رووداو دیجیتاڵ
دوو هەفتە کات ماوە بۆ نوێکردنەوەی فۆڕمی خۆراک لە هەرێمی کوردستان. بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراک لە هەولێر زانیاری دەداتە ئەو کەسانەی بەهۆی نەبوونی فۆڕم، یان ونبوونی نەیانتوانیوە خۆیان تۆمار بکەن و ئەوانەشی دەیانەوێت ناوی منداڵ تۆمار بکەن، یان فۆڕم بگوازنەوە.
لە دووی حوزەیرانی 2025ـەوە، بە ئەلیکترۆنیکردنی فۆڕمی خۆراک لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە. سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوایین رۆژ 05ـی تەمموزە بۆ نوێکردنەوەی فۆڕم، تاوەکو ئەو کاتە دەبێت هەموو کەس خۆی تۆمار کردبێت بۆ ئەوەی بەشەخۆراکەکەی رانەگیرێت".
تاوەکو ئەمڕۆ بەشێکی زۆری هاونیشتمانییان لە فۆڕمە نوێیەکەدا خۆیان تۆمار نەکردووە. بەجۆرێک لە هەولێر لە ملیۆنێک و 984 هەزار کەس ملیۆنێک و 100 هەزاریان فۆڕمی ئەلیکترۆنییان پڕکردووەتەوە و 884 هەزار کەس ماون. بە گوتەی نانەکەلی: "ئەگەر خەڵکی زۆر بمێنێتەوە پێدەچێت کاتەکە درێژ بکرێتەوە".
تۆمارکردنی ناوی نوێ
بۆ نوێکردنەوە و تۆمارکردنی هەموو خێزانەکان لە فۆڕمی ئەلیکترۆنیدا، ئەپلیکەیشنێک ئامادە کراوە، بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی بەردەستە و زانیارییەکانی تێدا تۆمار دەکەیت.
زیاتر لە دوو ساڵە تۆمارکردنی منداڵی لەدایکبوو بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراک راگیراوە، لەبارەی کاتی کردنەوەی تۆمار، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراک لە هەولێر گوتی: "هەرکاتێک بە ئەلیکترۆنیکردنی فۆڕمەکە تەواو بوو، کە 05ـی تەمموز دیاریکراوە، ئەوکات تۆماری منداڵ لە ئەپلیکەیشنەکەدا کارا دەبێت".
سیامەند نانەکەلی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی شوێنی نیشتەجێبوونیان گۆڕیوە لە شارێک بۆ شارێکی دیکە، ئەوانیش لە دوای کۆتاییهاتنی بە ئەلیکترۆنیکردن دەتوانن هەر لە ماڵەوە فۆڕمەکەیان بگوازنەوە.
لە رێگەی فۆڕمی خۆراکەوە، مانگانە لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس؛ لە پارێزگای هەولێر ملیۆنێک و 984 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس بەشەخۆراک وەردەگرن.
خێزانە نوێیەکان و ئەوانەی فۆڕمیان نییە چۆن تۆمار دەکرێن؟
بەهۆی راگیرانی ناوی نوێ و رێکارەکانی دیکەی تایبەت بە فۆڕمی خۆراک، بەشێکی خێزانە نوێیەکان هێشتا فۆرمیان نییە و لەگەڵ ماڵی باوکیاندا بەشەخۆراک وەردەگرن.
بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراک لە هەولێر دەڵێت: "بەشی خزمەتگوزاری لە ئەپلیکەیشنەکەدا دوای تەواوبوونی بە ئەلیکترۆنیکردن کارا دەبێت و هەموو خێزانە نوێیەکان دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن و ببنە خاوەن فۆڕمی خۆراک".
ئێستا هەرکەس خۆی تۆمار بکات لە ئەپلیکەیشنەکەدا، دەبێت فۆڕمی خۆراکی هەبێت، بۆ ئەوەی ژمارەی فۆڕمەکە و ناوی پارێزگاکەی بنووسێت، بەپێچەوانەوە ناتوانێت خۆی تۆمار بکات.
سیامەند نانەکەلی گوتی: "هەرکات بەشی خزمەتگوزاری لە ئەپلیکەیشنەکەدا کارا کرا، ئەوکاتە خێزانە نوێیەکان کە فۆڕمیشیان نییە دەتوانن بێ داواکردنی ژمارەی فۆڕم ناوی خۆیان تۆمار بکەن و ببنەخاوەنی فۆڕمی تایبەت بە خۆیان".
"ئەوانەی فۆڕمیان ونکردووە یان لەنێوچووە دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن"
بەشێکی هاونیشتمانییان بەهۆی دڕان، ونبوون یان تێکچوونی فۆڕمەکەیانەوە تاوەکو ئەمڕۆ نەیانتوانیوە لە فۆڕمی ئەلیکترۆنیدا خۆیان تۆمار بکەن. بۆ چارەسەربوونی کێشەکەیان بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر بەم شێوەیە رێنوێنییان دەکات: "دەبێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پسوولەی خۆراک بکەن، فۆڕمی جێگرەوەیان بۆ دروست دەکرێت و دەتوانن بەوە خۆیان تۆمار بکەن".
هەندێک لە هاونیشتمانییان لەکاتی پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنیدا بە هەڵە ناوی ئەندامێکی خێزانەکەیان سڕیوەتەوە، سیامەند نانەکەلی دەڵێت: "ئەوانە دەبێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکان بکەن و فۆڕمی تایبەت بە کێشەیان بۆ پڕبکرێتەوە، دواتر ئێمە داواکەیان دەگەیێنینە بەغدا و چی بکرێت بۆیان دەکەین".
نانەکەلی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی بە هەڵە ناویان سڕیوەتەوە، هەر خۆیان دەتوانن لە رێگەی ئەپلیکەیشنەوە نامەیەک بنێرن بۆ لیژنەی پێداچوونەوە لە بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان، بەڵام کاتی زۆری دەوێت، چونکە بۆ هەموو عێراق یەک لیژنە سەرپەرشتی دەکات و تەنیا پێنج کەسن.
ئەپلیکەیشنی بە ئەلیکترۆنیکردنی خۆراک
ئەپلیکەیشنی بە ئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک هاونیشتمانییان دەتوانن لە هەردوو سیستمی (ئای ئۆ ئێس) و (ئەندرۆید) بۆ مۆبایلەکانیان دایبەزێنن، ئەگەر نەیانتوانی خۆیان تۆمار بکەن، دەبێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پسوولەی خۆراک بکەن بۆ هاوکاریکردنیان.
لە پارێزگای هەولێر لیژنەیەک پێکهێندراوە و خۆیان دەچنە گوندەکان و فۆڕمەکە بۆ ئەو هاونیشتمانییانە پڕدەکەنەوە، کە نازانن پڕی بکەنەوە، ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی بەشەخۆراکەکەیان نەبڕدرێت.
بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراک لە هەولێر دەڵێت، رۆژانە نزیکەی 300 کەس سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان دەکەن بۆ هاوکاریکردنیان لە تۆمارکردنی فۆڕمەکەدا.
بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی بە ئەلیکترۆنیکردن لە ماڵەوە بێت یان ئەوانەی دەچنە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پسوولەی خۆراک، دەبێت فۆڕمی خۆراکی پێشوو، کارتی نیشتمانییان پێ بێت و هەموو ئەندامانی خێزانەکە ئامادەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ