رووداو – هەولێر
مۆزەخانەی ئەرشیفی و پەروەردەیی هەولێر، لە كۆندا قوتابخانەی (ئەربیل الاولی) بووە، دواتر شوێنەكە نۆژەنكرایەوەو كرا بە مۆزەخانەیەكی پەروەردەیی.
لە مۆزەخانەكەدا وێنەو كتێب و پەڕاوی ئەو مامۆستاو قوتابیانەی لە كۆندا فێركار و فێرخوازبوون ئەرشیف دەكرێن و پێشانی نەوەی داهاتوو دەدرێن، مەبەست لەو كارەش ئەوەیە لایەنی پەروەردە لە كاتی خۆیداو لە شاری هەولێر پێشانبدرێت.
قوتابخانەی ئەربیل الاولی، لە ساڵی 2010 بڕیاری بوون بە مۆزەخانەیەكی پەروەردەیی بۆ دەرچوو، لەساڵی 2013 بەكۆتا هات و بوو بە شوێنی كۆكراوەی وێنەو كەلوپەل و تەنانەت جلوبەرگی ئەو كەسانەی مامۆستاو بەڕێوبەر و قوتابی ئەو قوتابخانەیە بوون هەروەها ئەوانەی نووسەر و ناودارن.
لەم مۆزەخانەیە كتێب و كتێبخانە و پەراوە كۆن و یادگارەكانی نووسەر و مامۆستاكان گرنگییەكی تایبەتی هەیە، هەروەها بەشەكانی مۆزەخانەكە چەندین ژووری بەناوی ئەو مامۆستا و قوتابیانە كراوە كە لەم قوتابخانەیە بوون.
لە هەرێمی كوردستان بەگشتی و لە شاری هەولێر چەند مۆزەخانەی كەلەپووری و جلوبەرگ و شوێنەواری دیكە هەن، مۆزەخانەی پەروەردەی هەولێریش بووە بە مۆزەخانەیەكی دیكەی شاری هەولێر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ