ئاگری بەنزینخانەکەی هەولێر کۆنترۆڵ کرا؛ 'بریندار هەیە'

04-10-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئاگرێکی گەورە لە بەنزینخانەیەکی هەولێر کەوتەوە. پەیامنێری رووداو دەڵێت، ''لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە کۆنترۆڵ کرا، بەڵام بەنزینخانەکە بە تەواوی لەنێوچوو و زیان بە باڵەخانەکانی دەوروبەریش گەیشت.''
 
رووداوەکە بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 04-10-2025 لە بەنزینخانەی (لاپ) لە گەڕەکی فەرمانبەرانی هەولێر روویدا. دڵنیا رەحمان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شوێنی رووداوەکەوە رایگەیاند، ''دوای هەوڵێکی زۆر، ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە کۆنترۆڵ کرا.''
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، ئاگرەکە گیانلەدەستدانی لێنەکەوتووەتەوە، ''بەڵام بە گوتەی شایەتحاڵان، ژمارەیەک لە کارمەندانی بەنزینخانەکە برینی سووکیان هەبووە و گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.''
 
شایەتحاڵێک بە رووداوی گوت، ''کەسێکم بینی بە سووتاوی لە بەنزینخانەکە برایە دەرەوە.''
 
ئەو شایەتحاڵە دەڵێت، ''لە خەودا بووین، منداڵەکانم گوتیان تەقینەوە روویداوە، هاتمە دەرەوە و بینیم هەموو شوێنێک دووکەڵە و بەنزینخانەکە سووتاوە.''
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، بەنزینخانەکە لەنێوچووە و بە تەواوی سووتاوە. دڵنیا رەحمان ئاماژەی بەوە دا، "دوو یان سێ بارهەڵگری گواستنەوەی سووتەمەنی تێدا بووە و ئەوانیش بە تەواوی گڕیان گرتووە.''
 
 
هاوکات بەشدار حەسەن، شۆفێر تاکسی کە بەهۆی تەقینەوەی نێو بەنزینخانەکە زیان بەر ئۆتۆمبێلەکەی کەوتووە، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، ''لە جادەی کۆڕنیش دەڕۆیشتم، بۆرییەک لە ئاسمانەوە کەوتە خوار و بەر ئۆتۆمبێلەکەم کەوت.''
 
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، زیانی بەرکەوتووە و سکاڵا لەسەر خاوەن بەنزینخانەکە تۆمار دەکات.
 
جەنگی مەجید، بازرگانی سووتەمەنی و خاوەنی بەنزینخانە لە شاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەنزینخانەکە بەنزینی حکومیی 750 دیناری دابەش دەکات، ئەمڕۆ بەنزینی بۆ چووە و لەکاتی بەتاڵکردنەوەیدا ئاگرەکە کەوتووەتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە