لە یەكی ئایاردا

04-05-2018
رەئوف حەسەن
نیشانەکردن یەكی ئایار کرێکاران
A+ A-

بابەتەکە رۆژی یەکی ئایار لە هەفتەنامەی رووداو بڵاوکراوەتەوە

ئەمڕۆ یەكی ئایارە، (ڤینۆس) دوای خوێندنەوەی هەزارەمینجارەی نامەكە، لەبەیانییەوە خۆی ئامادەی ژوانە تایبەتییەكەی كردووە. لەكن ئەم كانییەی نێو ئەم باخ و گوڵزارە، جانتاكەی دادەنێ‌ و پشوویەك دەدات. بە مشتێ‌ ئاوی كانیاوەكە لێوانی تەڕ دەكات، هێدی هێدی بەرەو جێژوانی بەر تیشكی خۆری (بەعلەبەك) دەڕوات. سڵ دەكات و هەنگاو دەنێ‌. ئەوە ساڵێكە دڵدارەكەی چاوەڕوانی ئەم ڕۆژەیە. هێشتا بۆ وادەی ژوان زووە. جارێكی دی نامەكە دەكاتەوە و...

]ئەمەی سەرەوە دەستپێكی رۆمانێكە. ئیدی هەر بەم چەند دێڕەدا بۆ خۆت دەزانیت چەند درۆ و بوختانم بۆ پاڵەوانە سەرەكییەكە هەڵبەستووە و چۆن فێڵێكیشم لە خۆشەویستەكەی كردووە! ئەمەیش دەقی نامەكەی نێو رۆمانەكەیە و بێگومان ڤینۆس ئەمەیانی لە ڕۆمانە چاپكراوەكەمدا نەخوێندووەتەوە.. تەنیا نامە دەستخەتەكەی منی هەزار و یەكجار خوێندووەتەوە[  
      
}ڤینۆس خانم! سەرت لەوە سوڕ نەمێنێ چیرۆكنووسێكی كورد چۆن ناوە راستینەكەت دەزانێت و نامەیشت بۆ دەنێرێت! بێگومان ناونیشانی ماڵەكەشتان بەتەواوی دەزانم، وەلێ‌، نازانم هێشتا لەوێ‌ (لە ناوچەی شەییاحی بەیروت) ماویت یان نا! من ناونیشانەكەتم لە دوا لاپەڕەی گۆڤارێكدا كە بۆ یەكدی ناسین تەرخان دەكرێت، نەخوێندووەتەوە، چونكە نە تۆ بڵاوت كردووەتەوە و نە منیش بەدوای ئەو ناونیشانانەدا دەگەڕێم تا نامە بۆ خاوەنەكانیان بنێرم. لەوانەیە دڵت ختوورە بكات و بڵێیت ناونیشان بەهەر حاڵا، ئەی ئەم كابرایە لەخۆیەوە نامەم بۆچی بۆ دەنووسێت؟ نا.. گەرچی تەنانەت ڕەنگ و روخساریشت دەزانم چۆنە، وەلێ‌ مەبەستم پەیوەندی و لێت نزیكبوونەوە نییە، دەزانم چاوەكانت سەوزی كاڵن، پێست پەمەیی.. قژ زەرد و باڵا بەرزیت. جاران ڕەنگی جانتا و پێڵاوەكانیشتم دەزانی كە دەبوو هەمیشە یەك ڕەنگ بوونایە، یان پێكەوە هارمۆنی بوونایە. ئێستا نازانم ڕەنگیان چۆنە، چونكە بێگومانم ئێستا وەك جاران نە جانتای بەڕەنگی پاژنە بەرزەكانت دەكەیتە شان و نە قۆڵی بلووزەكەیشت لە بەهاردا دەبەستیتە نێوقەدتەوە و نە دەرفەتی ئەوەشت ماوە بۆ مەلەكردن ڕوو لە بلاجەكان بكەی. چونكە نها كاڵەوپێتاو لەجێی پاژنە بەرز و جاروباریش تفەنگ لەبری جانتای شانتە.  

بمبەخشە خانم! گەرچی لە ژیانمدا بە خزمەتت نەگەیشتووم و تەنانەت وێنەكەشتم نەبینیوە، بێگومان بە فاڵگرەوەش نیم، كەچی بڕوا ناكەم ئێستاكە كەسێ‌ لەم جیهانەدا هەبێت هێندەی من تۆ بناسێت. تا ڕادەی زانینی شتە نهێنی و تایبەت و نەزانراوەكانت. بێگومان بە كەسێ‌ نیم خۆم لە كاروباری تایبەتیی خەڵكی هەڵقورتێنم و تەنانەت كە دوو دڵداری ناسراویشم پێكەوە بینیون، خۆم لێیان نەبان كردووە، چجای ئەوەی گوێ‌ بۆ ڕاز و گلەیی ئێوەی نەدیو و نەناس ڕادێرم!

دەزانم چەند دەنگت لە گۆرانیگوتندا ساف و بێگەردە. چەندیش حەزت لە گۆرانییەكانی (فەیرووز)ە. بەیانیان بەو گۆرانیانە زاخاوی مێشك و دەروونت دەدا و لە ئێوارە ژوانەكانیشتدا دەتگوتنەوە. سەرجەمی ڕاز و نیازەكانیشت دەزانم كە بە زاراوە لوبنانییە بەردڵا و سەرزمان شیرینەكەت بەگوێی (سالم)ی دڵدارتدا دەتچرپاندن (كرمال عیونك یا سالم!) (شو هایدە! تەوول بالەك یا عیون ڤینۆس) (شو بددەك؟) (ئەنا كەمان بددی نتجەووەز فیلئەووەل من ئایار) و... ئاه هەموو جارێ‌ لەوساتەدا و لە هەركوێ‌ بوونایە، مارێكی بەڵەكبەڵەك فیشكەی دەكرد و دەهاتە وێزەتان. مارێكی زمانزان، زمانی لێ دەردەكێشان و ئێوەش ڕادەچڵەكین و دەردەپەڕین. 

 ڤینۆس خانم نازانم لە خانووی ژمارە 6ی ئەپارتمانی ژمارە 9ی (شەییاح)دا ماویت و چاوەڕوانی هەواڵێكیت یان ئاگری ئەوین هەڵیگرتووی و شارەوشار و وڵاتە و وڵات بەدووی سالمدا وێڵی!؟ یاخود هەر ئێجگاری لەبیر خۆتت بردووەتەوە؟! یان...؟

با لەمە زێتر درێژەی نەدەمێ‌ و لەو گێژاوی سەرسوڕمانەت وەدەرنێم و پێتبڵێم: ئەگەر تا ئێستاش هەر چاوەڕوانیت، ئیدی بەسە و پێویست ناكات بەوجۆرە چاوەڕوانی گەڕانەوەی (سالم)ی خۆشەویستت بیت.

 بەڵێ‌ دەزانم سالم تۆی لە خاك و نیشتمانی لوبنان و لە چەكەكەی و تەنانەت لە بیروبڕواكەیشی خۆشتر دەویست. وەلێ‌، بێگومان بوو تا ئەو مارە بێئیجازەیە لە وڵاتدا بێت، نە هەر سەرتاپای ژیان و ئاسوودەییتان لێ‌ حەرام دەكات، بەڵكو هەرساتێ‌ بێت پێوەتان دەدات. دەیزانی مەحاڵە مرۆڤ لەگەڵا ئەمجۆرە مارانەدا هەڵبكات.

دەزانم ئەوە چەند چركەیەكە دڵت كەوتووەتە خوتوورەیەكی دیكەشەوە. بێگومانم هەستت بەو گوزارەیەی سەرووتر كرد كە سیغەی رابردووم تێدا بەكارهێنا و گوتم تۆی لە هەموو شتێ‌ زێتر خۆشدەویست. ئەی گوایە ئێستا فەرامۆشی كردوویت!؟ نا.. نا. 

ئەی ئەو هاوڕێیەی نەمبینیویت. بەڕاستی لە هەموو كەسێ‌ زێترت دەناسم. ئەمە ئەندێشە و فانتازیای چیرۆكنووسانەی من نییە. بمبەخشە و هیچ چارێكم نییە لەوە زێتر كە هەواڵی ڕاستینەی سالمت پێبڵێم. ئەمە ئەركێكە و لە سالمەوە بەمنی نەگبەت سپێردراوە. سالم هەر ئەوەی دەزانی من چیرۆكنووسێكم و بەس. بەڵكو وێڕای ئەوەی لە هەمان قەفەزی پۆڵایین نرابووم كە ئەوی تێدا بەسترابووەوە، وەلێ‌ هەر بە چاوی ئاژەڵێكی كێوی بۆی دەڕوانیم كە ڕاوكردنم مەحاڵا بێت. باشتر بڵێم ئەو لەو بڕوایەدا بوو من دوای ئەو دەمێنم و دەژیم. سوننەتی ژیانیش هەروا بووە و دەبێت كەسێ‌ بمێنێت چیرۆكەكان تۆمار بكات. گەردوون هەردەم قوربانییەكی مەزن، یان عەشق و سەوداسەرییەكی ناكامانەی خستووەتە بەردەم حكایەتخوانێك.. ڕۆماننووسێك تاكو بە هۆنینەوەی بەسەرهاتەكان، ئارایشتێكی ژیانە پڕ لە بێهوودەییەكەی بكات. یاخود واتایەك بۆ ئەو بێواتاییەی ژیان بدۆزێتەوە. 

ڤینۆس خانم! لەگەڵا سالمی خۆشەویستی تۆدا بێئەوەی لەوەوبەر یەكدیمان ناسیبێت، یان كات و شوێنی یەكدی بینینمان دیاری كردبێت، بە یەكدی گەیشتین. بە ڕێكەوتێكی نەفرەتییانەی پلاری گەردوون لە زیندانێكی سامناكی بەغدادا و لەنیوە شەوێكی گەرمی پڕووكێنەری تەمووزدا.
 
ڤینۆس خانم تۆ نازانیت ئەم ژیانە چۆن مرۆڤ دەهێنێت و دەبات! بەكام توولەڕێ‌ و وێڵگەدا لوولی دەدات و لەكوێدا و چۆن خاڵی كۆتایی بۆ دادەنێت. هەروەكو من چۆن نازانم خاڵی كۆتایی ئەم چیرۆكە كەی و لەكوێدا دادەنێم. تەنانەت گەردوون خۆیشی نازانێت ئەو مرۆڤە غەریبانە كێن و بۆچی بەو توولەڕێ‌ و وێڵگانەدا دەڕۆن و چۆن لێیان دەرباز دەبن. یان نابن و ناشزانێت لەكوێدا خاڵی كۆتاییان بۆ دادەنێت. من مەبەستم لە خاڵی كۆتایی (مەرگ و نەمان)ە، وەلێ‌ نازانم لەو زیندانە سامناكەدا سالم تێكچووبوو یان ببووە فەیلەسوف! چونكە بەلای ئەوەوە خاڵی كۆتایی و مەرگ واتای نەمان نەبوو. 

من و سالم لەو زیندانە گچكەیەی پایتەختدا چەند مانگێ‌ پێكەوە برینەكانی جەستەی خۆمان وەك سەگ دەلستەوە تا ساڕێژ بن. چونكە لەوێدا تەنیا زامداركردن هەیە و تیمار نییە. تا برینێكی جەستەمان ساڕێژ دەبوو دووی دیكەیان تێدەكردین. تا نینۆكێكمان دەهاتەوە سیانی دییان دەردەهێناین.
   
ڤینۆس خانم! ئەمانەت بۆ ئەوە بۆ ناگێڕمەوە تا خەم و خەفەتێكی دی وەسەر خەمەكانت بخەم. تەنیا بۆئەوەیە بزانیت ئازار و ئەشكەنجەدان هەردووكمانی كردبووە هاوڕێ‌. 

بەرلەوەی ئەم نامەیەت بۆ بنێرم، رۆمانێكم نووسی كە كەسێتییە سەرەكیەكانی تۆ و سالم بوون. وەلێ‌ ڕۆمانەكەم وەك ئەم نامەیە نییە. لەودا هەرچی ئەندێشە و فانتازیا و زمانی هونەری هەیە بەكارمهێناون. بەكورتی ئەویان لەم نامەیە ڕاستگۆیانەترە. ڕاستگۆیی هونەری لەو ئازادییەدایە كە بەخۆمم ڕەوا بینیوە و لێرەدا ناتوانم بەخۆمی ببەخشم. چونكە ئەمەیان ڕاسپاردەیەكە و كتومت و بەوپەڕی ئەمانەتەوە وەك خۆی دەیگەیەنم.

ڤینۆس خانم! عاشقەكەی تۆ دوای شەش مانگ ئەشكەنجەدان و بەتۆمەتی ڕێكخستنی پەیوەندی لەنێوان بزاڤە شۆڕشگێڕیەكەی لوبنان و كوردستاندا سزای مەرگیان دا. دوای پێنج مانگ چاوەڕوانی لە ڕۆژی یەكی ئایاردا لە بەغدا خنكێنرا.

ئێمە هەردووكمان لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا وەسییەتمان بۆ یەكدی دەكرد. جا ئیدی كاممان چیرۆكی ئەویدیمان دەگێڕێتەوە ئەوەش هەر كەوتووەتە ئەستۆی ئەو رێكەوتانەی ژیان بە هەموو تانوپۆكانییەوە بۆت دەڕەخسێنێ. سالم لەو ساتانەدا كە پێدەچوو وێڕای ئەوەی بەتەواوی ئومێدی بە ژیان نەمابوو، بێگومان بوو هەر دەیخنكێنن، دیار بوو هەستی بەوەش كردبوو كە كارەساتێ‌ ڕوودەدات و لێكدی دووردەكەوینەوە. بۆیە لەناكاو چاوی بڕییە ئەو پەنجەرە گچكەیەی لەنێو دەرگە ئاسنەكەدا هەڵكۆڵرابوو. دوا قسەی بۆ من و دوا وەسییەتی بۆ ڤینۆس ئەمە بوو: 

من بڕوام بە مەرگ نییە و بێگومانم لە هەر پێستێك و هەر ڕەنگێكدا بێت جارێكی دی دێمەوە و هەموو ساڵێ‌ لە قرچەی نیوەڕۆی یەكی ئایاردا، تا دواساتەكانی خۆرئاوابوون لەنێو پایە و تاقەكانی (بەعلەبەك)دا چاوەڕوانی ڤینۆس دەكەم.. تكایە ئەمە ڕاسپاردەی منە بۆ ڤینۆس. 

ئەمە دوا وتەی بوو لەگەڵمدا و لەوكاتەدا هێندەمان زانی ورتەورت داكەوت و دەرگە و قفڵی دەرگەی زۆربەی زیندانەكان بە پەلەپەل پسێنران. تومەز لەكاتی سەرژمێردا دوو زیندانی پۆلیسەكانیان چەك كردووە و خێرا خێرا دەڵێن: 

- دەی دوامانكەون.. خێراكەن و هەڵێن.. دەی دەبێت خێرا خۆمان بگەیەنینە دیواری حەوشەكە و بەسەریدا بازدەین. ئەودیوی دیوارەكە شەقامە گشتیەكەیە. دیوارەكە زۆر نزمە من شارەزام!  

ئێمەیش هەر بە دزداشەكەی بەرمان و بەپێی پەتی وەدویانكەوتین و بێگومانیش بووین تا دەگەینە لای دیوارەكە و تا بەسەریدا سەردەكەوین دەكوژرێین. وەلێ‌ ئەو كوشتنەمان لە مانەوەمان بەلاوە ساناتر بوو. بەلامانەوە هەزار هێندەی چاوەڕوانیكردنی سێدارەی نێو زیندانەكە خۆشتر بوو. 
كەسمان سەرمان نەدەپەرژایە سەر ئەویدی. وەك پشیلە وەسەر دیوار كەوتین و هەر لە ڕاستە شەقامەكە بەرەو كۆڵانەكانی بەتاوین پەڕینەوە. دەستڕێژی فیشەك بەدواماندا دەستیپێكرد. 

فیشەكەكان بەزۆری شریخەیان یان لە زەوییەكە هەڵدەستاند، یان لە ڕان و بنی ئەژنۆمان. لەملاو ئەولا و بەردەمم و دوامەوە گەلێكیان پێكران و كەوتن. قاچ و ڕانیان شكابوون. دیار بوو مەبەستیان ئەوە بوو بمانگرنەوە نەك بمانكوژن. چززە لە مەچەكم هەستا و خۆم كرد بە كۆڵانێكی دیكەدا و لە سیلەی كۆڵانەكەوە سالمم لەنێوان پێكراواندا بەكەوتوویی بینی. كابرایەكی عەرەب كە ئەویش خوێن لەناولەپی دەچۆڕی، بردمییە نانەواخانەیەكی هەمان كۆڵان و لەوێوە بۆ ماڵێكی مەسیحی و بەپەلە دەست و مەچەكمیان بە پارچە پەڕۆیەك بەست و دزداشەمان فڕێدا و بەرگی دیكەمان پۆشی. بە ئوتومبیلێكی خۆیان بەرەو شەقامی سەعدوون و لەوێوە بەرەو كەڕادە و.. لەڕێگە لێیپرسیم: 

- تۆیش شیوعیت؟ 
گەرچی لەمێژیش بوو وازم لە حیزبایەتی هێنابوو، لەبەر دڵی ئەو كە مەسیحییە و وام زەن كرد شیوعییە، گوتم:
- بەڵێ‌.. 
بەماتەمینییەوە... 
- بەداخەوە ئەو دوو كوردەی بەندیخانەكەیان شكاند و ئێمەیان ڕزگار كرد هەردووكیان و جەماعەتەكەشیان قاچیان شكا و كەوتن و بێگومان دەستگیر دەكرێنەوە.

ڤینۆس خانم! من ئەمانە و گەلێ‌ شتی دیكەشم لە ڕۆمانەكەمدا باسكردووە. وەلێ‌، هێندەی ژوانەكانی یەكی ئایاری دوای مەرگی سالم لەگەڵا تۆدا و لەنێو دنگە و نەخش و نیگاری سەر تاقەكانی (بەعلەبەك)دا مەبەستم بووە، هێندە ئەمانەی دیم لا مەبەست نەبووە. ئەو یەكەمین ژوانەت كە هەر بۆ تاقیكردنەوە دوای سەفەرێكی كورت و پەڕینەوەت لە رووباری (لیتانی) وەك جاران دەگەیتە (شاری خۆر-بەعلەبەك) و سەرەتا بڕوا ناكەیت. بە دڵەخورپەوە چاو بەنێو ڕەز و گوڵەباخەكاندا دەگێڕێت و دیار نییە. بێگومانیشیت سالم پەیمانشكێن نییە. وردە وردە بەرەو ئارامگەی بەعل و جۆپیتەر سەردەكەویت و هەر چاوەچاوتە و سالم دیار نییە. لەبەر ڕووناكی خۆرەكە چاوت ڕێشكەوپێشكە دەكات. بەرلەوەی نائومێدی زەفەرت پێبەرێت، چەپكە تیشكێ‌ لەنێوان هەردوو پایەی پێنجەم و شەشەمەوە دەردەكەوێت. تەكان دەدەیت بەرەو تیشكەكە بچیت، كەچی لە جێگەی خۆتدا قەتیس دەمێنی. ئەوە سالمە یان خواوەندی جۆپیتەری بەعلەبەكییە شەوق دەداتەوە؟! بەبەرگ و سیما و زەردەخەنەكەی جارانییەوە هەر دێت و ناتگاتێ‌. تۆش دەتەوێت زێتر سەركەویت و هەست دەكەیت لەجێی خۆتدا چەقیویت. سالم پێتدەڵێت: 

"ئەی ڤینۆسی خواوەندی جوانی و خۆشەویستی! ئیدی بۆ هەتاهەتایە من جۆپیتەری مێردی تۆم. بۆ هەتا هەتایشە مارە بێمەكان و زمانزان و بێئیجازەكەی جاران زەفەرمان پێ نابات". 

من نامەوێت سەرتاپای رۆمانە پڕ لە فانتازیاكەمت بۆ بگێڕمەوە. وەلێ‌، ئەمانەی لێرەدا باسیان دەكەم، هیچیان خەیاڵا و فانتازیای منی چیرۆكنووس نین. ئەمە ژیان و بەسەرهاتێكی ڕاستینەی ئەم سەردەمەیە. ڕاسپاردەیەكی هاوڕێكەمە و بە ئەمانەتەوە دەیگەیێنم.

چی دەكەیت ڤینۆس خانم؟ لەم ناوەدا چی دەكەیت؟ لێرەوە ئیدی من هیچ هەقێكم بەسەرتەوە نییە. گرینگیش نییە ڕاسپاردەكەم چۆن پێگەیاندیت. وەلێ‌، ڕاسپاردەیەكی دیم لەتەك خوێنەرانمدا هەیە. ئەگەر ئەمەیان بەڕاستی نەگەیەنم هەتا ماوم ویژدانم ئەشكەنجەم دەدات. 

من لە نامەكەدا و هەروەها لە ڕۆمانەكەشدا هەموو ڕاستیەكانم وەك خۆیان بۆ ڤینۆس خانم ڕوون نەكردبووەوە. دیار بوو (سالم) دەیزانی دوایی شتێكی ئاوەها ڕوودەدات و ڕاستییەكان دەشاردرێنەوە و تۆپەڵێ وەهم دەخرێتە جێیان، بۆیە لەو ساتانەدا كە پێدەچوو وێڕای ئەوەی بەتەواوی ئومێدی بە ژیان نەمابوو، بێگومان بوو هەر دەیخنكێنن، دیاربوو هەستی بەوەش كردبوو كە كارەساتێ‌ ڕوودەدات و لێكدی دووردەكەوینەوە. بۆیە لەناكاو چاوی بڕییە ئەو پەنجەرە گچكەیەی لەنێو دەرگە ئاسنەكەدا هەڵكۆڵرابوو. دوا قسەی بۆ من و دوا وەسییەتی بۆ ڤینۆس ئەمە بوو:

(ئیدی من تەواو.. بەم زووانە بەڕاستی نامێنم، منیش كابرایەكم بڕوام نەك هەر بەوە نییە جارێكی دی وەك تارماییەكیش لەم دنیایەدا دەربكەومەوە، بەڵكو بڕوام بە زیندووبوونەوە و ژیانی ئەوە دنیاش نییە، بڕوام بە ڕۆح و خوداوەندیش نییە. بەڕێكەوتێكی سروشتی و لە هەلومەرجێكی تایبەتدا هاتوومەتە ئەم دنیا پڕ لە گورگ و ماری بێئیجازەیە و بە ڕێكەوتێكی دی و لە هەلومەرجێكی نەفرەتیانەدا بۆ دواجار جێیدێڵم. بێباكیشم لەوەی دوایی دەمسووتێنن، یان دەمخەنە نێو ڕووبارەوە و دەبمە خۆراكی ماسییەكان، یان لە سارایێ‌ لاشەكەم فڕێدەدەنە بەردەمی سەگەل، یان... ئەمجا تكایە شایەد تۆ مایت، ئەم ڕاسپاردە و وتانەم فەرامۆش مەكە. ئەگەر ڕێت كەوتە لوبنان، یاخود كەسێكت دەستكەوت نامەی پێدا بنێریت، با بە ڤینۆس بڵێن: 

"هەموو شتێ‌ تەواو.. ئیدی پێویست ناكات نە بیرم لێبكاتەوە و نە خەم بخوات و نە بەتەمای هیچم بێت. ئەو ئازادە. چۆن دەخوازێت با ژیانی خۆی و دواڕۆژی وا پێكبێنێت. ئاگاداری خۆیشی بێت مارەكە وەك زەفەری بە من برد زەفەر بەویش نەبات". 

ئەمجا چاوی لەپەنجەرەكەوە گواستەوە و بڕییە چاوانم.  

]هۆ چیرۆكنووسە درۆزنەكان! نەخەڵەتابن دوای نەمانم ژوانی خەیاڵیمان بۆ سازبكەن و ئومێدی بۆش و قسەی قۆڕ و دیمەنی تارماییە ڕۆحانییە ساختەكانمان بۆ پێكبێنن. ئێمە.. من و ڤینۆس بكەنە كەرەسەی پاكانە و سەبووریدانەوەی سەراسیمەیی و نامۆبوون و بزربوونە رۆحیەكانی خۆتان. بەڵێ‌ من هێندە جورئەتم تێدایە، دان بەم ڕاستییەدا بنێم و هەرگیز نامەوێت ڤینۆس چاوەڕوان بێت، چونكە دوای مردنم ناتوانم نە ئەو و نە كەسێكی دیم خۆشبوێت. یان ڕقم لێیانبێت. خۆشەویستی لەتەك نەبزی جەستە و ترپەی لێدانی دڵ و بۆن و بەرامەی هەناسە و گلەیی و بناشتی چاو و ژنەوتی ئاواز و سۆزی دەنگ و....[ 

لەوكاتەدا هێندەمانزانی ورتە ورت داكەوت و دەرگە و قفڵی دەرگەی زۆربەی زیندانەكان بەپەلەپەل پسێنران. تومەز لەكاتی سەرژمێردا دوو زیندانی پۆلیسەكانیان چەك كردووە و خێرا خێرا دەڵێن دەی دوامانكەون.. خێراكەن و هەڵێن، دەی دەبێت خێرا خۆمان بگەیەنینە دیواری حەوشەكە و بەسەریدا بازدەین. ئەودیوی دیوارەكە شەقامە گشتییەكەیە. دیوارەكە زۆر نزمە.. من شارەزا..... 

ئەمڕۆ یەكی ئایارە.. ئەوە بۆ هەزار و یەكەمین جارە نامەكە دەخوێنیتەوە.. لەبەیانییەوە خۆت ئامادە كردووە تا لە ژوانەكەت دوانەكەویت. لەكن ئەم كانییەی نێو ئەم باخ و گوڵزارە جانتاكەت دادەنێیت و پشوویەك دەدەیت. بەمشتێ‌ ئاوی كانیاوەكە لێوانت تەڕ دەكەیت. هێدی هێدی بەرەو ژوانی بەر تیشكی خۆری (بەعلەبەك) دەڕۆیت. سڵ مەكە و هەنگاو بنێ‌. ئەوە ساڵێكە دڵدارەكەت چاوەڕوانی ئەم ڕۆژەیە. نامەكە بخەرەوە باخەڵت و ئامادەی ژوانەكەت بە!    


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە