رووداو - هەولێر
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هونەرمەندی نێوداری کوردستان سەعید گاباری لە هەولێر بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد.
مەهدی فەرەج، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند: "کاژێر 04:45 خولەکی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 4-5-2020 هونەرمەندی نێوداری کوردستان و خەڵکی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان سەعید گاباری لە تەمەنی 64 ساڵی بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەی سییەکانەوە لە نەخۆشخانەی سەردەمی هەولێر کۆچی دوایی کرد".
پەیامنێری رووداو دەڵێت، ماوەی 20 رۆژ دەبێت هونەرمەند سەعید گاباری بەهۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی ئەو نەخۆشییە و کاریگەری لەسەری لە نەخۆشخانە خەوێندرابوو، هەرچەند ئەمڕۆ بڕیاربوو لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ببرێتە ئەڵمانیا، بەڵام ئەو بەرەبەیانییە هەر بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
بڕیارە هەر ئەمڕۆ تەرمی هونەرمەند سەعید گاباری، لەسەر وەسیەتی خۆی لە گۆڕستانی مەلائۆمەر لە شاری هەولێر لەنزیک خێزان و کەسوکارەکەی بەخاک بسپێردرێت.
پەیامنێری رووداو دەشڵێت، بەهۆی گرتنەبەری رێکارەکانی خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پرسە بۆ هونەرمەندی کۆچکرد و سەعید گاباری دانانرێت.
سەعید گاباری، خەڵکی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستانە، ساڵی 1956 لەدایک بووە و لە تەمەنی هەشت ساڵییەوە بینایی چاوەکانی لەدەستداوە، لە ساڵی حەفتایەکانیشەوە دەستی بە گۆرانی گوتن کردووە، لە ساڵی 1980ـەوە هاتووەتە باشووری کوردستان و بە هونەرەکەی شانبەشانی پێشمەرگە جەنگاوە، زۆرترین تێکستی گۆرانییەکانیشی هی هۆزانڤانانی ناوداری کورد جگەر خوین و تیرێژ بووە. خاوەنی چوار هەزار و 712 گۆرانی بووە.
