی 1998 لەگەڵ مەسعود بارزانی و بە نێوانگیریی ئەمریکا رێککەوتننامەی واشنتنیان واژۆکرد، بەو هۆیەشەوە کۆتایی بە شەڕی براکوژی هێندرا کە لەنێوان یەکێتی و پارتیدا چوار ساڵ بوو هەڵایسابوو.

- لەدوای رووخانی رژێمی سەددام لە ساڵی 2003، ئەندامی جڤاتی فەرمانڕەوایی عێراق (مەجلیسی حوکم) و بۆ خولێکیش سەرۆکی ئەو جڤاتە بووە. هەروەها لە داڕشتنەوەی دەستووری عێراقدا رۆڵی سەرەکیی گێڕاوە. 

- رۆژی 6 ی نیسانی 2005 بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراقدا کوردێک بووە سەرۆککۆمار، ئەو کەسەش مام جەلال بوو. 

- رۆژی 22 ی نیسانی 2006 سەرلەنوێ کرایەوە سەرۆککۆماری عێراق. 

- لەبەرئەوەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لەسەر بنەمای تەوافوق بۆ کوردستان بوو، ساڵی 2010ـیش دیسان مام جەلال بووەوە سەرۆککۆمار.

- رۆژی 18-12-2012، دوای تووشبوونی بە جەڵتەی دڵ و مێشک، لە بەغدا کەوتە نەخۆشخانە و دواتر بەپەلە گەیێندرایە ئەڵمانیا.

داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە