بۆردوومانکردنی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان فراوانتر بووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ناسر پیرۆتی
هێرشی سەر بنکە و بارەگاکانی سوپای پاسداران لە رۆژهەڵاتی کوردستان
هێرشی سەر بنکە و بارەگاکانی سوپای پاسداران لە رۆژهەڵاتی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە پێنجەم رۆژی شەڕی ئەمریکا- ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، ژمارەیەکی زیاتر لە بنکە سەربازی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرانە ئامانج و ژمارەیەک لەو شارانەی گرتەوە، کە پێشتر بنکە و بارەگا سەربازییەکان تێیاندا بۆردوومان نەکرابوون.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بەشێک لە فەرماندە و ئەفسەرە باڵا سەربازییەکان چوونەتە ناوچە سیڤیل نیشینەکان.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند شاری رۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتوونەتە تۆڕی میدیایی رووداو، فەرماندە و پلەدارە باڵا سەربازییەکان، بنکەکانیان چۆڵکردووە و لە شوێنی دیکە نیشتەجێبوون. بەپێی زانیارییەکان، بەشێک لە هێزە سەربازییەکان لەنێو هۆڵە وەرزشییەکان و هۆڵی بۆنە و رێوڕەسمەکاندا جێگیربوونە، لەگەڵ ژمارەیەک قوتابخانە و بنکەی تەندروستی. بنکە سەربازییەکان زیاتر سەرباز و پلەداری پلە نزمیان لێ دەمێننەوە.
 
بەپێی بەدواداچوونەکان، ئەمریکا و ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە پێنج رۆژی یەکەمی شەڕدا کەمتر بنکە سەربازییەکانی سەر بە ئەرتەش (سوپا) دەکەنە ئامانج و زیاتر بنکەکانی سوپای پاسداران، پاسەوانیی سنوور و ئیتلاعات بۆردوومان دەکەن. لە بنکەکانی ئەرتەش، بنکەکانی بەرگری ئاسمانی و شوێنەکانی هەڵدانی مووشەک کراونەتە ئامانج.
 
بۆردوومانەکان لە پێنج پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تاوەکو ئێستا بەمشێوەیە بووە:
 
 
پارێزگای ورمێ
 
شەوی چوارشەممە4ی ئاداری 2026، چەند بنکەی ئەمنی و سەربازی لەنێو شاری بۆکان کرانە ئامانج. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، یەکێک لەو شوێنانەی کراوەتە ئامانج، بنکەی ئیتلاعاتە لە شاری بۆکان. هەروەها دەوروبەری قایمقامییەتی شارەکەش کراوەتە ئامانج.
 
فڕۆکەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بەردەوام ئامانجەکانیان لەنێو شاری ورمێ بۆردوومان دەکەن. یەکێک لەو شوێنانەی ئەمڕۆ چوارشەممە بۆردوومان کراوە، ناوەندی فەرماندەیی پۆلیسی ئینتەرنێتیی پارێزگای ورمێ یە، بەڵام بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە.
 
میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانە، چەند پاسێک لە نێو تێرمیناڵ، نەخۆشخانەی (تاڵەقانی) و هەروەها چەند ئامانجێک لەنێو گەڕەکەکانی شاری (ورمێ) یان پشتڕاستکردەوە. لەنێو گەڕەکەکاندا، زیاترین هێرشکراوەتە سەر چەند ئامانجێک لە شەقامی (7ـی تیر یان پووشپەڕ). لەنێو تێرمیناڵی ورمێ چەند پاس کراونەتە ئامانج، بەڵام هێشتا ژمارە و ناسنامەی سەرنشینەکانیان دیار نییە.
 
میدیا فەرمییەکانی ئێران هەروەها بڵاویانکردووەتەوە، دوو ئۆتۆمبێل لە نزیک شارۆچکەی پیشەسازیی ورمێ کراونەتە ئامانج و لە ئەنجامدا 9 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
لە پێنجەم رۆژی شەڕدا، بۆ یەکەم جار بنکە سەربازی و ئەمنییەکان لە شاری (سەردەشت)یش کرانە ئامانج. بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان، ناوەندی فەرماندەیی سەربازگەی سوپای پاسداران ناسراو بە (سوپای جوندوڵڵا) و هەواڵگریی سوپای پاسداران لەو شارە کراونەتە ئامانج.
 
هەروەها بەرەبەیانی پێنجشەممە، بارەگای سەرەکیی دەزگای هەواڵگریی سوپای پاسداران لە شاری نەغەدە بۆردوومان کرا.
 
پارێزگای سنە
 
لەنێو شاری سنە، لە نیوەشەوی سێشەممەوە تاوەکو بەیانیی چوارشەممە چەندین جار ژمارەیەک خانوو و باڵەخانە لە گەڕەکی قشڵاق بۆردوومان کران. بەپێی ئەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە، چەند خانوو و باڵەخانە لەو گەڕەکە خاپوورکراون. میدیا فەرمییەکانی پارێزگای سنە دەڵێن، شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سیڤیلن، بەڵام بە گوتەی ئەو کەسانەی وێنە و ڤیدیۆی بۆردوومانەکەیان بڵاوکردووەتەوە، ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج بنکەی سەربازیبوون. 
 
یەحیا ئیلاهی فەرماندەی پۆلیسی سنە لە رێگەی میدیاکانەوە بانگەوازێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا داوا لە خەڵک دەکات، دوای بۆردوومانکردن نەچنە شوێنە بۆردوومانکراوەکان. یەحیا ئیلاهی دەڵێت، بەشێک لەو مووشەکانەی بۆ هێرشەکان بەکاردەهێندرێن، رەنگە چەند خولەک یان چەند کاژێر دواتر جارێکی دیکە بتەقنەوە.
 
دوای نیوەڕۆی چوارشەممە، چەند ئامانجێک لە گوندی نەنەڵەی قەراخ شاری سنەش بۆردوومان کران.
 
لە بانە لانیکەم دوو سەربازگەی سوپای پاسداران لەنێو شار و دەوروبەری شارەکە بۆردوومان کران، کە یەکێکیان بە ناوەندی فەرماندەیی سوپای پاسداران لەو شارە دەناسرێت. هەروەها پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سەربازگەی ئەرتەش لە سۆغانانی شارەکە کرایە ئامانج و دوای بۆردوومانەکە دەنگی تەقینەوە و دووکەڵی زۆر لە شوێنی بۆردوومانەکە بەرزبووەوە.
 
پارێزگای کرماشان
 
بەیانیی چوارشەممە ئامانجێک لە دەوروبەری گۆڕەپانی نەوت لە نێوشاری کرماشان بۆردوومان کرا. سەرچاوە هەواڵییەکانی کرماشان دەڵێن ئەو شوێنەی بۆردوومان کراوە، بەڕێوەبەرایەتیی ئیتلاعاتی پارێزگای کرماشان بووە، بەڵام پشتڕاست نەکراوەتەوە.
 
میدیا حکومییەکانی پارێزگای کرماشان بۆردوومانکردنی ژمارەیەک بنکەی سەربازییان لەنێو شاری کرماشان پشتڕاستکردەوە و دەڵێن، لەنێو شوێنە بۆردوومانکراوەکاندا، ناوەندی تەندروستیش هەن. 
ئێوارەی چوارشەممە، چەند جار سەربازگەی (سابتخا)ـی سوپای پاسداران لە شاری گێیەڵانی پارێزگای کرماشانیش بۆردوومان کرا.
 
پارێزگای لوڕستان
 
لە خوڕەمئاوای لوڕستان بنکەی سەرەکیی بەرگری ئاسمانیی ئەرتەشی ئێران کرایە ئامانج. پەیوەندییە گشتییەکانی قەرارگەی زەوینیی لەشکری 84ـی ئەرتەشی ئێران لە لوڕستان دەڵێت، لە هێرشەکەدا چوار ئەفسەری بەرگری ئاسمانی کوژراون. پێشتریش کوژرانی پێنج ئەفسەری دیکەی ئەو هێزە راگەیێندرابوو. 
 
فەرماندەیی پۆلیسی لوڕستان رۆژی چوارشەممە لە راگەیێندراوێکدا، کرانە ئامانجی بنکەکانی پۆلیس لەو پارێزگایەی رەتکردەوە و دەڵێت، "پڕۆژەیەکی ئامانجدار هەیە بۆ نائارامکردن و ناسەقامگیرکردنی پارێزگای لوڕستان".
 
پارێزگای ئیلام 
 
رۆژی پێنجشەممە جارێکی دیکە فەرماندەیی پاسەوانیی سنووری شاری مێران ناسراو بە بنکەی (بەهرام ‌ئاباد) لە پارێزگای ئیلام بۆردوومان کرایەوە. بەرپرسانی پاسەوانیی سنووری ئیلام بە میدیا فەرمییەکانیان راگەیاندووە، هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی زۆری بە بارەگاکە گەیاندووە.
 
دامەزراوە حکومی و سەربازییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زانیاری تەواو لەبارەی شوێنە بۆردوومانکراوەکان و هەروەها ژمارەی قوربانیان بڵاو ناکەنەوە، بۆیە ژمارەی تەواوی قوربانیان نازاندرێت. لەنێو قوربانییەکاندا، سەرباز و هەروەها خەڵکی سیڤیلیش هەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە