ئاسایشی هەرێمی کوردستان باندێکی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر لە هەولێر دەستگیردەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر کە سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانە دەڵێت، چوار کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکردوون و دەستیان بەسەر بڕێک مادەی هۆشبەر لە جۆری (کریستاڵ و ماریوانا)دا گرتووە.
رۆژی دووشەممە، 04-12-2023، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا گوتی، دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، لەلایەن هێزەکانیانەوە باندێکی چوار کەسییان بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکردوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئاسایشی هەولێر، دوو لە تۆمەتبارەکان ئافرەت بوون و دوانەکەی دیکە پیاو بوون، سەرجەمیان هاووڵاتیی سوورین.
ئاسایشی هەولێر سوپاسی هاووڵاتییان دەکات کە "هەمیشە" هاوکار و هاوئاهەنگیان بوون لە پێدانی زانیاریی بە بەڕێوەبەرایەتییەکە.