رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵی فەخریی سریلانکا لە عێراق رایگەیاند، کە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا هەرێمی کوردستان و سریلانکا لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ سوودوەرگرتن لە تواناکانی سریلانکا لە کەرتی گەشتیاری و پیشەسازیدا واژۆ دەکەن و دەڵێت، ئێستا 1200 هاووڵاتیی سریلانکا لە هەرێمی کوردستانن.
ئەحمەد جەلال، کۆنسووڵی فەخریی سریلانکا لە عێراق، لە کاتی بەشداری لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە دڵدار هەرکی پێشکێشی کرد، رایگەیاند لە ماوەیەکی نزیکدا هەرێمی کوردستان و سریلانکا لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش واژۆ دەکەن و گوتی، "وەزارەتی کار 8 مانگە لە هەوڵدایە بۆ واژۆکردنی لێکتێگەیشتنێک لە نێوان هەرێمی کوردستان و سریلانکا بۆ سوودوەرگرین لە شارەزای سریلانکی، چاوەڕێ دەکەم تا دوو مانگی دیکە لێکتێگەیشتنەکە واژۆ بکرێت، کە تایبەت دەبێت بە ئەزموونی هوتێل و رێستورانت و کارگەکان و چەند کەرتێکی دیکە."
ئەحمەد جەلال ئاماژەی بە ژمارەی هاووڵاتیی سریلانکا و کۆمپانیاکانیان لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، بەپێی ئاماری ساڵی 2024 زیاتر لە 1200 هاووڵاتیی سریلانکا لە هەرێمی کوردستانن، کە لە کەرتی جیاوازدا کاردەکەن، هەروەها 15 کۆمپانیای سریلانکی بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان کاری بازرگانی دەکەن."
لە رۆژانی یەک و دووی ئەم مانگە لە کۆلمبۆی پایتەختی سریلانکا، بە بەشداری زیاتر لە 800 بازرگان لە 25 وڵاتی جیهان، کۆربەندی ئابووریی سریلانکا بەڕێوەچوو، کە تێیدا شاندێکی بازرگانانی هەرێمی کوردستانیش بەشداربوون.
ئەحمەد جەلال لەبارەی بەشداری 6 بازرگانی هەولێر، سلێمانی و دهۆکەوە گوتی، "چەندین کۆبوونەوەیان ئەنجامدا، بەتایبەت ژووری بازرگانی هەولێر کۆبوونەوەیان لەگەڵ ژووری بازرگانی سریلانکا هەبووە، پێش دوو هەفتەش 12 بازرگانی سریلانکا لە هەولێر بوون و بەشداری پێشانگەی بازرگانییان کردووە، پلان دانراوە تا مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو شاندێکی دیکە بازرگانانی سریلانکا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن."
ئەحمەد جەلال لەبارەی مەبەستی سەردانی شاندەکە دەڵێت: "ئێستا هەندێ کەلوپەل بەناوی سریلانکاوە دێنە نێو هەرێمی کوردستان و عێراق، کە هی ئەوان نین، بازرگانان بڕیاریانداوە، کە بۆ یەکەمجار چایەکی نوێ لە ساڵی 2026 بێننە کوردستان، براندێکی دیکەی سریلانکا کە لە 50 وڵاتی جیهاندا هەیە دەهێنرێتە کوردستان."
پەیام سەربەست نێردراوی رووداو بۆ سریلانکا لە ساڵی 2022 چەندین کاری لەسەر بەرهەمهێنانی چا لەو وڵاتە کرد، بەپێی بەدواداچوونەکانی پەیام سەربەست ساڵانە سریلانکا بە بەهای 1.3 ملیار دۆلار چا هەناردە دەکات، کە دوای رووسیا، عێراق لە پلەی دووەمی ئەو وڵاتانە دێت، کە چا لە سریلانکا دەکڕن، ئەو وڵاتە کە بە نیشتمانی چا دەناسرێت زیاتر لە 500 جۆر چا بەرهەم دەهێنێت، کە هەناردەی 100 وڵاتی جیهان لەنێویان هەرێمی کوردستان و عێراق دەکرێت.
کۆنسووڵی فەخریی سریلانکا لە عێراق باس لە قەبارەی بازرگانی سریلانکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "ئاستی بازرگانی لە نێوان عێراق و سریلانکا 150 ملیۆن دۆلار بووە لە ماوەی ساڵی 2024، تەنیا لەو ساڵەدا 34 ملیۆن و 200 کیلۆ چا هەناردەی عێراقی کردووە."
ئەحمەد جەلال هۆشداری دا، کە هەندێ کەلوپەل بەناوی سریلانکاوە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەفرۆشرێن، کە هی ئەو نین و گوتی، "هەندێ چا ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەن، کە ئەگەر بگەڕێندرێنەوە سریلانکا رێگە بە گەڕاندنەوەیان نادرێت، چونکە هی ئەوان نین، چا لە هەرێمی کوردستان هەیە بە 2 دۆلارە، کە سریلانکا رێگە نادات بەو کواڵێتییە چا هەناردە بکرێت، لە بەندەرەکانیان تاقیگە هەیە و ئەگەر لە پشکنین دەربچێت خراپە، دەسووتێنرێت."
ئەحمەد جەلال هەروەها گوتی، "8 ساڵە کۆنسووڵخانەی سریلانکا لە هەرێمی کوردستانە و ئێستا بووەتە هی هەموو عێراق، 10٪ ی ئەو چایانەی لە هەرێمی کوردستانن چای باشن، هەندێ بازرگان لە وڵاتی جیرانەوە کارگەیان داناوە و چا لەگەڵ چای سریلانکا تێکەڵ دەکەن و رەوانەی عێراق دەکەن، یاساکانی عێراقیش ناتوانن کۆنترۆڵی براندەکان بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ