پسوولەی خۆراک لە هەولێر: تۆمارکردنی فۆرمی ئەلیکترۆنی درێژکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراک لە هەولێر دەڵێت، کاتی پڕکردنەوەی فۆڕمی خۆراکی ئەلیکترۆنی تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە درێژکراوەتەوە.
سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی بە فەرمی لە بەغداوە ئاگادار کراینەوە، کە کاتی پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی درێژکراوەتەوە بۆ یەکی ئابی 2025".
لە دووی حوزەیرانەوە پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەستیپێکردووە و بڕیاربوو دوایین رۆژ سبەی 05ـی تەمموز بێت.
تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو، لە ملیۆنێک و 984 هەزار خێزان لە پارێزگای هەولێر ملیۆنێک و 400 هەزار خێزان فۆرمی ئەلیکترۆنیان پڕکردبووەوە.
لە ملیۆنێک و 969 هەزار و 751 خێزان لە پارێزگای سلێمانی، زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار خێزان فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە، لە هەڵەبجە لە 114 هەزار و 987 خێزان زیاتر لە 85 هەزار خێزان و لە دهۆک لە ملیۆنێک و 300 هەزار خێزان، زیاتر 750 هەزار خێزان فۆڕمیان پڕکردووەتەوە.
بۆ نوێکردنەوە و تۆمارکردنی هەموو خێزانەکان لە فۆرمی ئەلیکترۆنی، ئەپلیکەیشنێک ئامادە کراوە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی بەردەستە و زانیارییەکانی تێدا تۆمار دەکەیت.
لە رێگەی فۆرمی خۆراکەوە، مانگانە لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس؛ لە پارێزگای هەولێر ملیۆنێک و 984 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس بەشەخۆراک وەردەگرن.
لێرەوە زانیاری زیاتر لەسەر فۆڕمی خۆراک؛ تۆمارکردنی خێزانە نوێیەکان و ئەوانەی فۆڕمی خۆراکیان ونکردووە وەربگرن.