رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە بە بەشداری هەردوو جێگرانی سەرۆکی پارتی، حیزبەکە کەرنەڤاڵێکی جەماوەری لە یاریگای دهۆک بکات، وادانراوە زیاتر لە 50 هەزار تێیدا ئامادەبن، سەرلیستی پارتی لەدهۆک دەڵێت: "تەنیا لە دهۆک چاومان لە نیو ملیۆن دەنگ و زیاترە.''
فەرهاد ئەترووشی، سەرلیستی پارتی لە دهۆک ئەمڕۆ (4-11-2025 ) لەکاتی بەشداری لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) رایگەیاند، "پارتی لە یاریگای یانەی وەرزشیی دهۆک لە کاژێر دووی دوای نیوەڕۆ کەرنەڤاڵێکی گەورە سازدەکات، هەردوو جێگرانی سەرۆکی پارتی ئامادە دەبن."
لە سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی لە چەندین بانگەشەی حیزبەکەی چاڵێنجی یەک ملیۆن دەنگی بۆ پارتی راگەیاندووە، حیزبەکە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 800 هەزار دەنگی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەدەستهێنا، زنیکەی نیوەی دەنگەکان (402هەزار) لە دهۆک بوون، جگە لەوەی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق چاوی لە دەنگی ناوچە کێشەلەسەرەکانیشە.
فەرهاد ئەترووشی لەبارەی دەنگەکانی پارتی لەدهۆک دەڵێت: "ئەوەی ئاشکرایە و کەس گومانی لێی نییە پارتی لە سنووری پارێزگای دهۆک دەنگدەری زۆری هەن، پێشتر زیاتر لە 402 هەزار دەنگمان لە دهۆک هەبووە، تەنیا لە دهۆک هێندەی هەموو یەکێتی ( لە هەرێمی کوردستان) دەنگمان هەیە.''
سەرلیستی پارتی لە دهۆک رایگەیاند، "پارتی دەیەوێت لە دهۆک نیو ملیۆن و زیاتریش بێنێت، بەڵام واقیعیانە بیر دەکەینەوە.''
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی چەند کورسی دێنن، فەرهاد ئەترووشی دەڵێ: "دەوەستێتە سەر رێژەی دەنگدان و چوونیان بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان، بەڵام ئێمە پێشبینی دەکەین خەڵکێکی زۆر دەنگمان پێبدەن."
کورسییەکانی دهۆک بەسەر سێ لایەن دابەش بوون، پارتی 8 کورسی، یەکگرتوو دوو کورسی و یەکێتیش کورسییەکی پارێزگاکەی لە خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستهێنا، کورسییەکەی دیکە کۆتای کریستیانەکانە.
فەرهاد ئەترووشی دەنگدەرانی پارێزگای دهۆک بۆ سێ ئاست دابەش دەکات و دەڵێت، "بەشێکیان دەنگدەری حیزبی و ئایدۆلۆژین ئەوانە جێگیرن، جۆرێکی دیکەی دەنگدەر زیزبون و هەوڵدەدرێت لەرێگەی رێکخستنەوەکانەوە دەنگی بەدەستبهێنرێتەوە، بەڵام جۆری سێیەمیان ئەو دەنگدەرانەن بەشداری ناکەن، ژمارەیان زۆرە نزیکەی 200 بۆ 250 هەزار کەس دەبن، بۆیە دەتوانین بڵێین، حیزبی دووەم پاش پارتی ئەو کەسانەن دەنگ نادەن، پارتی کار لەسەر بەدەستهێنانی ئەو دەنگانە دەکات.
سەرلیستی پارتی لە دهۆک لەبارەی دڕاندنی پۆستەری لایەنەکانی دیکە دەڵێت: " پۆستەر دڕاندن هەیە، زۆر فلێکسی پارتیش دڕێنراوە، لە هەموو شوێنەکانی دهۆک فلێکسی پارتی دڕێنراوە، خەڵکی نابەرپرس هەیە ئەوە دەکات، بەڵام ناتوانی بڵێی پارتییە."
دهۆک لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 779 هەزار دەنگدەری هەن، 12 کورسی بۆ دانراوە و یەکێکیان بۆ کۆتای کریستیانەکانە، 59 بەربژێری لیست و سەربەخۆ رکابەری لەسەر کورسییەکانی دهۆک دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ