ئینستیتیوتی پەی: دەبێت پەرلەمانتاران 3 ملیار و 400 ملیۆن دینار بۆ حکومەت بگەڕێننەوە

04-06-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی راپۆرتێکی ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، لەدوای بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵی دەبێت پەرلەمانتاران سەرجەم ئەو مووچانەی دوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان وەریانگرتووە، کە نزیکەی 3 ملیار و 400 ملیۆن دینارە، بیگەڕێننەوە، بەڵام ئەندامێکی لیژنەی پەرلەمان و سکاڵای پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "ئێمە ئەو ماوەیە دەواممان کردووە، درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمانیش بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەک بووە."
 
بەپێی راپۆرتێکی ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، کە وەکو نامەیەک ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانی کردووە، دەڵێت دوای ئەوەی دادگەی باڵای فیدڕاڵی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی لەدوای لە 6-11-2019ەوە بە نایاسایی و نادەستووریی هەژمارکردووە، بەوپێیەش درێژکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، شەش یاسا و بڕیاری ژمارە 10ـی تایبەت بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، سوێندخواردنی ئەندامانی نوێ و ئیمتیازارتی پەرلەمانتارانی هەڵوەشاندەوە.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "لەسەر دەستەی سەرۆکایەتی و پەرلەمانتاران پێویستە پەیوەستی یاسای ژمارە 2ـی ساڵی 2020 بن کە "یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان"ـە، کە لە خوولی پێنجەمی پەرلەمان پەسندکراوە، پێشیلی نەکەن، لەدوای 6-11-2022 ـەوە لە وەرگرتنی مووچە و ئیمتیازاتەکان پەیوەست بن بە یاساکەوە، بە خانەنشین هەژمار بکرێن و جیاوازی مووچەکانیان بگێڕنەوە بۆ گەنجینەی گشتی، چونکە بەپێی بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵی ماوەی شەش مانگ مووچەی زیادیان وەرگرتووە، سەبارەت بەوانەشی کە لەچەند مانگی رابردوودا خانەنشین کراون، ئەوانیش خۆیان بەدوای مامەڵەکانیانەوە بن بەپێی یاسای چاکسازی."
 
هەروەها هاتووە: "بەپێی یاسا پەرلەمانتاران کاتێک خانەنشین دەکرێن، مووچەی شەش مانگیان وەکو ئیکرامی پێدەدرێت کە 52 ملیۆن دینار دەکات، بۆیە دەبێت لەو مووچەیەی وەریانگرتووە و دەیگەڕێننەوە پێیانبدرێت. بەڵام سەرۆک و سکرتێر و 8 پەرلەمانتار ئەندامی خولەکانی پێشوو بوون ئەو ئیکرامییەیان وەرگرتووە و ناتوانن وەریبگرنەوە."
 
جگە لەوە، خانوو و شوقەکانی پەرلەمان رادەستبکرێنەوە، هەروەها دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاکی و داواکاری گشتی چاودێری بەدواداچوونی پڕۆسەکە بکەن بۆ ئەوەی یاسای چاکسازی و بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی سەبارەت بە ئیمتیازاتەکانی پەرلەمانتاران جێبەجێ بکرێن، وەکو لە راپۆرتەکەدا هاتووە.
 
راپۆرتەکە پەرلەمانتارانی دابەشکردووە بۆ سەر چەند بەشێک و بڕی ئەو پارانەشی دیاریکردووە دەبێت بیدەنەوە کە 3 ملیار و 395 ملیۆن و 300 هەزار دینارە و بەمشێوەیە:
 
- دەبێت دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان "سەرۆک، جێگر و سکرتێر" مووچەی شەش مانگ بگێڕنەوە، کە مانگەکانی دوای درێژکردنەوەی تەمەنی وەریانگرتووە بریتییە لە 117 ملیۆن دینار.
 
- مووچەی پەرلەمانتارانیش کە 8 ملیۆن و 200 هەزار دینارە، ئەو ئەندامانەی گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی 51 ئەندامن، کە تەمەنیان 45 ساڵ و بەسەرەوەیە، ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین هەموویان مەرجی خزمەتیشیان تەواوە مووچەی هەر یەکێکیان دەبێت بە 4 ملیۆن و 100 هەزار دینار، بەو پێیە دەبێت ئەو 51 ئەندامە بۆ شەش مانگ 1 ملیار و 254 ملیۆن و 600 هەزار دینار بگێڕنەوە.
 
- ئەو پەرلەمانتارانەشی نەگەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی، واتە لە خوار 45 ساڵن، ژمارەیان 49 ئەندامە، کۆی ئەو پارە زیادەیەی دەبێت بیگێڕنەوە لە شەش مانگەکە دەکاتە 43 ملیۆن و 400 هەزار دینار، واتە کۆی گشتی پارەی ئەوانە 1 ملیار و 822 ملیۆن و 600 هەزار دینار دەبێت.
 
- ئەو پەرلەمانتارانەی دوای 6-11-2022 سوێندی یاساییان خواردەوە بەپێی بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵی هیچ ئیمتیازاتێکی پەرلەمانی نایانگرێتەوە و شەش پەرلەمانتارن، کۆی ئەو پارەیەی دەبێت بیگەڕێننەوە بۆ حکومەت 102 ملیۆن و 500 هەزار دینارە.
 
- ئەندامانی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کە رۆژی 1-3-2023 نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان پەسندکرا، پێنج ئەندام بوون و بەپێی راپۆرتەکەی ئینیستتوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، چوار مانگ مووچەی نایاساییان وەرگرتووە و دەبێت 82 ملیۆن دینار بگێڕنەوە بۆ گەنجینەی گشتی.
 
- پەرلەمانتاران کازم فارووق، عەلی حەمەساڵح، لەرۆژی 1-3-2023 نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان پەسندکرا، واتە چوار مانگ بە نایاسایی مووچەیان وەرگرتووە، پێویستە مووچەی ئەو مانگانە، کە دەکاتە 49 ملیۆن و 600 هەزار دینار بیگێڕنەوە.
 
بەپێی راپۆرتەکەی ئینیستتوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، پەرلەمانی کوردستان لەدوای رۆژی 6-11-2022ەوە دەستەی سەرۆکایەتی و پەرلەمانتاران هیچ سیفەتێکی یاساییان نەماوە و ئەوەی سیفەتی یاسایی هەبێت و کارە کارگێڕییەکانی دامەزراوەکە رایی بکات، تەنیا سەرۆکی دیوانە.
 
هیمداد سەباح، ئەندامی لیژنەی پەرلەمان و سکاڵا لە پەرلەمانی کوردستان، رۆژی یەکشەممە، 4-6-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانمان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی هەن، بەتایبەت لەبارەی هەڵبژاردنەوە درێژکردەوە، واتە درێژکردنەوەکە بەبێ هۆ نەبووە، دواتر، ئێمە دەوامی خۆمان کردووە. دوای 6-11 و کاری لیژنەکان بەردەوام بووە. لە بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵی باسی ئەوە نەکراوە ئەو بڕیارە کاریگەریی لەسەر رووداوەکانی دوای 6-11 بەتایبەت لە پرسی مووچە دەبێت."
 
رۆژی سێشەممە، 30ـی ئایاری 2023 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری دا و رایگەیاند، درێژکردنەوەکە "نادەستووری و نایاساییە" و هەر بڕیار و یاسایەکیش لەو ماوەیەدا لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرچووە، لە رووی دەستوورییەوە "پووچەڵە". 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بانکی عێراقی بۆ بازرگانیی (TBI)

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ناو و زانیاریی 386 فەرمانبەری بۆ بانکی (TBI) نارد

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمیی کوردستان یەکەم لیست رەوانەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانیی (TBI) دەکات، تاوەکو هەژماری بانکییان بۆ بکرێتەوە؛ لیستەکە لە 368 فەرمانبەر پێکهاتووە