رووداو دیجیتاڵ
تۆپخانەکانی تورکیا دەوروبەری گوندی بێدهێ لە سنووری ناحیەی کانی ماسێی سەر بە قەزای ئامێدی تۆپباران دەکەن و بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
کاژێر 04:30 خولەکی ئەمڕۆ شەممە 04-07-2020 تۆپبارانەکە روویداوە، سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تورکیا چیای شارانی لە دەوروبەری گوندی بێدهێ تۆپباران کردووە. هەرچەندە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام ترس و دڵەڕاوکێی بۆ دانیشتووانی ناوچەکە دروستکردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە تۆپخانەکانی تورکیا چیاکانی شاقوڵی و خامتریان لە سنووری قەزای زاخۆ تۆپباران کردووە. زێرەڤان موسا، بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکار لە سنووری قەزای زاخۆ بە رووداوی راگەیاند، " ئەمڕۆ تۆپخانەکانی تورکیا دووجار لەسەریەک چیای شاقوڵی لە نزیک گوندی بوسڵیێ و چیای خامتریان تۆپبارانکردووە. هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام دەنگی تۆپبارانەکە خەڵکی ناوچەکەی ترساندووە".
لە ماوەی دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، تاوەکو ئێستا چوار کەسی سڤیل لە سنووری قەزای ئامێدی گیانیان لەدەستداوە.
لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "چڕنووکی پڵنگ"، تورکیا لە 24 شوێنی ستراتیژیی سنووری ناحیەی باتیفا جێگیربووە، پێشتر و لە 37 ساڵی رابردوودا 24 بنکەی دیکەی سەربازیی لە سنووری نێروەییەکان و کانێ ماسێ داناوە. بەرپرسێکی سەربازیی لە ناحیەکە دەڵێت، "ئەگەر رێگریی لە ئۆپەراسیۆنی تورکیا نەکرێت، پلان هەیە هەرسێ ناحیەی کانی ماسێ، باتیفا و دەرکارێ بەتەواوی لەلایەن تورکیاوە کۆنترۆڵ بکرێن."
لە ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەیدا بە درێژایی 45 بۆ 50 کیلۆمەتر و قووڵایی 15 بۆ 30 کیلۆمەتر هاتووەتە نێو سنووری ناحیەی باتیفا. بۆیە ئێستا حکومەتی عێراق هێزەکانی پاسەوانیی سنووری لە سێ شوێن لە سنووری هەردوو شارۆچکەی باتیفا و دەرکار نزیک ئەو ناوچانەی لەلایەن تورکیا بۆردووماندەکرێن، جێگیرکردووە، لە هەر یەکە لە بەرزاییەکانی کەلا شابانیێ و سیار بەنا لە سنووری باتیفا و کەلا دێرێ لە سنووری شارۆچکەی دەرکاری سەر بە قەزای زاخۆ.
رۆژی 22ـی مانگی رابردوو بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی ناوچە سنوورییەکانی نێوان باشوور و باکووری کوردستان، شاندێکی باڵای سەربازیی عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی دهۆکی کرد. شاندە باڵا سەربازییەکەی عێراق بە سەرۆکایەتیی فەریق روکن حامید عەبدوڵڵا، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی پارێزگای دهۆکیان کرد.
