رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک لە بنەسڵاوەی هەولێر دەڵێت، دووکەڵی سووتاندنی زبڵ و خاشاک هاونیشتمانییانی هەراسان کردووە. سەرۆکی شارەوانیی سنوورەکە دەڵێت، لێپێچینەوەیان دەستپێکردووە و هەرکەس ئەو دیاردەیەی بینی، پەیوەندی بکات.
ئەمڕۆ شەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2025 هاونیشتمانییەک لە قەزای بنەسڵاوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشتر بە چاوی خۆمان بینیومانە کە ئۆتۆمبێلەکانی شارەوانییش زبڵیان رشتووە، بەڵام ئێستا ئەو دیاردەیە نەماوە."
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، ئێستا رێگری لە فڕێدانی زبڵ و خاشاک دەکرێت، بەڵام "دووکەڵی زبڵی پێشوو تەواوی خەڵکی هەراسان کردووە و بۆنەکەی دەگاتە گەڕەکی فەرمانبەران و گەڕەکەکانی دیکەی هەولێریش."
ئەو هاونیشتمانییە داوای کرد، "هەرچی زووە لایەنی پەیوەندیدار وەک چۆن رشتنی زبڵی قەدەخە کرد، ئاگرەکەش بە تەواوی بکوژێنێتەوە و دووکەڵەکە نەهێڵێت."
زریان سەباح، سەرۆکی شارەوانیی بنەسڵاوە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەشێکی زبڵەکە خەڵک فڕێی دەدا و بە ماتۆرسکیلی سێ تایە دەیانبرد، بەڵام لە دوێنیوە لێپێچینەوەمان دەستپێکردووە و رێگە نادەین کەس زبڵ فڕێ بدات و بیسووتێنێت."
سەرۆکی شارەوانیی بنەسڵاوە دەڵێت، بەدەم کێشەی هاونیشتمانییانەوە دەچن؛ گوتیشی، "شۆفێرەکانی شارەوانیمان ئاگادارکردوونەتەوە کە زبڵ ببەنە کانی قرژاڵە و لەشوێنی دیاریکراو فڕێی بدەن، بەپێچەوانەوە سزا دەدرێن."
زریان سەباح دەڵێت، "دوێنێ کە هەینیش بوو، تیمی شارەوانیمان نارد بۆ ئەو شوێنانەی پێشتر زبڵیان لێ فڕێدراوە و لێپێچینەوەکان تووندتر دەکەینەوە. هەرکەس کەسێکی بینی زبڵ ببات، با پەیوەندی بە ژمارەکەی خۆمەوە بکات (07504942303)."
قەزای بنەسەڵاوە لە پارێزگای هەولێر، رۆژانە 40 بۆ 45 تۆن زبڵ و خاشاکی هەیە و لە کانی قرژاڵە ژێرخاک دەکرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ