04-03-2026
02:17
عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت: "با گرووپە جوداخوازەکان وا بیر نەکەنەوە کە شنەیەک هەڵیکردووە (دەرفەتێک رەخساوە) و هەوڵی ئەنجامدانی کارێک بدەن، بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشییان لێ ناکەین، دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزە چەکدارەکانماندایە."
23:54
تۆماس فریدمان، نووسەری بەنێوبانگی ئەمریکی دەڵێت بۆ ئەوەی لە شەڕی ئێستا لەگەڵ ئێران تێبگەین، دەبێت لەیەک کاتدا چەندین بیرۆکەی جیاواز و دژیەک لە مێشکی خۆتدا دابنێیت. لە دوایین وتاریدا لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، باسی 4 خاڵی سەرەکیی ئەم دۆخە دەکات کە پێشبینی ناکرێت.
یەکەم: ئامانجەکە چییە؟
فریدمان، پێی وایە گۆڕینی ''رژێمی ئایینی لە ئێران'' کارێکی گرنگی ''ئەخلاقی و ستراتیژییە''. ئەو دەڵێت ئەگەر سەرکردایەتییەکی نوێ بێتە سەر کار کە گرنگی بە خەڵکی ئێران بدات نەک دروستکردنی کێشە لە ناوچەکە، ئەوا دەتوانێت هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو باشتر ببات. بە بڕوای ئەو، نەمانى کۆماری ئیسلامی دەبێتە گەورەترین گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا لە ساڵی 1979ـەوە.
دووەم: رووبەڕووبوونەوەی راستییەکان
فریدمان، هۆشداری دەدات کە گۆڕینی رژێم تەنیا بە هێرشی ئاسمانی ناکرێت. بۆ نموونە، ئیسرائیل دوای 2 ساڵ شەڕی قورس، هێشتا نەیتوانیوە حەماس لەنێوببات. ئەو دوو مەترسی دەبینێت: یان "کۆماری ئیسلامی بە شێوازێکی نوێ" دروست دەبێتەوە کە تەنیا بۆ مانەوەی خۆی کار دەکات، یان لەوەش خراپتر، وڵاتەکە "دەتەقێتەوە" و دەبێتە چەند پارچەیەکی بچووکی نەتەوەیی، کە ئەمەش کۆتایی بە ئێرانی یەکگرتوو دێنێت.
سێیەم: بەدوای پارەدا بڕۆ
ئەم شەڕە تەنیا لە بەرەکانی جەنگدا نییە، بەڵکو لە بازاڕەکانیشدا کاریگەریی هەیە. لە کاتێکدا ئەورووپا بۆ وزە پشتی بە گازی کەنداو بەستووە و نرخی نەوتیش بەرز دەبێتەوە، فریدمان دەڵێت بەرزبوونەوەی نرخەکان لەوانەیە زیان بە ئیدارەی ئێستای ئەمریکا بگەیەنێت. ئەم گوشارە ئابوورییە وادەکات "شەڕێکی خێرا" تەنیا ئامانج نەبێت، بەڵکو ببێتە پێویستییەکی سیاسی بۆ کۆشکی سپی.
چوارەم: دووڕوویی لە نێوخۆدا
لە کۆتاییدا، فریدمان هۆشدارییەک لەسەر دیموکراسی دەدات. فریدمان، دەڵێت نابێت شەڕێک بۆ "ئازادی" لە تاران، ببێتە هۆی ئەوەی ئاگامان لە لاوازبوونی دۆخی دیموکراسی لە وڵاتی خۆمان نەمێنێت. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە ترەمپ باسی یاسا و رێسا لە ئێران دەکات، لە کاتێکدا لە ئەمریکا رەخنەی لێ دەگیرێت. هەروەها هۆشداری دەدات کە نەتەنیاهوو لەوانەیە سەرکەوتن بەسەر ئێراندا بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دادگای باڵای ئیسرائیل کەم بکاتەوە و کەرتی رۆژئاوا بخاتە سەر وڵاتەکەی.
فریدمان، دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە ئەمە "هەستیارترین" کاتە لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا. هەموو شتێک و پێچەوانەکەشی، ئەگەری هەیە رووبدات.
21:39
نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی کوردستان نابێته بهشێك له ململانێكان
هەر لە چوارچێوەی گرژییەکانی ناوچەکە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنيی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێگەیشت.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ههردوولا داكۆكييان له پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان کردهوه، بە شێوەیەک کە رێگری لە هەر هەوڵێک بکرێت بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە و ئاڵۆزکردنی زياترى دۆخەکە."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردووەتەوە، "هەرێمی کوردستان نابێته بهشێك له ململانێكان و وەک هەمیشە فاکتەری ئارامی دەبێت، ههروهها پشتگیری لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەکات بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی شەڕ لە گەلانی ناوچەکە."
19:55
بۆردوومانی سەر ئێران بەردەوامە و هەرێمی کوردستانیش بە درۆن دەکرێتە ئامانج
هێرشەکەی سەر سوورداش لە قەزای دووکان
جارێکی دیکە هێرشکرایەوە سەر هەولێر و سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە چەندین مووشەک بەرپەرچی دایەوە.
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان و ئەو ڤیدیۆیانەی بۆ رووداو نێردراوە، لە گەڕەکی 32ـی پارک پاشماوەی هێرشەکە بەر خانووێک کەوتووە و زیانی پێگەیاندووە.
ڤیدیۆکە لە سۆشیال میدیای رووداو ببینە.