پەیامی قوباد تاڵەبانی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت: ئامادەین
رووداو دیجیتاڵ
قوباد تاڵەبانی رایدەگەیێنێت، ئامادەن بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەر "بنەمای هاوسەنگی و هاوبەشیی راستەقینە." لەبارەی هێرشی هەفتەی پێشووی سەر کۆرمۆریش رایگەیاند، "دەبێت کۆتایی بەم جۆرە هێرشانە بهێندرێت."
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە مایکڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد و کۆبوونەوە. بەپێی نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و "چەند پرسێکی گرنگی جێی بایەخی هەردوولا" کرا.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە پێكهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە و قوباد تاڵەبانی لەوبارەیەوە گوتوویەتی، "ئامادەین بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای هاوسەنگی و هاوبەشیی راستەقینە، کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاووڵاتییان و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات."
سەبارەت بە هێرشکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، وەکو لە راگەیێندراوی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی دا هاتووە، "هەردوولا هاوڕابوون ئەم هێرشە تیرۆریستییە بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستانە و دەبێت کۆتایی بەم جۆرە هێرشانە بهێندرێت." جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتووشیەتی، "بەردەوامی و چەندبارەبوونەوەی هێرشەکان بۆسەر ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستان، سەلمێنەری ئەوەیە کە پێویستە ئاستی هەماهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا بەردەوام و زیاتر بێت."