لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە باکووری کوردستان 10 کەس برینداربوون
رووداو دیجیتاڵ
لە دوو رووداوی هاتووچۆدا کە لە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان روویاندا، 10 کەس برینداربوون و تەندروستیی دووانیان جێگیر نییە.
هەردوو رووداوەکە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، 4ی ئابی 2023 روویاندا. رووداوی یەکەم، ئۆتۆمبێلێک بەهۆی تیژڕۆییەوە لە رێڕەوی خۆی لە رێگەی سەرەکیی شارۆچکەی بەسنی دەرچوو و وەرگەڕا و بەهۆیەوە سێ سەرنشینی نێو ئۆتۆمبێلەکە برینداربوون.
لە رووداوی دووەمدا لە رێگەی سەرەکیی شارۆچکەی چیلکاندا، ئۆتۆمبێلێک لە کاتی چوونەخوارەوەدا لە پێچەکانی بەرزایی چیلکان لە رێڕەوی خۆی دەرچوو و لە بەرزایی 12 مەترەوە کەوتە نێو چاڵێک.
لەو ئۆتۆمبێلەدا حەوت سەرنشین هەبوون، سەرجەمیان برینداربوون و دوو لە بریندارەکان کە یەکێکیان منداڵە، بە سەختی برینداربوون.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش برینداربوون.