ئاگری بەنزینخانەکەی هەولێر کۆنترۆڵ کرا؛ 'بریندار هەیە'
رووداو دیجیتاڵ
ئاگرێکی گەورە لە بەنزینخانەیەکی هەولێر کەوتەوە. پەیامنێری رووداو دەڵێت، ''لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە کۆنترۆڵ کرا، بەڵام بەنزینخانەکە بە تەواوی لەنێوچوو و زیان بە باڵەخانەکانی دەوروبەریش گەیشت.''
رووداوەکە بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 04-10-2025 لە بەنزینخانەی (لاپ) لە گەڕەکی فەرمانبەرانی هەولێر روویدا. دڵنیا رەحمان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شوێنی رووداوەکەوە رایگەیاند، ''دوای هەوڵێکی زۆر، ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە کۆنترۆڵ کرا.''
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، ئاگرەکە گیانلەدەستدانی لێنەکەوتووەتەوە، ''بەڵام بە گوتەی شایەتحاڵان، ژمارەیەک لە کارمەندانی بەنزینخانەکە برینی سووکیان هەبووە و گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.''
شایەتحاڵێک بە رووداوی گوت، ''کەسێکم بینی بە سووتاوی لە بەنزینخانەکە برایە دەرەوە.''
ئەو شایەتحاڵە دەڵێت، ''لە خەودا بووین، منداڵەکانم گوتیان تەقینەوە روویداوە، هاتمە دەرەوە و بینیم هەموو شوێنێک دووکەڵە و بەنزینخانەکە سووتاوە.''
بەگوێرەی زانیارییەکان، بەنزینخانەکە لەنێوچووە و بە تەواوی سووتاوە. دڵنیا رەحمان ئاماژەی بەوە دا، "دوو یان سێ بارهەڵگری گواستنەوەی سووتەمەنی تێدا بووە و ئەوانیش بە تەواوی گڕیان گرتووە.''