رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتەوە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، ئاو چووە 25 ماڵەوە و ئاستەنگی هاتووچۆش دروستبوو. لە سلێمانی سێ گەڕەک ئاوی تێدا کۆبووەوە. لە دهۆک بۆماوەیەکی کەم دوو شەقام ئاستەنگی هاتووچۆیان تێدا دروستبوو و، لە هەڵەبجەش بارانبارین هیچ ئاستەنگییەکی دروستنەکرد.
شەوی هەینی، 3ـی 11-2023، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بارانبارین نزیکەی کاژێر 10:00ـی ئەمشەو کۆتاییهات. گوتیشی، "سبەی کەشوهەوا جێگیر دەبێت و بەراورد بە ئەمڕۆ، پلەی گەرما دادەبەزێت".
لە هەولێر بەهۆی بارانی بەلێزمەوە لە چەند شوێنێک لافاو دروستبوو و ئەوەش ئاستەنگی بۆ هاونیشتمانیان دروستکرد. لەوبارەیەوە ئەمشەو، مقەدەم کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 9 تیمیان بەردەوام لە ئەرکدابوون و زیاتر لە 200 کەس بۆ بەهاناوەچوون پەیوەندییان پێوەکردوون. گوتیشی، "دۆخەکە هێوربووەتەوە و ئەو شوێنانەی ئاستەنگی هاتووچۆیان تێدا دروستببوو، هاتووچۆیان تێدا دەکرێت".
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، لە نزیکەی نۆ گەڕەک و ناوچەی هەولێر لافاو یان کۆبوونەوەی ئاو دروستبوو؛ کۆبوونەوەی ئاو لە بەحرەکە ئاستەنگیی زۆری بۆ خەڵک دروستکرد. کاروان میراودەلی لەبارەی زیانەکانەوە گوتی، "زیانی گیانی نەبووە؛ نزیکەی 25 ماڵ ئاویان تێچووبوو لە بەحرکە، بەڵام ئاوەکە کەمبوو و هێندە زیانیان نەبووە کە شیاوی باسکردن بێت".
میراودەلی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمشەو هیچ کەسێک بۆ هاناوەچوون پەیوەندی پێوەنەکردوون و گوتی، "ئەفسەر و کارمەندەکانمان ئەوانەشی مۆڵەت بوون گەڕاونەتەوە دەوام و بۆ هاوکاری هاونیشتمانیان لە ئامادەباشیدان".
"هیچ ماڵیک لە سلێمانی ئاوی تێنەچوو بوو"
رائید ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی، ئەم شەو هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە سێ گەڕەکدا ئاو کۆبوویەوە. ئاو تەنیا چووە ژێرزەمینێکەوە، بەڵام زیانی گیانی نەبوو و هیچ ماڵێکیش ئاوی تێنەچوو. لەگەڵ تیمەکانی شارەوانی دۆخەکە کۆنترۆڵکرا".
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی گوتیشی، هاتووچۆ لە هەموو شەقامەکانی سلێمانی ئاساییە و تیمەکانیشیان بۆ هەر رووداوێکی نەخوازراو لە ئامادەباشیدان.
"لە دهۆک و هەڵەبجە بارانبارین زیانی نەبوو"
لەبارەی دۆخی دهۆکەوە، بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک ئەمشەو هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە دوو شەقام ئاستەنگییەکی کاتی دروستبوو؛ لە نزیکەی 10 خولەکەدا ئاستەنگییەکە نەهێڵدرا".
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک ئاماژەی بەوەکرد، لە ئەنجامی بارانبارینی ئەمڕۆدا هیچ زیانێکی گیانی و مادی لە سنوورەکەیان نەکەوتووەتەوە و گوتیشی، تیمەکانیان بەردەوام لە ئامادەباشیدان بۆ هەر رووداوێکی نەخوازراو.
هاوکات رائید زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بارانی زۆرباش باری و هیچ ئاستەنگییەکیشی بۆ هاتووچۆ و هاونیشتمانیان دروستنەکرد".
بارانی ئەمڕۆ هەینی، یەکەم بارانی ئەمساڵە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستانی گرتبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ