لێدوانی مەسرور بارزانی بۆ رووداو لەبارەی پێکهێنانی حکومەت، سەرۆککۆمار و مووچە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی پرسەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق، پرسی سەرۆککۆمار و مووچەی کرد.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیوای خواست کە چیدیکە نەهامەتی بەسەر کورددا نەیەت، بە پێویستیشی زانی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان یەکهەڵوێست بن. لەبارەی پرسی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر ئەو پرسە "رێکنەکەوتووین."
 
لە بەشێکی قسەکانیدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، "پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دوو پرسی جیاوازن." ئەوەشی خستەڕوو، پێیوانییە کە ئەو دوو پرسە تێکەڵ بکرێن.
 
"بەشی زۆری بابەتی مووچە بەستراوەتەوە بە بەغداوە"
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە گوتی، "بەشێکی زۆری بابەتی مووچە بەستراوەتەوە بە بەغداوە و ئەو بڕیارانەی کە دەیدات، خۆی لەڕووی دەستوورییەوە حەقی خەڵکی کوردستانە شایستە داراییەکان بەردەوام بن بەبێ کێشە و گرفت، بەڵام بەداخەوە لە ماوەی رابردوو بینیمان کە بە سیاسی کرا، لە ساڵانی رابردووش چەند مووچەیەکی خەڵکی کوردستان نەدران، لەبەرئەوەی بابەتەکە بە سیاسی کراوە."
 
سەبارەت بەوەی "حکومەتی عێراق زۆر جار گلەیی ئەوە دەکات و دەڵێت: کە ئێمە سیولەمان نییە یان دۆخی ئابووری خراپە،" مەسرور بارزانی گوتی، "خراپبوونی دۆخی عێراق یان خراپ ئیدارەدانی داهاتەکانی عێراق، نابێ بەتەنیا کورد باجەکەی بدات؟"
 
لەبارەی بە گرژییەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکە، مەسرور بارزانی پێیوایە، "لە بەرژەوەندیی خەڵکی ئێمەدا نییە" و گوتیشی، "لەگەڵ ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکەین."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مەسرور بارزانی: 
 
رووداو: هەستەکەم لێرە [لە ئیمارات] دڵخۆشی، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیمارات چۆنە؟
 
مەسرور بارزانی: پەیوەندیمان لە ئاستێکی زۆر زۆر باشدایە، ماوەیەکی زۆریشە ئەو پەیوەندییانە رۆژ بە رۆژ و ساڵ بە ساڵ پەرە دەستێنێت، لەسەر هەموو ئاستێکیش دڵخۆشین بەو پەیوەندییانە، هەم لەسەر ئاستی سەرکردایەتی و هەمیش لەسەر ئاستی تێکەڵبوونی هەردوولا. پێموایە هەردوولا گرنگییەکی زۆر بەو پەیوەندییانە دەدەن، ئێمە لای خۆمانەوە زۆر مورتاحین.
 
رووداو: پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیمارات، قەتەر، تورکیا، ئوردن و سعودیە زۆر باشن، ئەمە لەکاتێکدایە ناوچەکە بە گرژی و ئاڵۆزیدا دەڕوات، هەرێمی کوردستان دەتوانێ چ رۆڵێک ببینێت لە کەمکردنەوەی ئەو ئاڵۆزییانە؟
 
مەسرور بارزانی: ئێمە لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانە تێڕوانینێکی هاوبەشمان هەیە لە کۆی ئەو پرسانەی کە وەکو کێشەن چ وەکو دەرفەتن بۆ بەرەوپێش چوونی ناوچەکە، چ لە رووی پەرەسەندنی ئابووریی ئەم وڵاتانە یان پەیوەندیی وڵاتەکان لەگەڵ یەکتر بۆ وەلانانی گرژییەکان، یان دروستکردنی فرسەتەکان لەکاتی قەیرانەکان، ئەم تێڕوانینە هاوبەشانەی ئێمە لەگەڵ ئەم وڵاتانە وایکردووە رێزی هاوبەشیش لەنێوانمان دروست ببێت و زیاتر بیر و بۆچوونەکان بگۆڕینەوە، ئەوانیش رێزێکی زۆریان بۆ خەڵکی کوردستان هەیە، چونکە لە ماوەی رابردوو کوردستان نیشانی داوە کە عاملی خێرە و دەتوانێت دەورێکی کاریگەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ببینێت، لە ماوەی ئەم ساڵانەی رابردووش هەوڵێکی جیدیمان داوە بۆ زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی کەنداو. 
 
رووداو: ئێستا پەیوەندییەکانتان لەگەڵ یەکێتی چۆنە؟
 
مەسرور بارزانی: پەیوەندی ئاساییە، زۆر ئاساییە کێشەشت هەبێ لەسەر پرسە سیاسییەکان، بەتایبەتی ئێستا کە بابەتی پێکهێنانی حکومەت هەیە، پێکهێنانی حکومەت لەسەر ئاستی بەغداش هەیە، ئێمە بۆچوونی جیاوازمان هەیە وەکو دوو حیزبی سیاسیی جیاواز، بەڵام لە ئەنجامدا پێویستە هەموو لایەک بەرژەوەندیی باڵای گەلەکەمان لەبەرچاو بگرن، دەبێ خەڵکیش ئەمە بزانن کە ئەم بەرژەوەندییانە پێویستە پێوەربن بۆ هەڵسەنگاندنی کاری حیزبەکان، بۆ ئەوەی پاڵپشتیی خەڵکیش بۆ ئەو لایەنانە دیار بکەوێت کە زیاتر داکۆکی لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان دەکات. 
 
رووداو: لای پارتی دیموکراتی کوردستان پێشینە بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان یان عێراق؟
 
مەسرور بارزانی: هەردووکیان گرنگن، هەریەکە و لە ئاستی خۆی. لە ئاستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوە ساڵێک زیاترە ئێمە حکومەتمان پێکنەهێناوە؛ هەرچەندە رەغبەت و ویستی ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوە بووە کە یەکسەر دوای هەڵبژاردن حکومەت پێکبهێنین، بەڵام بەداخەوە لایەنی بەرامبەر نەهاتنە پێشەوە، هەرچەندە ئێمە داوامان لە هەموو لایەنەکان کرد ئەوانەی براوەبوون لە هەڵبژاردنەکان بەشدارییەکی کارا بکەن لە پێکهێنانی حکومەت؛ هەندێ لایەن بڕیاریان دا وەکو ئۆپۆزیسیۆن بمێننەوە، ئەوانی تریش بەتایبەتی یەکێتی، کە گفتوگۆیەکی زۆرمان کرد و قۆناخێکی باشمان بڕی و ئەجێندایەکی هاوبەشمان دانا، بەڵام بەداخەوە دواتر لەسەر هەندێ پۆست بەداخەوە ئەوان نەهاتنە پێشەوە بۆ ئەوەی ئەم حکومەتە پێکبهێنین، هیوادارم بتوانین ئەم قۆناخە تێپەڕێنین و شتێکی وا بکەین لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان بێت.
 
رووداو: ئێستا گفتوگۆ هەیە لەنێوان پارتی و یەکێتی؟
 
مەسرور بارزانی: گفتوگۆ هەر بەردەوام دەبێ، بەڵام ئێمە مەبدەئێکمان هەیە کە دەبێ بە راشکاوی باسی بکەم، دەبێ رێز لە خەڵکی کوردستان بگرێ، رێز لە دەنگی خەڵکی کوردستان بگرێ، دەبێ ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەبەرچاو بگیرێن، ناکرێ هەڵبژاردن بکرێت و رێز لە ئەنجامەکەی نەگری. ئەمە ئەو مەبدەئەیە کە ئێمە پەیڕەوی دەکەین و بەردەوامیش دەبین.
 
رووداو: ئەوەی پەیوەندیی بە حکومەتی عێراقەوە هەیە..
 
مەسرور بارزانی: لەسەر حکومەتی عێراقیش، ئێستا دوو پرس هەن، یەکێکیان پرسی سەرۆکوەزیرانە کە ئەمە زیاتر بەستراوەتەوە بە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و ئەوان کاندیدی خۆیان دەستنیشان بکەن، کە دیتمان لەم ماوەیە هەندێ چالاکیی هەیە لەسەر ئەوەی کێ دەبێ بە سەرۆکوەزیران و ئاڵنگاری و کێشەکان چین، ئەوانە هەمووی لە راگەیاندنەکان باسکراون، هێشتا چاوەڕێین بۆ ئەوەی بزانین کێ دەبێتە دوا کاندیدی چوارچێوەی هاوئاهەنگی؛ ئایا ئەوان بەردەوام دەبن لەسەر بەربژێرکردنی بەڕێز مالیکی یانیش رایەکی جیاوازیان دەبێ، ئێمە وەکو کورد رێز لە زۆرینەی لایەن و پێکهاتەکانی دیکە دەگرین، چ لە سوننە بێت یان شیعە. بە هەمانشێوە لە بابەتی سەرۆکایەتیی کۆماریش لایەنەکانی دیکە رێز لە زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بگرن، بەپێی هەمان لۆژیک کە لایەنی براوەی شیعە بەربژێری خۆی دەستنیشان دەکات، لایەنی براوەی سوننە بەربژێری خۆی دیاری دەکات، دەبێ براوەی کوردیش کاندیدی خۆی بۆ سەرۆککۆمار دەستنیشان بکات. 
 
پارتی زۆرینەی دەنگی کوردستانی بردووەتەوە، بەپێی هەمان لۆژیک حەقی پارتییە کە بەربژێری خۆی دەستنیشان بکات، بەڵام ئەگەر پارتی ئامادەبێت واز لەم حەقە بێنێت، بۆ زۆرینەی دەنگی کوردستانی وازی لێدێنێ، بۆ ئەوەیە کۆدەنگییەکی نیشتمانیی یەکگرتوو لەسەر بەربژێرێک هەبێ، نەک تاکە لایەنێک. تاکە لایەنێک کە براوەش نەبێ، حەقی ئەوەی نییە بڵێ ئیلا دەبێ من بەربژێرەکە دەستنیشان بکەم. 
 
رووداو: میکانیزمەکە چییە؟
 
مەسرور بارزانی: میکانیزمەکە ئەوەیە کە یان پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی تایبەت بکات، لەو نۆ کاندیدەی خۆیان بەربژێر کردووە کام لەوانە دەنگی زۆرینەی هێنا ببێ بە کاندیدی هەموو کوردستان، ئەوکاتیش لایەنە کوردستانییەکان پاڵپشتیی لێبکەن، یانیش ئەو ئەندامانەی پەرلەمانی عێراق [کوردستانییەکان] لە هەنگاوی یەکەم دەنگ لەسەر کاندیدەکان بدەن، کامەیان دەنگی زیاتریان هێنا ببێ بە کاندیدی هاوبەشی هەموو کوردستان، وابزانم ئەمە لۆژیکێکە کە کەس ناتوانێ دژی بوەستێ...
 
رووداو: ئەنجامەکە هەر چۆن بێت ئێوە قبووڵی دەکەن؟
 
مەسرور بارزانی: بێگومان ئێمە قبووڵی دەکەین، ئێمە زیاتر داکۆکیمان لەسەر میکانیزمەکە کردووە کە دەبێ بە جۆرێک بێت پشتیوانیی زۆربەی خەڵکی کوردستانی لەگەڵدا بێت. تاکە حیزبێک ناتوانێت پۆستێک بۆ خۆی قۆرخ بکات، ئەگەر هەڵبژاردنی بردووەتەوە حەقی خۆیەتی، ئەگینا حەقی ئەوەی نییە بڵێ ئیلا دەبێ ئەو پۆستە بۆ من بێ.
 
رووداو: مووچەخۆران نیگەرانن لەوەی ئەمساڵیش کێشەی مووچە بەردەوام بێت، ئێوە چی دەکەن بۆ ئەوەی خەڵک لە مووچە دڵنیا بکەنەوە؟
 
مەسرور بارزانی: بەشێکی زۆری بابەتی مووچە بەستراوەتەوە بە بەغداوە و ئەو بڕیارانەی کە دەیدات، خۆی لە رووی دەستوورییەوە حەقی خەڵکی کوردستانە شایستە داراییەکان بەردەوام بن بەبێ کێشە و گرفت، بەڵام بەداخەوە لەماوەی رابردوو بینیمان کە بە سیاسی کرا، لە ساڵانی رابردووش چەند مووچەیەکی خەڵکی کوردستان نەدران، لەبەرئەوەی بابەتەکە بە سیاسی کراوە، دواتر حکومەتی عێراق زۆر جار گلەیی ئەوە دەکات و دەڵێ: کە ئێمە سیولەمان نییە یان دۆخی ئابووری خراپە، بەڵام خراپبوونی دۆخی عێراق یان خراپ ئیدارەدانی داهاتەکانی عێراق، نابێ بەتەنیا کورد باجەکەی بدات؟
 
رووداو: بە بڕوای جەنابت کامیانە، خراپ ئیدارەکان یان دۆخی ئابووری؟
 
مەسرور بارزانی: هەردووکییەتی. ئاخر خراپ ئیدارەدانەکەیە دۆخی ئابووریی خراپ کردووە، ئەگەر ئیدارەدانێکی باش هەبووایە دۆخی ئابووری بەمشێوەیە نەدەبوو. ئەمە مانای ئەوە نییە کە تەنیا کورد دەبێ باجی ئەم ئیدارەدانە هەڵەیە بدات.
 
هەرێمی کوردستان پابەندبوونەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە حکومەتی عێراقیش بابەتی مووچە تێکەڵی هیچ بابەتێکی دیکەی ئابووری نەکات، هەرچەندە دەبوو بەپێی دەستوور زۆر شتی تریش بۆ هەرێم بکرێت، وەکو: میزانیەی وەبەرهێنا و میزانیەی بەڕێوەبردن؛ جگە لە مووچە، خۆ تەنیا مووچە نییە، لە بودجە زۆر شتی تریش هەیە کە بەداخەوە تائێستا حکومەتی فیدراڵی پابەند نەبووە بە جێبەجێکردنی ئەو مەسئولییەتەی کە کەوتووەتە سەرشانی.
 
رووداو: زۆر زۆر سوپاستەکەم بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
 
مەسرور بارزانی: زۆر زۆر سوپاستان دەکەم